كەی دەستلەكار دەكێشنەوە؟

ئازاد چالاك

هێشتا هەر كۆدەبنەوەو قسەدەكەن، پەیام بڵاوئەكەنەوە، روداو شیئەكەنەوەو باس لە قارەمانیەتی پ.م و شەهیدان دەكەن، ئاوارەكان دەدوێنن و باسی وەحشیەتی دوژمن و گەلەكۆمەكێی دنیا دەكەن لە دژی كورد، باس لە نابەرابەری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هێزی پ.م كوردستان دەكەن، باس لە عێراقی بونی خۆیان و هەولێرو چونە بەغداو گفتوگۆ دەكەن بەپێی دەستور.

 

ئێستا باسی هەموشتێك دەكەن، تەنها باسی شكستی خۆیان و حكومەت و ئیدارەو سیاسەتكردنیان ناكەن، باسی چەواشەكاری راگەیاندنەكانیان و شیكەرەوەو موستەشارە بلیمەت و دانسقەكانیان ناكەن و دان بەهەڵە كوشندەكانیان ناهێنن كە بەدرێژایی حوكمڕانیان بەسەر كوردستان و خەڵكەكەیان هێناوە.

 

نامەوێ لێرە تەنها باسی مەسعود بارزانی بكەم، چونكە پێموانیە لە حاڵێكدا بێت، كەس ئیرەیی پێببات، وەك بەرپرسی یەكەمی  هەمو ئەو نەهامەتیانەی كە توشی ئەم هەرێمە خێر لە خۆ نەدیوەی كردوە، بەڵكو دەمەوێ روی رەخنەكانم ئاراستەی هەمو ئەو حیزب و لایەنە بەناو سیاسیانەی كوردستان و كادرو لایەنگرانیان بكەم و لێیان بپرسم بزانم جگە لە كلكایەتی و رەدوكەوتن چی تریان بەدەستهێناوە و چ هەڵوێستێكی بوێرانەیان هەبوە؟

 

ئایا ئەوانیش بەشێكی گەورەی ئەم تاوان و نەهامەتیانە نین كە بەسەر كوردا هاتوە؟ ئەی ئێوە خاوەن دیدو پرۆژەی چاكسازی و بەرەی خەڵكی زوڵملێكراو و هەژار نەبون؟ بۆچی یەك لە دوای یەك چونەوە ژێر باڵی قومارچیە دۆڕاوەكان؟

 

گەر بارزانی و حیزبەكەی وەك داكۆكیكەرو سنگ دەرپەڕێنەری ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی كورد خۆی نمایشكردبێت، ئەی ئەوانیتر كە دەیانزانی بەم هەنگاوە هەرزەیە توشی نەهامەتی و شكست دەبین بۆ رازیبون كە ئەنجام بدرێت و بێ باكانە ملی خۆیان و گەلەكەیان خستە بەر چەقۆی بەغدا، كە بۆ یەكەم جارە هەمو دنیا بە جیاوازی رەگەزو بیرو بۆچون و رەنگیانەوە بەجیاوازی كێشەو بەرژەوەندیەكانیانەوە چ بەهەڕەشەو چ بە ئامۆژگاری، بەئاشكراو بەنهێنی پێیان وتین ئەو كارە دوابخەن، چونكە هەمو دەسكەوتەكان لە دەست ئەدەن، كەچی هەركردتان و پەنجەی نە هامەتی و ماڵوێرانیتان لەدژی بەرژەوەندیەكانی گەلی كورد بێ باكانە بەرز كردەوە!

 

ئەگەر (25)ی  مانگی رابوردو هەندێك پێیانوابو بێت كە چون بۆ دەنگدان و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی سەرفرازی بۆ كورد دێنێ، دەبێت ئێستا چی بڵێن و بۆچی دان بەهەڵەكانیاندا نانێن و بۆ هەتا ئەمڕۆ كۆدەبنەوەو رێی چەواشەكاری هاوڵاتیان بەرنادەن؟ بەشێك لەبەرپرسانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتو چونە پاڵ ئەم سەركێشیە گەورەیە، ئەوانیش گوێیان ئاخنی لەئاست هەمو ئەو ناڕەزایەتی و پێشبینیانەی كە دژی ریفراندۆم لەلایەن نوسەرو رۆژنامەنوس و رۆشنبیری كوردەوە دەخرانە ڕو.

 

ئەمڕۆ ئەو بەشە بەرپرسەی یەكێتی لە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی و ئەندام پەرلەمان، چۆن ئارەقی شەرمەزاری ناڕێژن و چۆن وەك كەسانی تر كات بەڕێ ئەكەن؟ بۆ لەخۆیان ناپرسن بەرامبەر بەچی و لەپێناوی چی درێژە بەم هەڵوێستە ناجوامێرانەیان دەدەن؟ دەپرسین ئەمینداری یەكگرتو ئەندامانی م.س و سەركردایەتی ئەو حیزبە بۆچی پشتیان كردە كادرو جەماوەرەكەیان؟ كوان ئەو بەهانەو ئەو رێگریە ئاینی و نەتەوایەتی و ویژدانیەی كە وای لێكردن دەست بۆ كارێكی مەترسیداری وەك ریفراندۆمە شكستخواردوەكە بەرن و بەگوێی كەس لەخۆتان زیاتر نەكەن؟ بۆچی هەمو جارێك شەرعیەت ئەدەنەوە بەدەسەڵاتێكی شكستخواردوی تاقیكراو؟                     لە چ ئایەتو حەدیسێكی پێغەمبەر ئیلهام و عیبرەتتان وەرگرت؟ لەكوێدا ئاین پێمان دەڵێ دەستی زاڵم و گەندەڵ و تاوانبار بگرەو دەستی هەژارو لێقەوماوان بەردە؟ ئایا ئەمجارەشیان هەر (انْصُرْ أَخَاكَ ڤَالِمًا أَوْ مَڤْلُومًا)یە؟ تاوانی ئەمینداری یەكگرتو پێ بزانێ یا نەزانێ شتێكی وای كەمتر نیە لە تاوانی هەردو بەڕێز مەسعود بارزانی و حەمەی حاجی مەحمود و حیزبە بچوكەكانی ترو خوداو گەلو مێژو بەدڵنیاییەوە لێتان خۆشنابن.

 

هەرچی گۆڕان و كۆمەڵیشە لەگەڵ ئەوەی هەتا دوا ساتەكان لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبون، بەڵام دەبێت ئەوانیش باجی بەشێكی ئەو نەهامەتیانە بگرنە ئەستۆی خۆیان، چونكە وەك دولایەنی سیاسی خاوەن هزرو هەڵوێست دەبا زۆر بوێرانە دژ بوەستانایەو بەرەی رەتكردنەوەیان هەڵبژاردایە، نەك بچونایە و بەشداری ئەو گەمە سیاسیە ناشیرینەیان بكردایە، ناكرێ دو لایەنی سیاسی دیاری خاوەن هەڵوێست بەقەدەر خاوەن كۆمپانیایەك بوێری و ئازایەتیان تیانەبێت و بانەشیش بسوتێ و نەكەباب هەڵبژێرن!

ئێستا كاتیەتی پێش هەر لایەنێكی تر بەشێك لە بڕیار بەدەستانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، دەست لە بەرپرسیاریەتی بكێشنەوەو ڕێگە بۆ هاوڕێكانیان چۆڵبكەن و ئەو نەریتە جوانە بسەپێنن و لەخۆیانەوە دەستپێبكەن.

 

فەرمون سەركردەكانی كورد ئاكامی ئەم شكستە گەورەیە بخەنە ئەستۆی خۆتان و شێرو رێویمان بۆ مەهێننەوەو باجی كارو كردەوە كارەساتبارەكەتان بدەن و بەویستی خۆتان شانۆی سیاسەت بەجێ بهێڵن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە