ناوەند باج و گومرگ لەسەر بەرهەمەكانی هەرێم سێ‌ هێندە زیاد دەكات

(سبەى):

فشارە ئابورییەكانی حكومەتی عێراق لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دژی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا باج و گومرگی لەسەر بەرهەمی ناوخۆی هەرێم بۆ سێ هێندە زیادكردوە و لە خاڵی گومرگی سەفرە لە حەمرین رۆژانە ئاستەنگ بۆ بەرهەمی كارگەكانی هەرێم دروست دەكات، ژوری بازرگانی سلێمانیش رایدەگەیەنێت بەغدا وەك بەرهەمی توركی و ئێرانی مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی ناوخۆی هەرێم دەكات.

لە خاڵی گومرگی سەفرە كە دەكەوێتە سەر رێگای (عوزێم – بەغدا) و نزیك حەمرین و دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم حكومەتی عێراق چەندین ئاستەنگ و كێشەی بۆ ئەو بەرهەمانە دروستكردوە كە لە كارگەكانی هەرێم بەرهەم دەهێنرێن و رەوانەی شارەكانی باشورو ناوەڕاستی عێراق دەكرێن، بەجۆرێك باج و رسومات و گومرگ چەند هێندە زیادیان كردوە و بۆ ماوەیەكی زۆر بارهەڵگرەكانی هەرێم لەسەرەدا دەهێڵرێنەوە.

بەختیار مەحمود ئەندامی كارگێڕی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات چەند هەفتەیەكە هەوڵەكانیان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و عێراق و یەكێتی ژورە بازرگانیەكانی عێراق چڕكروەتەوە، بەڵام بۆیان دەركەوتوە ئەو فشارانە سیاسین و ئامانج لێی هەڵتەكاندنی ئابوری هەرێمە.

بە وتەی شارەزایانی بواری پیشەسازیش لە دوای ریفراندۆمەوە حكومەتی عێراق وەك بەرهەمی ئێرانی و توركی مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی كارگەكانی هەرێم دەكات، وەزارەتی پیشەسازی عێراقیش نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم كردوە و داوایكردوە سەرجەم كارگە و پرۆژە پیشەسازیەكان جارێكی تر لە بەغدا مۆڵەتی كاركردن وەربگرنەوە، ئەگەرنا رێگە نادرێت بەرهەمەكانیان لە عێراقدا ساغبكرێتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە