سه‌باح محه‌مه‌د ئیسماعیل
ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هاتوه‌ته ئاراوه ده‌رئه‌نجامه، ده‌رئه‌نجامی عینادی سیاسی و بڕیاری بێ دراسه و تێنه‌گه‌یشتنه له هاوكێشه سیاسیه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌لایه‌ن بارزانی و یه‌كێتی یه‌كگرتو و حیزبه هاو بۆچونه‌كانی. ئه‌م دۆخه پێشبینیكراوبو، چونكه هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیه‌كان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ئاماده‌بون، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی وه‌ك دو حیزبی سیاسی په‌نجه‌یان خسته سه‌ر مه‌ترسیه‌كان، به‌شێك له نوسه‌ره‌كان ئاماژه‌یان بۆ مه‌ترسیه‌كان كرد به ئێمه مانانیشه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی عێراق هێزه سونی و شیعیه‌كان په‌یامی خۆیان به راشكاوی راگه‌یاند، له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و ئیقلیمی هه‌ریه‌ك له ئێران و توركیا و سعودیه هۆشدارییاندا، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مەریكا و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا پارتی و یه‌كێتیان ئاگادار كرده‌وه، به‌ڵام عینادی خودی بارزانی و زۆرینه‌ی یه‌كێتی و یه‌كگرتو و هه‌ندێك له حیزبه بچوك و پاشكۆكان ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی هێنایه‌كایه‌وه، به‌رپرسیاری سه‌ره‌كی له‌م دۆخه بارزانی و پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستانن.
ربفراندۆم بو به ئامراز و پاساوێك بۆ جارێكی تر گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای عێراق بۆ كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان (وه‌ك له‌ده‌ستوردا نوسراوه)، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌بوایه حكومه‌تی عێراق نه‌یده‌توانی به‌م فۆرمه هێز بهێنێته‌وه ئه‌و ناوچانه، ریفراندۆم نه‌ك ده‌ستكه‌وت نه‌بو بۆ گه‌لی ئێمه، به‌ڵكو هه‌مو ئه‌و ناوچانه‌ی كه به خوێنی پێشمه‌رگه ئازاد‌و رە‌نگڕێژكرابون، دوباره كه‌وته‌وه به‌رده‌ستی سوپای عێراق، ئه‌م ریفراندۆمه وایكرد سه‌رجه‌م هێزه‌كانی عێراق به شیعه و سوننه‌وه یه‌كبگرن و باس له یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بكه‌ن، له‌ناوخۆی هه‌رێمیشدا ئه‌وه‌نده‌ی تر حیزبه سیاسیه‌كانی لێكترازاند، له جیهانی ده‌ره‌وه‌ش ئه‌و پاڵپشتی و پشتگیری و هاوكارییه‌ی كه زلهێزه‌كان پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستانیان ده‌كرد، كۆتایی هات.
ریفراندۆم نه‌بوو به‌و په‌رژینه‌ی كه بارزانی باسی ده‌كرد بۆ پاراستنی خاك و هاوڵاتیان، به‌پێچه‌وانه‌وه بوو به په‌رژینێكی گڕدار و نیشتیمانی سوتاند و شكۆی ئه‌و هێزه‌ی شكاند كه ناوی پێشمه‌رگه‌یه و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك سیمبولی ئازایه‌تی و نه‌به‌ردی وێنا ده‌كرا.
ئه‌گه‌ر له (26) ساڵی رابردودا لێپێچینه‌وه نه‌كرابێت و سزای ئه‌و كه‌سانه نه‌درابێت كه حوكمڕانێكی گه‌نده‌ڵ و ده‌ست پاك نه‌بون، ئه‌وا ده‌بێت له‌سه‌ر خیانه‌تی (16)ی مانگ سزابدرێن. نابێت له‌مه‌ودوا ناپاكه‌كان فه‌رمانڕه‌وای ئه‌م وڵاته‌بن، نابێت ئه‌مانه له‌بری ئێمه بڕیاری شه‌ڕو ئاشتی بده‌ن، دانوستان بكه‌ن، سازش بكه‌ن، له كۆتایشدا میلله‌ت ببێته قوربانی سیاسه‌ت و هه‌نگاوه هه‌ڵه‌كانی ئه‌م چه‌ند كه‌سه.