ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان

دلێر حەسەن

لە باشترین حاڵەتدا بۆ ئێمەى کورد بۆ ناوچە جێناکۆکەکان پێناسەى پۆست داعش بکەین دەبێت بڵێین بریتییە لە لەدەستدانى نیوەى خاکى کوردستان،  بەشێکى زۆرى هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ نەزانى لە پیادەکردنى سیاسەت لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستانەوە  لەناوچە جێناکۆکەکان، سیاسەت بە مانا ئەخلاقی و ئیسانیەکەى نە لە کوردستان نە لە ناوچە جێناکۆکەکان لەژێر پرسیارگەلێکى قورسدایە، لەو روانگەیەى سیاسەت بریتیە لە هونەرى بەڕێوەبردنى هەمو جومگەکانى ژیانی ئابورى و کۆمەڵایەتى و دیبلوماسیەت نەک بچوککردنەوەى سیاسەت بۆ بەرژەوەندى کەسەکان و بنەماڵەکان و هەوڵدانى زیاترى پاوانخوازى ئابورى و دەسەڵاتدارێتی.

بۆیە پۆست داعش واتا گەڕانەوەى کوردە بۆ چوارچێوەیەک کە ئەقڵیەتى سەرکردایەتى حیزبە حوکمڕانەکانی کورد تێدا بتوانێ ئەو بارودۆخە هەرس بکات، ئەو ژینگەیەى بۆ کورد لەپێش داعش و لەکاتی هاتنی داعش هاتبوە ئاراوە بتوانێ هەژمونى سیاسى و ئیدارى و…هتد خۆی لەو ناوچانانەى چەندین ساڵە بە دەست تەعریب و تەرحیل دەیناڵاند چەسپاو و جێگر بکات بەمەرجێ لەسەر بنەماى پێکەوە ژیان و ئاشتى و دەستبەرکردنى مافی هەموان بێ جیاوازى لە نەتەوەو ئاینگەرایی…هتد، بە پێچەوانەوە سەرکردەى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کورد کەوتنە تاڵان کردن و بردنى سەروەت سامان لەسەر حسابی هەمو نەتەوەکانى ئەو ناوچانە بە کوردیشەوە.

سەڕەرای ئەوەش پێشێل کردنى مافی هەمو نەتەوەو ئاینزاکانى ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتیش پاوانى ئیدارى و ئەمنى بۆ مەرامی بازرگانى خۆیان وێنەى کوردیان بە گشتى  کردبوە حاڵەتێک و چوارچێوەیەکى بێزراو لەبۆچونى وڵاتانى رۆژئاواو نەتەوەکانى ترى کەرکوک کە ئاواتەخوازى گەڕانەوەى دوژمنەکانى پێشویان بون، تورکمانى سونە ئاواتە خوازى دەسەڵاتى عەرەبێک بو، عەرەبی سوننی ئاواتەخوازى شیعەیەک بو بۆ دەرباز کردنى.

بەڵێ دەرماگیری لە ناوچەکە بەتایبەتى لە کۆمەڵگاى کوردی و عێراقیدا  بەگشتى بۆتە خاسیەتێکی ناشرین لەناخی هەمو تاکێکدا، بەواتەیەکی تر بۆتە بەشێکى زیندوی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتى و دینى و ئاینزایی عێراق، ئەوەش پەیوەندی بەو مێژوە خوێناویەى سەدان ساڵى رابردوەوە هەیە کە خەڵکى ئەم ناوچانە بەردەوام روبەڕوی شەڕو ئاژاوەو ئاوارەبون بونەتەوە ئەمەش وایکردوە مرۆڤ لەم وڵاتەدا زیاتر شەڕانگێز بن.

لەبەرئەوە هەمو ئەوانەى لەسەرەوە باسکران گەر تێکهەڵکێش بکرێن، سیاسیەکانى کورد مەبەستم سەرکردەى حیزبە باڵا دەستەکانە بەرژەوەندییە سیاسى و بازگانیەکانیان لەلایەک و خاسیەتى دەمارگیری بنەماڵەیی و خاسیەتى پاوانخوازى ئابورى و سیاسی لەلایەکى ترەوە، ئەو چانسە دەگمەن و بێ وێنەیی بۆ کورد هەڵکەوتبو لە ناوچە جێناکۆکەکان بەرەو مەترسى لەناوچون و داڕوخان کردەوە، رەنگبێ بۆ قۆناغی دواى ئەمە ئەگەر بە دور لە دەرمارگیر بەگشتى و دەمارگیر بنەماڵەیی رەفتار و گوفتار نەکەین لەوانەیە دەرئەنجام کورد بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى حەفتا و هەشتاکانى سەدەى رابردو، کە دو دەیەى پڕ لە کارەسات و ماڵوێرانی بون بۆ شۆڕش و میللەتى کورد.

قۆناغی ئێستا دواى داعش دەبێت کورد ژیرانەتر سیاسەت و دیبلۆماسیەتى خۆى بەگەڕبخاتەوە، بەدوربێت لە بۆچونى حیزبی باڵا دەستەکان کە تەنیا بەرژەوەندى خۆیانی تیا بەرچاو گیراوە، دیبلۆماسیەتێک نەک تەنیا بنەماڵەیەک بۆ قازانجی خۆیان بەکاری بهێنن، لەناوخۆشدا پێویستە کارى لە پێشینە یەکخستنى گوتارو رەفتارى کورد بێت لەپرۆسەى سیاسى عێراق، بەتایبەتى بە کارکردن لەگەڵ دەستورى عێراق کە چەندان مادەو بڕگەی مەترسیدار لەناوەخنى ئەو دەستوردا خۆى حەشارداوە. نمونەیەکى هەرە بچوک مادەى 140 ئەوەندە بە کەم و کورتى و بەشێوەیەکى لاستێکى داڕێژراوە تا ئێستاش حکومەتى عێراق خۆى لە جێبەجێکردنى دەدزێتەوە. لەلایەکى ترەوە پێویستە پەرلەمانى کوردستان کارا و خاوەن بڕیار و ئیرادەى خۆى بێت بۆ هەر بڕیارێکى چارەنوسساز نەک وەکو پرۆسەى ریفراندۆم تەنیا بۆ رەوایەتی دان بۆ ناعەقڵانیەتی سەکردەی حیزبه دەسەڵاتدارو هاوئاوازەکانیان بو، ئەگەرنا زەمەنى کورد لەپرۆسەى سیاسی عێراقدا بەسەر دەچێت، دەگەڕێینەوە بۆ دەستپێک. بەشێوەیەک مرۆڤی کورد لەعێراقدا کەمترین ماڤ و داخوازیەکانی جێبەجێدەکرێ و ناچاری ئاوارەبون و کۆچ کردن دەبێتەوە لەناوچە جێناکۆکەکانەوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا کە مەترسی ئەوەی لێدەکرێ بۆهەمیشە کورد لەوناوچانە ببنە کەمینەو ئەو ناوچانە لەدەست بدەین.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە