ژن و منداڵی داعشە روسییەکان دەگەڕێنرێتەوە وڵاتەکەیان

ژن و منداڵی چەکدارانی داعش لە کامپێکی نزیک موسڵ

(سبەی):

حکومەتی عێراق چوار ژن و (27) منداڵ رادەستی روسیا دەکاتەوە، کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەن و پێشتر لەریزەکانی داعشدا بون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەشێوەیەکی فەرمی چوار ژن و (27) منداڵایان رادەستی روسیا کردوەتەوە کە پێشتر لەناو داعشدا بون، یان هاوسەر و منداڵی چەکدارانی داعش بون.

ئاماژەی بەوەکرد؛ دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا، هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر ساغ نەبوەتەوە کە بەشدارییان کردبێت لە چالاکی چەکداریی و تیرۆریستی دژی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام دوای گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەی خۆیان، لە روسیا دادگایی دەکرێن بە تۆمەتی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی هاتونەتە خاکی عێراقەوە.

پێشتریش، حکومەتی روسیا ئاشکرای کرد؛ لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانەدان کە لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە براونەتە عێراق و سوریا، یان لەلایەن رێکخراوە جیهادییەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون و چونەتە ناوچەکانی ژێر دەستی داعشەوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە