ئەمەریکا دەیەوێت تانکەکانى لە حەشد وەربگرێتەوە

(سبەی):

مانەوەى بەشێک لەو تانک و چەکە قورسانەى ئەمەریکا لە دەستى هێزەکانى حەشدى ئەو وڵاتەى نیگەران کردوە و هەوڵ دەدات ئەو چەکانە لەو هێزانە بسەندرێتەوە و بخرێنە خزمەت هێزە نیزامییەکانى سوپاى عێراق.

سایتى (دەیلى بێست)ى ئەمەریکى لە راپۆرتێکدا ئەوەى خستوەتەڕو کە وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پنتاگۆن) فشارى خستوەتە سەر حکومەتى عێراق بۆ وەرگرتنەوەى ئەو تانکە ئەمەریکیانەى لە جۆرى (ئەبرامز ئێم وەن)ن و لە دەست چەکدارانى هەندێک لە هێزەکانى حەشدى شەعبیدان.

راپۆرتەکە ئەوەى تێدا رونکراوەتەوە؛ بەپێى ئەو رێککەوتنەى پێشتر هەردولا ئەنجامیانداوە ئەو تانک و چەکە قورسانە دەبێت لە دەست هێزەکانى سوپادابن بەڵام بەهۆى شەڕى دژى داعشەوە ژمارەیەک لەو تانکانە دراونەتە هێزەکانى حەشدى شەعبى کە شەڕى چەکدارانى ئەو رێکخراوەیان دەکرد، بەڵام تائێستا ئەو تانکانە نەگەڕێنراونەتەوە بۆ حکومەتى ناوەند و هەندێکیشیان لە روداوەکانى (16)ى ئۆکتۆبەر بەکارهێنراون.

هەر بەپێى راپۆرتەکە ئێستا (نۆ)تانکى ئەبرامزى ئەمەریکى لەدەست هێزەکانى حەشددایە، بۆیە ئەمەریکا دەیەوێت ئەوانەش بگەرێنردێنەوە بۆ سوپاى عێراق.

لاى خۆیەوە ئێریک باهۆنى وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا دەڵێت:”ئەو تانکانە لە چوارچێوەى سیاسەتى فرۆشتنى چەک کە لەلایەن وەزارەتى دەرەوە کارى لەسەر دەکرێت بە حکومەتى عێراق فرۆشراون لەماوەى دە ساڵى رابردودا، بۆیە دەبێت لەدەستى عێزەکانى حکومەتدا بن نەک هێزى دیکە”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە