(سبەی):
حکومەتی کۆریای باکور، بەشێوەیەکی بەرفراوان دەست بە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی قەوزە دەکات بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی ئەو سزایانەی کە بەهۆی تاقیکردنەوە موشەکییەکانیەوە بەسەریدا سەپێنراوە.
کۆریای باکور، ئەو وڵاتە شیوعییە دابڕاوەی کە بەهۆی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی و سەرکێشییەکانی “دیکتاتۆرە گەنجەکە”ی سەرۆکی ئەو وڵاتەوە، روبەڕوی سزای نێودەوڵەتی بوەتەوە، هەوڵەکانی دەست پێکردوە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی قەوزە وەک جێگرەوەی نەوت و سەرچاوەیەکی سەرەکی خۆراکی رۆژانەی هاوڵاتیانی.
رۆژنامەی تەلیگرافی بەریتانی بڵاوی کردەوە؛ لەماوەی چەند مانگی رابردودا کۆریای باکور سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە بۆ پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمی قەوزە و چەندین کێڵگە و دامەزراوەی گەورەی بۆ بەرهەمهێنانی قەوزە کردوەتەوە، کە گرنگییەکی زۆر و خواستی زۆری لەسەرە لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئاسیاوە.
رۆژنامەکە؛ پپشت بەستن بەچەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان کە چەندین کێڵگە و حەوزی گەورەی بەرهەمهێنانی قەوزە نیشاندەدات و چەندین یەکەی توێژینەوە و پەرەپێدانی گەورەی بۆ تەرخانکراوە، زانیارییەکانی پشتڕاستکردوەتەوە.
زیادکردنی بەرهەمی قەوزە، یارمەتی پیۆنگ یانگ دەدات بۆ زیادکردن و هەمەجۆرکردنی خۆراک بۆ وڵاتەکەی و پشت بەست بەبەرهەمی ناوخۆیی، کە پێشتر بڕێکی زۆر قەوزەی لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرد.
بەهۆی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی موشەک دورهاویژەکانییەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گەمارۆی زیاتر و سزای زیاتری بەسەر کۆریای باکوردا سەپاندوە، یەکێک لە سزاکانیش کەمکردنەوەی هەناردەکردنی خۆراک و پێداویستییە لە چین و وڵاتانی دەرەوەیە بۆ ئەو وڵاتە، کە قەوزەش یەکێک لە کاڵاکان.
کۆریای باکور، گرنگییەکی زیاتر لە نەوت بە قەوزە دەدات، نەک وەک سەرچاوەی سوتەمەنی، بەڵکو بۆ دابینکردنی خۆراکی پێویست و بەرەنگاربونەوەی ئەو برسێتییەی کە بەهۆی گەمارۆکان و سەرکەشییە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتەوە دوچاری ملیۆنان هاوڵاتی ئەو وڵاتە بوەتەوە.