“لە (48) سەعاتدا (51%)ی خاکی کورد لەدەستدراوە”

(سبەی):
بەپێى ئەو رێککەوتنانەى کراوە و بی ئەوەى لە زۆربەى ناوچەکان تەقە بکرێت، لە (48) سەعاتدا لە (51%)ى خاکى باشورى کوردستان لەدەست دراوە، ئەوەش دواى رادەست کردنى پارێزگایەک و (16) قەزا بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.

رۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ماوەی (48)سەعاتی رابردودا پارێزگایەک و (16) قەزا و (44) ناحیە کەپێشتر پێشمەرگە و لایەنە کوردیەکان تێیدا باڵادەست بون، بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ کەوتوەتە دەست هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی، ئاشکراشى کردوە؛ ئەو روبەرەی لە لایەن حەشد و هێزەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا (42)هەزار کیلۆمەترە کە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی پاریزگای سەڵاعەدین و دیالە لەخۆی دەگرێت و (51%)ى خاکى باشورى کوردستان پێکدەهێنێت.

بە پێی ئەو زانیارییانە؛ جگە لەو روبەرە زۆری خاک هەریەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی(ئاڤانا،بای حەسەن،جەمبۆ،خەباز) دەستیان بەسەردا گیراوە کە رۆژانە (425)هەزار بەرمیل نەوتی لێبەرهەم هاتوە.

رۆژنامەکە بڵاوی کردوەتەوە؛ سەرچاوەکانی هەواڵ قاسم سلێمانی بە ئەندازیاری پاشەکشەکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە ناودەبەن و ئامانج لەو هەوڵەش گەمارۆدانی مەسعود بارزانی بوە لە هەولێر و سەری رەش.

رادەستکردنى ئەو روبەرە زۆرەى خاکى کوردستان لەکاتێکدایە کە لە سێ ساڵى رابردودا بە خوێنى (1700) پێشمەرگەى کوردستان و زیاتر لە (12) هەزار بریندار پارێزرابون.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە