دواین ئاماری قوربانیانی زەمینلەرزەکەی ئێران و عێراق

(سبەی):

ژمارەی قوربانییەکانی زەمینلەرزەکەی ئێران بەرزدەبێتەوە و بەپێی دواین ئامار زیاتر لە (215) کەس گیانیان لەدەستداوە و دو هەزار و (504) کەسی دیکەش برینداربون.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، زەمینلەرزەکە زۆربەی پارێزگا کوردنشینەکانی گرتوەتەوە و زۆرینەی قوربانییەکانیش لە شاری قەسری شیرین و سەرپلزەهازو، سەلاسی باوەجانی بوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، تادێت ژمارەی قوربانییەکان رو لە زیادبون دەکەن بە جۆرێک تائێستا (215) کەس گیانیان لەدەستداوە و دو هەزار و (504) کەسی دیکەش برینداربون.

جگە لەوەش زیانێکی زۆری ماددی بەر بینا و باڵەخانەکان کەوتوە و سێ رۆژ ماتەمینی گشتیش لە کرماشان راگەیاندراوە.

هاوکات رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکەی عێراق و ئێران دەربڕی و ئامادەیی خۆیشی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری دەربری.

لە هەرێمی کوردستانیش زەمینلەرزەکە لە زۆربەی ناوچەکان هەستی پێکراوە و بەهۆیەوە حەوت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و بە دەیانی دیکەش برینداربون، جگە لەوەش بەهۆی بومەلەرزەکەوە، ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی پشوی فەرمی راگەیاندرا.

هاوکات وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم رایگەیاند؛ بەهۆی زەمینلەرزەکەوە بەشێک لە بەنداوی دەربەندیخان زیانی بەرکەوتوە و تیمیان رەوانەی بەنداوەکە کردوە.

بەپێی بەیاننامەی ناوەندی جیۆلۆجی ئەمەریکا، سەنتەری بومەلەرزەکە لە نێوان هەردو پارێزگای کرماشان و هەڵەبجەدا بوە و گوڕەکەشی لە نێوان (7) بۆ (7.6) پلەدا بوە بە پێوەری رێختەر.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە