شەڕڤانێكی بیانی چیرۆكی شەڕڤانیى دەگێڕێتەوە

(سبەى):

مایكڵ ئینرایت، شەڕڤانێکى بیانییە، ئەو لە گۆڕەپانی “ئەلنەعیمە”وە لە شاری رەققەی پایتەختی پێشوى خەلافەتەكەی داعش، ئەو گۆڕەپانەی رۆژانێك ببوە جێى ترس و تۆقاندنى سورییەکان و تەواوى خەڵکى ناوچەکە چیرۆکى چۆنیەتى بونى بەشەڕڤان و سەرکەوتنەکان دەگێڕێتەوە.

لە نێو ریزەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ژمارەیەكی زۆر شەڕڤانی بیانی هەن كە لە ئەوروپا ‌و ئەمەریكاوە و وڵاتانی تری جیهانەوە پەیوەندییان بە كردوە و شان بەشان شەڕڤانە كورد ‌و عەرەبەكان لە دژی داعش دەجەنگن.

مایكڵ ئینرایت، خەڵكی مانچستەرى بەریتانیایە، دوای چوار مانگ لە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە، ئێستا لە رەققەى ئازادە کە تێیدا كۆتایی بەخەلافەتەكەی داعش هێنراوە.

مایكڵ بە مۆبایلێكەوە لە نزیك ئەو گۆڕەپانەوە وەستاوە ‌و پەیامی هەیە بۆ  خەڵكی شارەكەی، شاری مانچستەر كە مانگی ئایاری ئەمساڵ ‌و لە ئەنجامی هێرشی خۆكوژێكی داعشدا (22)كەس كوژران ‌و (112) كەسیش برینداربون.

هێرشەكە لەنزیك هۆڵێكی كۆنسێرت ‌و لەكاتی بەڕێوەچونی ئاهەنگێكی گۆرانیبێژی پۆپ ئاریا گراند رویدا.

وەكو تەحەدایەكیش بۆ بەرپرسیارانی هێرشەكە، شەڕڤانە بیانییەكە لە رێگەی مۆبایلەكەوە گۆرانی بانگ بانگی ئاریانا گرانا لە گۆڕەپانی رەققە لێدەدات.

ئەو دەلێت:”خەڵكی مانچستەرم لە ئینگلتەرا، هاتوم بۆ گۆڕەپانی نەعیم لە ناوەندی شاری رەقە کە پیشتر تێیدا گەورەترین مەراسیمەكانی داعش بەڕێوەدەچون، هەر لێرەدا نمایشێكی سەربازیی بەتانكەوە ئەنجامدرا”.

دەشڵێت: “ئێمە گۆڕەپانەكەمان ئازادكردوە و تەواوی رەققەمان كۆنترۆڵكردوەتەوە. لەم گۆڕەپانە داعش خەڵكی دەكوشت ‌و سەری دەبڕین ‌و كەللەسەراكانی بەتەلبەندەكەوە هەڵدەواسین، لێرەدا تۆمارگایەكی گۆرانی هەبو. داعش دوكانەكەی سوتاند ‌و كەلوپەلەكانی تاڵان كرد، نەیاندەهێشت كەس گۆرانی بڵێت”.

باس لەوەش دەکات لەبەرئەوەی داعش هێرشی كردە سەر شارەكەى (مانچستەر) ‌و ئاهەنگەكەی ئاریانا گراند، بۆیە ئیستا ئەمیش بەپێویستى دەزانێت ئاریانا یەكەم كەس بێت لێرە گۆرانی بڵێت.

مایكڵ رایدەگەیەنێت؛ لێرە لەمەولا گۆرانی دەوترێتەوە ‌و شارەكە ئازادكراوە و داعشی تێدا نەماوە.

مایكڵ كە لە مانگی سێی ساڵی (2015)ەوە پەیوەندی بە ریزەكانی هەسەدەوە كردوە، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ شەڕڤانان دروستكردوە. باس لەكێشەی منداڵان دەكات ‌و زۆر نیگەرانە لەوەی لە سەردەمی داعشدا منداڵان ناچاركراون سەیری ڤیدیۆكانی سەربڕین بكەن كەلەلایەن داعشەوە بڵاوكراونەتەوە.

لە بەشێكی قسەكانیدا  شەڕڤانا بیانییەكە ستایشی یەپەگە دەكات ‌و بەڵێن دەدات لە رۆژئاواى کوردستان بمێنێتەوە‌ و كۆمەڵگایەكی مەدەنیان لەگەڵدا دروست بكات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە