(سبەی):
ریكس تیلەرسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا ئه‌و پیاوه‌ی كه پێش ریفراندۆم نامه‌یه‌كی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان نوسی و ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی پشتگوێ خرا، ئێستا سه‌رۆكایه‌تی هه‌وڵێكی نوێ ده‌دات بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی سعودیه و عێراق و په‌راوێزخستنی ئێران له‌ناوچه‌كه.
ریكس تیله‌رسۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا گه‌یشته ریازی پایته‌ختی سعودیه، ئەو وەزیرەی ئەمەریکا دەیەوێت كارێك بكات كه گه‌وره دیپلۆماتكارانی تری وڵاته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی رابردودا نه‌یانتوانیوه بیكه‌ن، ئه‌وه‌ش دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه له نێوان سعودیه و عێراق و داخستنی ده‌رگای جیهانی عه‌ره‌بی به‌ڕوی ئێرانی دراوسێدا.
له كاتێكدا كه ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان ده‌یه‌وێت كێشه‌ی نێوان وڵاتانی كه‌نداو له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر چاره‌سه‌ر بكات و كۆتایی به‌جه‌نگی ناوخۆیی یه‌مه‌ن و سوریا بهێنێت، تیله‌رسۆن ده‌بێت به یه‌كه‌م به‌رپرسی ئیداره‌ی تره‌مپ كه مانۆڕێكی ده‌ستپێكردوه به‌مه‌به‌ستی دورخستنه‌وه‌ی عێراق له ئێران، ئەوەش به‌لای ئیداره‌ی تره‌مپه‌وه بایه‌خێكی زۆری هه‌یه، بەڵام له‌ڕوی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه ئه‌و بایه‌خه زۆره‌ی نییه.
لێپرسراوانی ئه‌مەریكی وای ده‌بینن دروستكردنی میحوه‌رێكی نوێ له‌رێگه‌ی هاوپه‌یمانێتی نێوان به‌غدا و ریازه‌وه كارێكی جه‌وهه‌رییه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ژمونی ئێران كه رۆژ له‌دوای رۆژ له كه‌نداوه‌وه تا ده‌گاته ده‌ریای ناوه‌ڕاست فراوانتر ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له كاتێكدا كه عێراق ده‌یه‌وێت جارێكی تر ئه‌و ناوچانه ئاوه‌دانبكاته‌وه كه له‌ده‌ستی داعش رزگاریكردون و هاوكات روبه‌ڕوی كێشه بوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام مێژو و ئاین و سیاسه‌ت رێگرن له‌به‌رده‌م ئه‌م خواسته‌ی تیله‌رسۆن كه رۆژی شه‌ممه گه‌یشته ریاز و ده‌یه‌وێت سبه‌ینێ سه‌ردانی قه‌ته‌ر بكات.
هه‌وڵه‌كان بۆ دابڕینی عێراق له ئێران و به‌سته‌وه به سعودییه‌وه نوێ نین، بەڵام لێپرسراوانی واشنتۆن گه‌شبینن و ده‌ڵێن له چه‌ند مانگی رابردودا هه‌ندێك هه‌ڵوێستی دڵنیاكه‌ره‌وه‌یان بینیوه، ره‌نگه ئه‌مه هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه بێت كه تیله‌رسۆن ئه‌مڕۆ به‌شداری له كۆبونه‌وه‌ی ده‌ستپێكی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی سعودیه- عێراق ده‌كات له ریاز.
تیله‌رسۆن ده‌یه‌وێت سود له ده‌ستكراوه‌یی دارایی سعودیه و پاڵپشتی سیاسی ئه‌و وڵاته ببینێت بۆ یارمه‌تیدانی عێراق، عێراق له باكوره‌وه دراوسێ و هاوسنوره له‌گه‌ڵ سعودیه، لێپرسراوانی ئه‌مەریكی ده‌ڵێن: تیله‌رسۆن ده‌یه‌وێت سعودیه كه وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده به سامانی نه‌وت به‌شداری بكات له پرۆژه‌كانی بنیاتنانه‌وه‌ی شاره‌كانی وه‌كو موسڵ كه به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه وێران بوه هاوكات پشتیوانی له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران بكات كه به وریاییه‌وه له نێوان ژماره‌یه‌ك وڵاتی به‌هێزی دراوسێدا هه‌نگاو ده‌نێت كه هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یانه‌وێت رۆڵیان له داهاتوی عێراقدا هه‌بێت كه ده‌وڵه‌تێكه خۆی له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌ده‌ست په‌رتبونی ره‌گه‌زی و ئاینییه‌وه ده‌ناڵێنێت.
لێپرسراوانی ئه‌مەریكی ئاماده نین به‌ناوی خۆیانه‌وه باس له ورده‌كاری پلانه‌كه‌ی تیله‌رسۆن بكه‌ن سه‌باره‌ت به داهاتوی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران و سعودیه، چونكه وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مەریكاوه رێگه‌پێدراو نین له‌وباره‌یه‌وه قسه بكه‌ن.
عێراق و سعودیه كه له‌دوای هێرشی سه‌ددامه‌وه بۆ سه‌ر كوه‌یت له ساڵی (1990) په‌یوه‌ندییه‌كانیان تێكچوه، له چه‌ند مانگی رابردودا هه‌ندێك له ناكۆكییه‌كانیان وه‌لانا، به‌ڵام هێشتا گومان باڵی به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا كێشاوه.
سعودیه دوای چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك، ساڵی (2015) جارێكی تر باڵیۆزخانه‌ی خۆی له به‌غدا كرده‌وه، ئه‌مساڵیش رێڕه‌وه سنورییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق كرده‌وه كه ماوه‌یه‌كی دورودرێژ بو داخرابون، به‌ڵام ئاماده‌یی ئێران له عێراقدا وه‌كو دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی سعودیه هێشتا بابه‌تێكه كه جێگای نیگه‌رانی ریاز و واشنتۆنه.
ریكس تیله‌رسۆن ئه‌و پیاوه‌ی كه پرۆژه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌مەریكای بۆ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی نوێی ناوچه‌كه هه‌ڵگرتوه، هه‌مان ئه‌و پیاوه‌یه كه به‌ر له به‌ڕێوه‌چونی ریفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كرد، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی پشتگوێخرا.