وردەکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە سعودییەکە

(سبەی):

رۆژنامەی (عوکاز)ی سعودی زانیاری لەبارەی روداوی تێکشکانی فڕۆکە سعودییە بڵاودەکاتەوە، کە ژمارەیەک بەرپرس حکومی و ئەمیری ئەو وڵاتەی تێدابوە و دەڵێت: ئەو بەرپرسانە ژمارەیەک پڕۆژەیان بەسەرکردوەتەوە و دواتر توشی ئەو روداوە بون.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، کاپتنی فڕۆکەکە ناوی نەقیب نایف وەسڵ رەبیعی-یە و لەدایکبوی پارێزگای تائیفە، لە جەنگی سعودییە و حوسییەکان لە ساڵی (2009)دا بەشداری کردوە و هەروەها مانگێک پێش ئێستا لە خولێکی فڕۆکەوانی لە ئەمەریکا گەڕاوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لەو روداوەدا، ئەمیر بن مەنسور بن مەقرەن، جێگری ئەمیری ناوچەی عەسیر و سەلمان گەریش، بریکاری ئیمارەتی عەسیر، وە ساڵح بن عەبدوڵا قازی، ئەمینداری ناوچەکە و فەهد ئەترەش، بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵ لە عەسیر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە بونەتە قوربانی.

رۆژنامەکە رونیکردوەتەوە، ئەو بەرپرسانە لە دوری (60) کیلۆمەتر لە ناوچەی عەسیرەوە لە گەشتێکدا بون بۆ بەسەرکردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیاندا فڕۆکەکەیان دەکەوێتە خوارەوە و سەرجەمیان گیان لەدەست دەدەن، بەڵام تائێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دیار نیە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە