(سبه‌ی):
كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ رۆژی پێنجشه‌ممه دواخرا و په‌رله‌مانتاره كورده‌كانیش له دانیشتنه‌كه چونه‌ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نیساب ته‌واو نه‌بێت، ئه‌مه‌ش هاوكات بو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه یه‌كێك له به‌رنامه‌كانی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سزادانی په‌رله‌مانتارانی كورد بو.
ئه‌مین به‌كر جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیای گۆڕان رایگه‌یاند، له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا چه‌ند پڕۆژه‌یاسایه‌ك خرابونه به‌رنامه‌ی كاره‌وه، له‌گه‌ڵ بابه‌تی ئه‌و (14) په‌رله‌مانتاره كورده‌كه‌ش كه هه‌وڵ هه‌یه بۆ سزادانیان به‌هۆی به‌شداریكردنیان له ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێم، به‌ڵام زۆرینه‌ی فراكسیۆنه كوردییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی نیساب ته‌واو نه‌بێت، له دانیشتنه‌كه چونه ده‌ره‌وه و به‌هۆی ئاماده‌نه‌بونی چه‌ندین په‌رله‌مانتاری دیكه، كۆبونه‌وه‌كه دواخرا بۆ رۆژی پێنج شه‌ممه.
له‌باره‌ی سزادانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه‌ش به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه، ئه‌مین به‌كر رایگه‌یاند، تائێستا ئه‌و بابه‌ته به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه، چونكه هیچ ده‌قێكی یاسایی نیه بۆ سزادانی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه.