دوای ئەمەریکا؛ وڵاتێکی دیکەش باڵیۆزخانەکەی بۆ قودس دەگوازێتەوە

(سبەی):

سەرۆکی گواتیمالا رایگەیاند؛ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل، لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دەگوازێتەوە و بڕیارەکەش مانگی ئایاری داهاتو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جیمی مۆرالیس، سەرۆکی گواتیمالا رایگەیاند؛ بڕیاریانداوە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە تەئلەبیبەوە بۆ قودس بگوازنەوە.

مۆرالیس سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکای کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەو هەنگاوە و وتی: ترەمپ بڕیارێکی بوێرانەی داوە و ئەوانیش لە هەمان کار بکەن و تەنها دو رۆژ دوای ئەوەی ئەمەریکا باڵیۆزخانەکەی دەباتە قودس، ئەوانیش باڵیۆزخانەکەیان دەگوازنەوە.

بڕیارەکەی ترەمپ بە ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل نیگەرانی لێکەوتەوە و (128) وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان رایانگەیاند کە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ رێکخراوەکەیان ئیلزامی نابێت.

گواتیمالا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەلایەن ئەمەریکاوە هاوکاری دەکرێت، ئەوکاتیش ترەمپ رایگەیاند؛ هەر وڵاتێک دژی بڕیارەکەی بێت هاوکارییە داراییەکانی ئەمەریکا رادەگرێت بۆ ئەو وڵاتە.

پێش ساڵی (1980) گواتیمالا و (12) وڵاتی دیکە باڵیۆزخانەکانیان لە قودس بو، بەڵام بڕیارەکەی ئیسرائیل لەبارەی ئەوەی قودس پایتەختی هەتاهەتایی ئیسرائیلە و مایەی دابەشبون نیە، نەتەوە یەکگرتوەکان لەبەرامبەردا بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەو وڵاتانە کە باڵیۆزخانەکانیان لە قودسەوە بگوازنەوە بۆ تەلئەبیب.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە