پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵە پەسەندکرا

(سبەی):

پەرلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە پەسەندکرا و پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەڵێت؛ هەمو هەوڵێکی خۆمان خستبوە گەڕ بۆ ئەوە دادپەروەری لە نێوان موچەی نزم و باڵاکاندا هەبێت و چەندین پێشنیاریان کردبو لەوبارەیەوە، بەڵام بەشێکی پێشنیارەکان دەنگی پێویستیان نەهێنا.

لە دانیشتنى رۆژى (27)ى شوباتى پەرلەمانى کوردستاندا کە تا درەنگانى شەوى خایاند، دواین ماددەکانی ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەندکرا و کۆی پرۆژەکەش بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.

لە سەرەتای دانیشتنەکانیشەوە فراکسیۆنی گۆڕان داوای کردبو کە یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق جێبەجێ بکرێت، بەڵام پێشنیارەکەی دەنگی نەهێنا و دواتر داوایان کرد کە کەمترین موچەی خانەنشینی (400) هەزار دینار بێت، بەڵام ئەو پێشنیارەش پەسەند نەکرا و دواتر بڕیاردرا کە کەمترین موچەی خانەنشینی (300) هەزار دینار بێت.

جگە لەوەش بەپێی مادەی پڕۆژەکە، حسابێکی تایبەت بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران دەکرێتەوە بۆ ئەوەی پاشکەوتی موچەکانیان تێدا هەڵبگیرێت.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند؛ وەکو فراکسیۆنی گۆڕان هەمو هەوڵێکی خۆیان خستبوە گەڕ بۆ ئەوە دادپەروەری لە نێوان موچەی نزم و باڵاکاندا هەبێت و چەندین پێشنیاریان کردبو لەوبارەیەوە، بەڵام بەشێکی پێشنیارەکان دەنگی پێویستیان نەهێنا.

وتیشی: پێشنیارمان کرد کە بە یاسا پاسەوانی پلە باڵاکان تاوەکو کەمترین ئاست رێک بخرێتەوە، بەڵام پەسەند نەکرا و ئەو دەسەڵاتە درا بە ئەنجومەنی وەزیران و هەروەها پێشنیارمان کرد کە ئەو پاسەوانانەی زیادن و موچە وەردەگرن، حکومەت وەکو کارمەندی سیکیورتی سودیان لێ وەربگیرێت بۆ کۆمپانیا ئەهلییەکان و بەوەش حکومەت (30) ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕایەوە بەڵام پێشنیارەکەیان رەتکرایەوە و وتیان ئەنجومەنی وەزیران بە رێنمایی چارەسەری دەکات.

سەبارەت بە خانەنیشنی پەرلەمانتارانیش، عەلی حەمە ساڵح وتی: وەکو فراکسیۆن جەختمان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق کرد کە بەپێی یاساکە هەر پەرلەمانتارێک (15) ساڵ خزمەتی نەبێت و تەمەنی (50) ساڵ نەبێت خانەنشین ناکرێت، بەڵام ئەو پێشنیارەی فراکسیۆنی گۆڕان دەنگی نەهێنا.

باسی لەوەشکرد، وەکو فراکسیۆنی گۆڕان دەنگیان بەو بڕگەیە نەدا کە پەرلەمانتار دوای (15) ساڵ خزمەت و تەمەنی (50) ساڵی بە (70٪)ی کۆی موچەکەی خانەنشین بکرێت و هەروەها ئەگەر خزمەتی کەمتر لە (15) ساڵ بێت و تەمەنیشی لە خوار (50) ساڵەوە بێت ئەوا بە (60٪)ی کۆی موچەکەی خانەنشین بکرێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە