چارەنوس

د. تیشکۆ رەئوف

دوای روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر هەرێمی کوردستانی عێراق و چارەنوسی بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دەڕوات، گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند بۆ هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی دورو نەخوازراوە لەلایەنی هاوڵاتی و تاکی کوردەوە بەهەرپاساوێک بێت. بەڵام وازهێنانی ئەم دەسەڵات و حوکمڕانانە بوەتە خواستێکی جەماوەری.

 

رادەی ستەمی دەسەڵاتدارانی کورد هەمو پێودانگێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی تێپەڕاندبو. فەرمانبەری حکومی ناچار کرابو ببێت بە فەرمانبەری حیزبی و بنەماڵەیی، حکومڕانیان لە دەوڵەتداریەوە بچوککردەوە بۆ حیزبایەتی و بنەماڵەیی، خەڵکانێکی کەم دەوڵەمەند کرابون و بەردەوام بون لە دەوڵەمەندکردنی ژمارەیەکی تر لە واریسی ئەو کەسانەی سامانی وڵاتیان بە تاڵان بردبو، بێ گوێدانە هیچ پرەنسیپێکی ئەخلاقی.

 

بازرگان خۆیان دروستیان دەکرد، کاری بازرگانی قۆرخکراوی کۆمەڵێکی دیاریکراوی ناو حیزبە باڵادەستەکان بو، کەس بۆی نەبو قازانجێك بکات ئەگەر بێتو کۆمپانیا حیزبیەکان و لەناوحیزبیشدا سەرکردەیەک نەکاتە هاوبەشی خۆی.

 

لەڕوی کۆمەڵایەتیشەوە جیاوازیەکی زۆریان دەکرد لە نێوان تاکی کوردی سەر بەخۆیان و بێلایەن و نەیاریاندا. زۆر لایان ئاسایی بو کە هەمو مرۆڤێکی ئەم سەر زەمینە موڵکی ئەوانە تەنانەت تایبەتمەندیەکانی تاک. بۆیە تاکی کورد (لەسۆنگەی بێویژدانی دەسەڵاتدارانەوە) پێی خۆشبو دەسەڵاتی کوردی لاوازبێت و چیتر ئەوەندە رۆنەچێتە ناوژیانی ئاسایی تاکی کوردەوە .ئەم هەستی لاوازکردنەی دەسەڵاتداران لە کەمبونەوەی ئینتیمای نیشتیمانیەوە نیە، بەڵکو لە رادەدەرچونی دەسەڵاتە لە بنەماکانی کوردایەتی و مرۆڤایەتی.

 

موچەی کرد بەچارەکە موچە، لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانیەکاندا قبوڵکرا، کەچی بەردەوام بو لە نەدانی ئەو چارەکەش بە بیانوی نەبونی پارەو گوایە قەرزاری کۆمپانیا نەوتیەکانن، کاتێک ئەمەیان کرد هەمو کوردیان خستە ژێر قەرزەوەو ئیتر هاونیشتیمانیان دڵنیابون کە ژیان و داهاتویان لە دەستێکی ئەمیندا نیە، بۆیە کۆچ دەستیپێکردەوەوەو سەدان هاوڵاتی بونە قوربانی، بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانە هەر بەردەوامبون لە کارە نامۆڕالیەکانیان.

 

ئێستا کە هێزی عێراق هاتوە دەستیگرتۆتەوە بەسەر بیرە نەوتەکاندا بۆمان رونبۆتەوە کە ئەمانە چیان داهات هەبوە و راستیان نەوتوە و ناشیڵێن تا هێزێکی دەرەکی ناچاریان نەکات. هیوادارم دەسەڵاتداران بتوانن لە خواستە شەخسی و بنەماڵەییەکان دورکەونەوەو ناوخۆی هەرێم ئاسایی بکەنەوە، دەنا بە دڵنییایەوە شاڵاوی خەڵک جیاوازی ناکات لە نێوانی هەبونی ئینتیمای نیشتمانی و نەبونیدا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە