ریفراندۆم.. شکست، پەراوێزخستن، گۆشەگیریی

(سبەی):

تا رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن مەسعود بارزانی و هاوئاوازەکانیانەوە، بە دەیان باڵیۆز و وەزیر و سەرۆکی وڵات و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان لەگەڵ هەرێمدا لەسەر خەت بون، دواترینیان پێشنیازەکەی وەزیری ئەمەریکا بو بۆ هەرێم، بەڵام پشتگوێخستنی بۆچون و پێشنیاری وڵاتانی دۆست لەلایەن بارزانی و هاوئاوازەکانیانەوە، هەرێمی کوردستانی خستە تەنگەژە  و پەراوێزخستنێکەوە کە رۆژ لە دوای رۆژ پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی دەکات و بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستور گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکاتەوە.

پێش (25)ی ئەیلول چی رویدا؟

رۆژی (7)ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بارزانی بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە حیزب و لایەنەکان، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریاندا رۆژی (25)ی ئەیلول وەکو رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بکرێت.

هەر لە سەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەشدارییان لەو لیژنە حیزبییەدا نەکرد کە دەستنیشان کرابو بۆ سەرپەرشتیکردنی ریفراندۆم و جەختیان لەوە دەکردەوە کە دەبێت دامەزراوە شەرعییەکان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، نەک حیزب و لایەنە سیاسییەکان.

دواتر ئەو ئەنجومەنە بڕیاریدا کە شاندێک بۆ گفتوگۆکردن دەرباری ئەنجامدانی ریفراندۆم رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێ و بەغدا بکات، بەڵام هەر لە دەستپێکی سەردانەکەیاندا بە سەرۆکایەتی بارزانی لە رۆژی (10)ی مانگی تەمموزدا سەردانی برۆکسلی کرد، بەڵام وەفدەکە بە شکستێکی گەورەوە گەڕانەوە و نەیانتوانی هیچ پشتیوانییەک بە دەست بهێنن.

بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە لە کۆبونەوە و بەیاننامەکانیدا جەختی دەکردەوە لەسەر ئەوەی، راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامانجی هەمو خەڵکی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە و ریفراندۆم ئامرازێکە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ. بەڵام ریفراندۆمی (25)ی ئەیلول لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌و هەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و کۆمەڵایەتی دراوە و پێویستە ئەو پرسە بۆ کات‌و هەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.

هەروەها شکستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان یەکێکی دیکەبو لەو هۆکارانەی ئێستا هەرێمی کوردستانی پەراوێز خستوە، چونکە رۆژانە چەندین وەفدی باڵای وڵاتانی دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد و جەختیان دەکردەوە لەوەی کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم گونجاو نیە.

تەنانەت چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێ نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە نوێنەرایەتی (70) وڵاتی جیهان دەکات، لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەڵمانیا و ئەمەریکا، سەردانی مەسعود بارزانیان کرد و پێشنیازی بەدیلێکیان کرد بۆ دواخستنی ریفراندۆم کە تێیدا بەشێکی زۆر لە خواست و داواکارییەکانی کوردی تێدابو، بەڵام بارزانی ئەو بەدیلەی رەتکردەوە و سوربو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەرجەم هۆشداری و هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێ و جیهانی پشتگوێ خست.

تەنانەت بەهۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە، سەرکردایەتی سیاسی کورد زۆرێک لە دۆستەکانی دوێنێی هەرێمیان کرد بە دوژمن و بە شێوازی جیاجیا هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان دەکرد.

مانگێک لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە

رۆژێک دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەپێچەوانەی وتەکانی کاتی بانگەشە، کە جەختیان لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکردەوە، بەرپرسانی باڵای هەرێم داوای گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا دەکرد و باسیان لەوە دەکرد، ریفراندۆمەکە بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع و دیاریکردنی سنور و سەربەخۆیی نەبوە.

لەکاردانەوەی ریفراندۆمەکەشدا بەغدا و ئێران و تورکیا دەستیان کرد بە گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەرێگەی داخستنی سنوری وشکانی و ئاسمانی بەڕوی هەرێمی کوردستاندا.

لەدوای ریفراندۆم هەرێمی کوردستان لەڕوی نێودەوڵەتییەوە پەراوێزخرا، بەجۆرێک پێش ریفراندۆم کەم کات هەبو بەرپرسێکی باڵای وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا کە سەردانی بەغدای دەکرد، دواتر سەردانی هەولێری نەکردایە، بەڵام لەدوای ریفراندۆمەوە هەرێم توشی جۆرێک لە گۆشەگیری کرا.

لە کۆبونەوەیەکی “مێژوییدا” نیوەی خاکی هەرێم لەدەستدرا

رۆژی (15)ی ئۆکتۆبەر، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوینە هەواری دوکان کۆبونەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای کۆبونەوەکە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی” کۆبونەوەیەکی مێژوییمان کرد”، بەڵام (48) سەعات بەسەر ئەو کۆبونەوە “مێژوییە”دا تێنەپەڕی، کاتێک سوپای عێراق بە مەبەستی گرتنەوەی بەشێک لە شوێنەکانی خۆی کە پێش هاتنی داعش بەدەستییەوە بو، هێرشی کردە سەر کەرکوک و دوزخورماتو، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد و تەواوی کەرکوک و دوزخورماتو و چەندین ناوچەی دیکە چۆڵکران و بە هەزاران کەسیش ئاوارەبون.

پاشان لە ناوچەکانی دیکەی مەخمور و شەنگال و رەبیعەش هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد و بەو جۆرە نیوەی خاکی هەرێمی کوردستان لەدەستدرا و هەرێم گەڕایەوە بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ ساڵی (2003) كه‌ به‌ هێڵی سه‌وز ناسراوه‌، بەبێ ئەوەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان هیچ هەڵوێستێکیان هەبێت، جگە لە پشتیوانی کردن لە عێراق بۆ جێگیرکردن و سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی خۆی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.

بارزانی بایکۆت کراوە

هاوکات لە چەند رۆژی رابردودا، ریکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەسەردانێکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوەوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانکرابو، پێچەوانەی جارەکانی پێشو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی نەکرد، کە پێدەچێت یەکەم بەرپرسی باڵا نەبێت کە بۆ لەمەودوا سەردانی بەغدا بکات و دواتر راستەوخۆ بگەڕێتەوە و ئامادە نەبێت بێتە هەولێر.

بەپێ زۆربەی سەرچاوەکانی هەواڵ، لەدوای بەڕێوەچونی ریفراندۆمەوە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا و ئەمەریکا و تاران و بەغدا بایکۆتی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراویش مەسعود بارزانیان کردوە، تەنانەت رۆژی سێشەممە رۆژنامەی شەرقولئەوستی چاپی لەندەن بڵاوی کردەوە، کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق ، دەستپێشخەرییەکی پاشای ئوردنی رەتکردوەتەوە، ئامادەنەبوە چاوی بە مەسعود بارزانی بکەوێت، لەکاتێکدا عەبادی لەدوای ریفراندۆمەوە سەردانی سعودیە و میسر و ئوردن و تورکیای کردوە و بەمنزیکانە دەچێتە تارانیش.

توندکردنەوەی فشارەکانی سەر هەرێم وایکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان درەنگانێکی شەوی چوارشەممە بەیاننامەیەک دەربکات و تێیدا سڕکردنی ئەنجامدانی ریفراندۆم رابگەیەنێت و هەروەها دوای دەستکردنەوە بەگفتوگۆ دەکات لەگەڵ بەغدا.

کارتی بەهێزی ریفرامدۆم سوتێنرا

بەرای چاودێرانی سیاسی، کارتی ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردی، بەبێ ئەوەی هیچ زەمینەسازییەکی ناوخۆیی دەرەکی و ئابوری و ئەمنی بۆ بکرێت، بۆ دەیان ساڵی دیکە پرسی دەوڵەتی کوردستانی بردەوە دواوە، هەربۆیە بەپێویستی دەزانن ئەو سەرکردایەتییە سیاسییەی کە بارزانی سەرکردایەتی دەکردن و ئەوانی دیکەش پشتیوانیان دەکرد، دەستبەجێ دەستلەکاربکێشنەوە.

تەنانەت بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەسەر سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆمی هەرێم روی دەمی کردە بەرپرسانی کوردستان و وتی: مادام دەگەیشتنە ئەو ئەنجامە، بۆچی سوربون لەسەرکردنی ئەو هەڵەیە؟.

ئامادەکردنی: لاوک ئەمجەد

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە