(سبه‌ی):
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت حكومه‌تی فیدراڵی بۆ ناردنی موچه و بودجه‌ی هه‌رێم مه‌رجی هه‌یه كه بریتیه له راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌كانی كوردستان به به‌غدا.
تا زیاتر كاتی ناردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی (2018) له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نزیكببێته‌وه، بۆچون و لێكدانه‌وه‌ی نوێ بۆ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ئابوری و پلانی دارایی ئاشكرا ده‌بن، پێده‌چێت له درێژه‌كێشانی خولێكی تری ململانێكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا جارێكی تر فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێم و گه‌شه‌ی ئابوری كوردستان ببێته‌وه قوربانی.
مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به‌غدا مه‌رجی هه‌یه بۆ ناردنی موچه و بودجه‌ی هه‌رێم و ده‌ڵێت، ده‌بێت ته‌واوی داهاتی نه‌وت و ناوخۆ راده‌ستی به‌غداد بكرێت، ئه‌گه‌رنا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان نانێرن.
خه‌ڵكی كوردستان سێ ساڵه باجی پرۆژه‌یه‌كی شكستخواردوی هه‌رێم ده‌دات كه ناونرابو ئابوریی سه‌ربه‌خۆ، كه‌چی عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئه‌ندامێكی دیكه‌ی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، هه‌رێم ئێستا باسی ئابوریی سه‌ربه‌خۆ ناكات و ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا و كێشه داراییه‌كانی له‌وێ چاره‌سه‌ر بكات.
عه‌بدولقادر محه‌مه‌د وتیشی، ده‌ستكاریكردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی عێراق، له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌بێت و ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ی ئێستاش له پشكی هه‌رێم سیاسیه.
هاوكات چاودێرانی سیاسی پێیان وایه ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت له رابردودا شكستی به گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هێنا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌رژوه‌ندیی چه‌ند كه‌سێك و درێژه‌دان به بردنی قوتی خه‌ڵك و گه‌نده‌ڵی و به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر سیاسه‌تی برسیكردن و فرۆشتنی نه‌وت به ناشه‌فافی، هه‌ر ئه‌م كابینه‌یه دوای ساڵانێك بانگه‌شه بۆ ئابوریی سه‌ربه‌خۆ، ئێستا ده‌یه‌وێت له به‌رامبه‌ر پشكی هه‌رێمدا ته‌واوی داهاته‌كان راده‌ست بكاته‌وه بۆیه ناكرێت جارێكی تر ئابوری و قوت و بژێوی خه‌ڵك و ئاینده‌ی دارایی كوردستان بخرێته‌وه به‌رده‌ستی ئه‌م حكومه‌ته.