گۆڕان داوای چی دەکات‌و پارتی‌و یەکێتی چی دەکەن

د. شۆڕش حاجی

د. شۆڕش حاجی

پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان زیاتر لە بیستو شەش ساڵە حوکمڕانی ئەم هەرێمە دەکەن. پارتی پێش حەفتاو یەک ساڵ‌و یەکێتی چل‌و دو ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە. لەو ماوە دورودرێژەدا سەردەمێک بە تەنیاو ماوەیەک لە دژی یەکترو لەم دواییەش بەیەکەوە، تا ئەندازەیەکی زۆر، کۆنترۆڵی کایەی سیاسییان لە کوردستانی عیراق کردوە. بزوتنەوەی گۆڕان هەشت ساڵە وەک جوڵانەوەیەکی مەدەنی‌و سیاسی دروستبوە. گۆڕان لە یەکەم ساتی راگەیاندنیەوە هەوڵی داوە چەند چمکێکی نوێ بێنێتە ناو کایەی سیاسی لە کوردستان‌و دیدێکی نوێ‌و جیاوازی بۆ سیستمی حوکمڕانی‌و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات‌‌و ململانێی سیاسی‌و ستراتیژی نەتەوەیی‌و ماف‌و ئەرکی هاوڵاتیان تەرح کردوە. ئەو تێڕوانینانەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەیە بۆ هاوڵاتیان‌و گەیشتنە بە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان. گۆڕان پێی وابوە گەر خۆیشی حاکم‌و بڕیاربەدەست نەبێ، دەکرێ ئەو بەرنامانە لەپێناوی بەرژەوەندی دۆزی گەلەکەمان جێبەجێ بکرێن. بەڵام پارتی‌و یەکێتی ئەو بەرنامانەیان نادیدە گرتوەو لەسەر سیاسەت‌و شێوازی حوکمڕانی خۆیان بەردەوام بون. سەرەنجام گەلەکەمان‌و ئەزمونەکەمانیان توشی کارەساتێکی گەورە کرد.

 

ئەمڕۆ گەلی کورد لە کوردستانی عیراق، لە ئەنجامی سیاسەتی چەوتی چەند ساڵەی پارتی‌و یەکێتی، توشی شکستێکی گەورە بوەو بەشێکی زۆری دەسکەوتەکانمان لەدەستداوەو ئەگەری لەدەستدانی ئەوانی تریش زۆرە. بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم زنجیرە نوسینە بخەینە بەردەستان کە تێیدا هەوڵ دەدەین بەراوردێک لە نێوان هەندێ لەو شتانەی کە ئێمە بۆ بابەتی ئابوری‌و بژێوی خەڵک‌، هێزی پێشمەرگە، مامەڵە کردن لەگەڵ ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، پەروەردەو خوێندنی باڵا، ئازادی‌و مافی مرۆڤ، ماف‌و رۆڵی خانمان‌و پەیوەندییەکانی دەرەوە داوامان کردوەو داوای دەکەین‌و ئەو شتانەی ئەوان لەماوەی دەسەڵاتدارێتیاندا کردویانە، بکەین.

 

ئەڵقەی یەکەم

ژێرخانی ئابوری‌و بژێوی خەڵك

سەرەتا دەبێ بوترێ کە تەنیا لە چواردە ساڵی رابردو ئەو بڕە پارەی کە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان هاتوە لەگەڵ داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم‌و داهاتەکانی ناوخۆ زیاتر لە سەدو پەنجا ملیار دۆلار بوە.

 

* ئێمە داوای دروستکردنی ژێرخانێکی ئابوری پتەو دەکەین بە سودوەرگرتن لە سامان‌و سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەک نەوت‌، غاز، سەرچاوەکانی ئاو، خاکی بەپیت‌و بەرەکەت‌، چەمەنتۆ، بەرد، گەچ‌و کانزای تر.

* ئێمە داوای دروستکردنی رێگاوبانی مۆدێرن‌و هێڵی شەمەندەفەر دەکەین بۆ بەستنەوەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان. ئەمانەش نەک تەنها دەبنە سەرمایەکی گەورە بۆ کوردستان، بەڵکو دەبنە مایەی رەخساندنی هەلی کار بۆ هەزاران گەنج‌و پیشەوەرو دەرچوی زانکۆو پەیمانگاکان.

* ئێمە داوای ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان دەکەین لە رێگەی دروستکردنی شارۆچکەی هاوچەرخ‌و کۆکردنەوەی گوندە بچوک‌و لەیەکدابڕاوەکانی کوردستان‌و ئەنجامدانی پرۆژەی ئاودێری‌و کشتوکاڵی گەورەو دروستکردنی بەنداو. ئەمەش نەک تەنها دەبێتە مایەی مسۆگەرکردنی ئەمنی خۆراک‌و هاندانی هاونیشتمانیان کە ببنە کەسی بەرهەمهێن، بەڵکو دەبێتە مایەی کەمکردنی قورسایی‌ لەسەر شارەکان‌و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی‌ خوێندن‌و تەندروستی‌و ئاوو کارەبا لە شارەکان‌و کەمکردنەوەی ژمارەی موچەخۆر.

* ئێمە داوای کۆتاییهێنان بە قۆرخکردنی بازاڕ لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکان‌ دەکەین‌و داوای بایەخدان بە کەرتی تایبەت‌و پیشەسازی بچوک دەکەین. ئەمەش نەک تەنها دەستەبەرکردنی مافێکی ئاسایی هەمو هاوڵاتیانە بۆ کارکردن‌و بەستنەوەی خەڵک بە نیشتمانەوە، بەڵکو دەبێتە مایەی دروستبونی پێشبرکێ لە بازاڕو بەرزبونەوەی کواڵیتی کەلوپەل‌و دابەزینی نرخەکانیان.

 

لەبەرامبەر ئەو داواکاریانەی ئێمەدا:

* ئەوان نەک ژێرخانێکی ئابوری پتەویان دروستنەکردوە، بەڵکو بونەتە مایەی بەتاڵانچونی سامانی کوردستان لە رێگەی ئەو گرێبەستە نادیارانەی کە بۆ بەرژەوەندی کەسی‌و حیزبی خۆیان کردویانە. هەروەها جگە لە نەوت‌و غاز بایەخیان بە سامانە سروشتییەکانی تر نەداوە. کێشەی باکارنەبردن‌و خوێواوی بونی دەشتە بەپیتوبەرەکەتەکانی کوردستان‌و نزمبونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەویان فەرامۆش کردوە.

* ئەوان نەک هێڵی شەمەندەفەرو مۆتۆربانیان لە نێوان شارەکان دروستنەکردوە، بەڵکو خراپی رێگاوبانەکان بۆتە مایەی مردن‌و برینداربونی هەزاران هاوڵاتی.

* ئەوان نەک ئەمنی خۆراکیان دابین نەکردوەو پرۆژەی نیشتمانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان جێبەجێنەکردوە، بەڵکو کارێکی وایان کردوە زۆربەی خۆراک‌و پێداویستی رۆژانەی هاوڵاتیان هاوردە دەکرێ. زۆربەی هەرە زۆری دەستی کاری خەڵکی گوندەکانیان ناچار کردوە ببنە موچەخۆری بێ بەرهەم بۆ ئەوەی کەسایەتییان تێکبشکێنن‌و گوێڕایەڵی دەسەڵاتداران بن. بەمەش ژمارەی موچەخۆریان بەجۆرێک زیاد کردوە کە بواری دابینکردنی ئەو پارە زۆرە بۆ موچەخۆران ئەستەم بێت‌. ئەو کێشەیە بۆتە مایەی نەمانی ئاشتەوایی خێزانی‌و سەرهەڵدانی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی. باجی هەمو ئەو کارە چەوتانەی ئەوان هاونیشتمانیانی کوردستان دەیدەن.

* ئەوان ئاوو کارەباو تەلارو ڤێللایان بۆ خۆیان‌و خوێندنی تایبەت‌ بۆ منداڵەکانیان‌و خزمەتگوزاری تەندروستی لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا بۆ خۆیان‌و خێزانەکانیان‌‌ مسۆگەر کردوەو هاوڵاتیانیش هەمو چرکەیەک بەدەست نەبون‌ یان کەمیی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن.

* ئەوان پرۆژە باشەکان‌و کارە پڕ داهاتەکان‌و وەکالەتە گەورەکانی ناو بازاڕیان بۆ خۆیان‌و کەسوکارو دارودەستەکانیان قۆرخکردوەو بواری پێشبڕکێ‌و قازانجیان بۆ زۆربەی هاوڵاتیانی کاسبکار نەهێشتۆتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە ئابوری کوردستانیان توشی داڕمانێکی گەورە کردوەو رۆژ لە دوای رۆژ خۆیان دەوڵەمەندترو خەڵکی کوردستانیان هەژارتر کردوە.

 

 

تێبینی: هەمو رۆژانێکی شەممە ئەڵقەیەکی نوێ لەم زنجیرە وتارە بڵاودەکرێتەوە

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە