(سبەی):
ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی گه‌وره‌ترین و به هه‌ژمونترین پیاوی شیعه‌كان له عێراق ته‌مه‌نی چوه‌ته‌سه‌ر و قسه‌وباس له‌باره‌ی بارودۆخی ته‌ندروستییه‌وه ده‌كرێت، پرسی شوێنگره‌وه‌ی سیستانی به بێده‌نگی له‌ناو حه‌وزەی عیلمی نه‌جه‌ف و قوم گه‌رموگوڕه، لایه‌نه سیاسییه‌كانیش هێنده‌ی سود وه‌رگرتنیان له هه‌ژمونی مه‌رجه‌عیه‌ت به‌ته‌نگ شوێنگره‌وه‌ی سیستانییه‌وه، پێشبینی ده‌كرێت به‌كۆچكردنی سیستانی ماڵی شیعه‌كان له عێراق دوچاری په‌رتبون ببێت، ئێران نایه‌وێت له‌م بارودۆخه‌دا ته‌ماشاكه‌ر بێت.
ئایه‌توڵا مه‌حمود هاشمی شاهرودی، پیاوێك كه ده‌یه‌وێت له ئێرانه‌وه رابه‌رایه‌تی شیعه‌كانی عێراق بكات و شوێنی ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی بگرێته‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، سه‌ره‌تای مانگی ئەیلولی رابردو ئایه‌توڵا مه‌حمود شاهرودی سه‌ردانی شاری نه‌جه‌فی كردوه و چه‌ند رۆژێك له نوسینگه‌كه‌ی له نزیك مه‌زاری ئیمام عه‌لی دیداری له‌گه‌ڵ لێپرسراوان و پیاوانی ئاینی و خوێندكارانی خوێندنگه ئاینییه‌كانی عێراق كردوه.
شاهرودی ته‌مه‌نی (69) ساڵه، وه‌ك لێپرسراوانی عێراقی ده‌ڵێن؛ ده‌یه‌وێت پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی ئایه‌توڵا سیستانی كه ئێستا ته‌مه‌نی (87) ساڵه‌و ده‌نگۆكان له‌باره‌ی ته‌ندروستییه‌وه رۆژ له دوای رۆژ زیاتر ده‌بن.
ئه‌و لایه‌نه بۆچونی خۆی ده‌سه‌پێنێت له هه‌ڵبژاردنی گه‌وره‌ترین پیاوی مه‌زهه‌بی شیعه‌دا له عێراق، ئه‌وه ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی داهاتو ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرێت، ئه‌مه وایكردوه لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كانی عێراق بكه‌ونه ململانێی یه‌كتر، ئێرانیش نایه‌وێت له‌م یارییه‌دا ته‌ماشاكه‌ر بێت.
شیعه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دابه‌شبون به‌سه‌ر دو قوتابخانه‌ی فیكریدا، قوتابخانه‌ی نه‌جه‌ف و قوتابخانه‌ی قوم، خاڵی سه‌ره‌كی ناكۆكییه‌كانی ئه‌م دو قوتابخانه‌یه خۆی ده‌بینێته‌وه له پرسی (ویلایه‌تی فه‌قیهـ)دا.
ویلایه‌تی فه‌قیه چییه؟
مه‌به‌ست له ولایه‌تی فه‌قیه حاكمیه‌تی خودایه به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا، كه‌سێك نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م حاكمیه‌ته ده‌كات پێی ده‌وترێت فه‌قیهـ، ئیمامی فه‌قیهـ به‌و كه‌سه ده‌وترێت كه كاروباری ئیمام مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراو به‌ڕێوه‌ده‌بات تا ئه‌و كاته‌ی ده‌رده‌كه‌وێته‌وه.
له‌ڕوی ده‌سته‌واژه‌وه:
* وشه‌ی ویلایه‌ت به واتای ده‌سه‌ڵاتدارێتی و سه‌ركردایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنی كاروبار دێت.
* فه‌قیهـ كه‌سێكه كه له زانسته ئیسلامییه‌كاندا پله‌ی (ئیجتیهاد)ی هه‌بێت و توانای هه‌ڵێنجانی حوكمی شه‌رعی هه‌بێت له ده‌قه‌كاندا.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌سی فه‌قیهـ ده‌بێت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌بێت:
* دادپه‌روه‌ر و زۆر خواپه‌رست بێت
* بوێر بێت و ملكه‌چ نه‌كات بۆ وه‌هم
* شاره‌زایی له سیاسه‌ت و یاسادا هه‌بێت
* توانای به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری خه‌ڵكی هه‌بێت
* له‌لایه‌ن زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌وه قبوڵكراو بێت
* ئاگاداری بارودۆخی خه‌ڵك و به‌ته‌نگ غه‌مه‌كانیانه‌وه بێت
شیعه‌كان هه‌مویان كۆده‌نگن له‌سه‌ر راست و دروستی ویلایه‌تی فه‌قیهـ، به‌ڵام له ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و حاكمیه‌ته و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری موسوڵماناندا جیاوازییان هه‌یه.
به‌شێكی زاناكانی سه‌ربه قوتابخانه‌ی نه‌جه‌ف پێیانوایه فه‌قیهـ نابێت ده‌ست له ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی ژیانی سیاسی وه‌ربدات و ده‌بێت ته‌نیا له بابه‌ته چاره‌نوسسازه‌كاندا قسه‌ی هه‌بێت، ئه‌مانه تا راده‌یه‌كیش بڕوایان به جیاكردنه‌وه‌ی دین و ده‌وڵه‌ت و بانگخوازی ئاینی و كاری سیاسی هه‌یه له یه‌كتر و نزیكن له ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نییه‌وه.
به‌ڵام زاناكانی سه‌ر به خوێندنگای قوم له‌گه‌ڵ به‌دینییكردنی ته‌واوی جومگه‌كانی ژیانن به كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوریین.
شاهرودی ئه‌و پیاوه‌ی كه ده‌یه‌وێت شوێنی سیستانی بگرێته‌وه، له نه‌جه‌ف كه‌سێكی نه‌ناسراو نییه، ئه‌و له‌و شاره له دایك و باوكێكی ئێرانی له‌دایكبوه، حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردو كه‌وتوه‌ته زیندانی به‌عسییه‌كان و به‌هۆی چالاكییه سیاسییه‌كانییه‌وه روبه‌ڕوی ئه‌شكه‌نجه‌دان بوه‌ته‌وه، دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له (1979) روی له ئێران كردوه‌و ماوه‌ی (10) ساڵ سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بوه و ئێستا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رژێمه له ئێران.
ته‌نیا به‌م پۆستانه‌ی كه له حوكمڕانی ئێستای ئێران‌دا هه‌یه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت شاهرودی باوه‌ڕی به ویلایه‌تی فه‌یهـ هه‌یه به‌وشێوه‌یه‌ی كه ئێستا له ئێران هه‌یه، به‌ڵام سیستانی خۆی له شێوازه ئێرانییه‌كه‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهـ ده‌پارێزێت كه ده‌چێته ناو ورده‌كارییه‌كانی ژیانه‌وه.
له عێراق جگه له ئایه‌توڵا سیستانی كه مه‌رجه‌عی باڵایه، شیعه‌كان ژماره‌یه‌ك مه‌رجه‌عیه‌تی تریان هه‌یه كه ده‌كرێت ئه‌وانیش شه‌ڕ له‌سه‌ر شوێنگرتنه‌وه‌ی سیستانی بكه‌ن كه ئه‌مانه‌ن:
* محه‌مه‌د سه‌عید حه‌كیم
* به‌شیر حسێن نه‌جه‌فی
* محه‌مه‌د ئیسحاق فه‌یاز
* شه‌مسه‌دین واعیزی
* عه‌لائه‌دین غوره‌یفی
* محمود حه‌سه‌ن سه‌رخی
* قاسم تائی
* ساڵح تائی
* محه‌مه‌د یه‌عقوبی
سه‌رباری مه‌رجه‌عیه‌ته‌كان، سیاسه‌تمه‌دارانی شیعه‌ش هه‌ریه‌كه‌یان خۆی به شوێنكه‌وته‌ی مه‌رجه‌عێك ده‌زانێت، بۆیه مردنی سیستانی ره‌نگه به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و یه‌كڕیزییه تێكبدات كه له‌دوای روخانی رژێمی پێشوی عێراقه‌وه له‌نێوان لایه‌نه شیعه‌كانی عێراقدا دروستبوه.