ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی راوە و قائیم دەستی پێکرد

راوە و قائیم، دوا مۆڵگەی داعش لە عێراق

(سبەی):

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی ناوچەکانی راوە و قائیمی لەسەر سنوری سوریا راگەیاند.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە ئێستا بەسەردانێک لە تارانە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی ناوچەکانی راوە و قائیمی لە رۆژئاوای ئەنبار و سەر سنوری سوریا وەک دوا مۆڵگەکانی داعش لە عێراق راگەیاند.

عەبادی رایگەیاند: راوە و قائیم و گوندەکانی دەوروبەری لە رۆژئاوای ئەنبار وەک دوا مۆڵگەی داعش کۆنترۆڵ دەکەنەوە و چەکدارانی ئەو گروپە جگە لە مردن یان خۆڕادەست کردن هیچ رێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نەماوە.

هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکەدا، شەوی رابردو فڕۆکەکانی عێراق دەیان بڵاوکراوەیان لەو ناوچانە بڵاوکردوەتەوە، وەک هۆشداریی بۆ هاوڵاتیانی راوە و قائیم و هاوکات دوا ئاگادارکردنەوەی بۆ چەکدارانی داعش کە دو رێگەیان لەبەردەمدا ماوە، یان خۆبەدەستەوەدان یان مردن.

هەر لەوبارەیەوە، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، فەرماندەی یەکە تایبەتەکان رایگەیاند: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ئەنبار و جزیرە و حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری و پۆلیسی ئەنبار، بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی کۆنترۆڵ کردنەوەی ناوچەکانی (راوە، عوبێدی، کەرابیلە، قائیم، کارگەی فۆسفات و چیمەنتۆ، ناوچەی T1) و سەرجەم گوندەکانی دەوروبەری و کۆنترۆڵ کردنەوەی سنوری نێودەوڵەتی سوریا و عێراق لە رۆژئاوای ئەنبار.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە