عەبادی: لە داهاتویەکی نزیکدا گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم دەکرێنەوە

(سبەی):

سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتیوانی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات و وەک خۆی دەڵێت: نایەوێت هەڵەی ساڵی (2011) دوبارە بێتەوە کاتێک هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کشانەوە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (دوێچە وێلە DW)ی ئەڵمانی رایگەیاند؛ دوای کۆتایی هاتنی داعش پیویستە گەرەنتی ئەو سەرکەوتنانە بکەین ئەویش لەرێگەی راهێنانکردن بە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و هاوکاریکردنیان لەروی لۆجستی و هەواڵگرییەوە.

وتیشی: ئێمە نامانەوێت بگەڕێینەوە دواوە و ئەوەی ساڵی (2011) و سەرەتای (2012) رویدا، دوبارەی بکەینەوە، کە دوای ساڵێک و مانگێک لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، تیرۆر گەڕایەوە و داعش هاتە عێراق و کۆنترۆڵی شار و ناوچەکانی عێراقی کرد، بۆیە پشتیوانی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، عەبادی جەختی کردەوە لەوەی “ریفراندۆمەکەی هەرێم دەرەنجامی مەترسیداری بۆسەر هەرێم هەبو، رونیشیکردەوە کە نزیک بونەتەوە لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام دەبێت چاودێری دروست هەبێت تاوەکو موچەکان بگەنە دەستی فەرمانبەران نەک حیزبەکان.

سەبارەت بە پرسی فڕۆکەکانەکانیش عەبادی وتی “لە داهاتویەکی نزیکیدا فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەکرێنەوە”.

لەبارەی ئێرانیشەوە عەبادی رونیکردەوە، تاران خواستی خۆی نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە دوبارە بونیادنانەوەی عێراق و بەغداش لاری نیە لەهاوکاری هیچ وڵاتێک، بەو مەرجەی لەسەر دونیابینی خودی عێراق خۆی بێت.

 

 

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە