ئێران: لە سوریا و عێراق روبەڕوی داعش نەبوینایەتەوە شەڕەکە دەگەیشتە وڵاتەکەمان

بەهرامى قاسمى

(سبەی):

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و سوریا روبەڕوی چەکدارانی داعش نەبوایەتەوە ئەوا ئەو چەکدارانە پەلاماری وڵاتەکەیان دەدا و شەڕ دەگەیشتە ناوخۆی ئێران.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی (میهر)ی وڵاتەکەی، رایگەیاندوە تا ئێستاش وڵاتەکی راویژی سەربازیی دەداتە عێراق و سوریا بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.

قاسمی وتویەتی؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سوریا، بە شێوەیەکی سەربازیی و هەمە لایەنە روبەڕوی ئەو چەکدارە تیرۆریستانە بوەتەوە، چونکە هەستیان بە مەترسیی ئەو گروپانە کردوە لەسەر ناوخۆیی وڵاتەکەی.

ئاشکرای کردوە؛ تاران تا ئێستاش رواێژی سەربازیی دەداتە بەرپرسانی عێراق و سوریا بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی بە تەواوەتی شکست بەو گروپە تیرۆریستییە بهێندرێت لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران.

هەروەک جەختی کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر زو هەستی بە مەترسییەکانی چەکدارانی داعش کردوە کە ویستویانە پەلاماری وڵاتەکەیان بدەن، بەڵام بە هاوکاریی سەربازی بۆ عێراق و سوریا، رێگرییان کردوە لەوەیکە شەڕ بگاتە نێوخۆی ئێران.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە