ڤیان فه‌ره‌ج
پرسی حوكمڕانی و حوكمڕانی باش دون له‌و پرسانه‌ی دونیای دیمۆكراتی و په‌ره‌پێده‌رانی گه‌شه‌ی سیاسی به‌خۆوه خه‌ریك كردوه‌و ده‌یانه‌وێ له رێگای شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م دو تێرمه‌وه ره‌گوڕیشه‌ی بیری به‌رامبه‌ر واتا حوكمڕانی خراپ لێكبده‌نه‌وه كه به‌م دواییه له‌دونیادا له‌هه‌ڵكشانه‌و بۆته هۆكاری راوه‌ستان یان خاوكردنه‌وه‌ی گه‌شه‌ی دیموكراسی به‌تایبه‌ت له وڵاتانی شه‌پۆلی سێیه‌می دیموكراسی و جیهانی سێ‌دا.
حوكمڕانی (Governance) چیه؟
تێرمی حوكمڕانی كۆنه‌و مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆلانی كه‌م دروستبونی كۆمه‌ڵگه‌ی ژیاری لای مرۆڤ و زیاتر له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ژیاری سیاسی‌دا ئه‌میش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه‌و سه‌ره‌تا وه‌ك حوكمكردن (Governing) و پاشان له سه‌ده‌ی نۆزده‌م و به‌دواوه چه‌مكی حوكمڕانی (Covernance) له هه‌ندێ وڵاتی وه‌ك فینله‌نده‌و به‌ریتانیا هاته ناو ئه‌ده‌بیاتی زانستی سیاسی و دواتر له نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه وه‌ك چه‌مكێكی ئه‌ڵته‌رناتیڤ جێگه‌ی حوكمكردنی گرتۆته‌وه‌و له‌گه‌ڵیشیدا ئه‌ده‌بیاتی حوكمڕانێتی (Governability) بوه به‌شێك له زانستی به‌راوردكاری حكومه‌ت (Government) و سیسته‌مه سیاسیه‌كان.
به‌گشتی هه‌ردو چه‌مكی حوكمڕانی و حوكمكردن ده‌كرێ وه‌ك هونه‌ر و ئه‌نجامدانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات سه‌یربكرێن، به‌و واتایه‌ی هه‌ردوكیان ته‌واوكه‌ری یه‌كن و بریتین له پرۆسه‌ی به‌رێوه‌بردن و جێبه‌جێكردنی یاسا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حوكمڕانی نوێترهو ره‌هه‌نده‌كانی فراوانتره، چونكه بریتیه له پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار‌و به‌ركاركردنی ئه‌و بڕیارانه یان وه‌ستاندنی بهركارێتی بڕیارێك كه پێشتر دروستكراوه. له پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاریشدا بێگومان دو جۆر كاره‌كته‌ر به‌شدارن، كاره‌كته‌ره فه‌رمیه‌كان و نافه‌رمیه‌كان. كاره‌كته‌ره فه‌رمیه‌كان هه‌مو دامه‌زراوه سه‌ره‌كی و گشتیه‌كانی سیسته‌می سیاسی ده‌گه‌یه‌نێ كه له ناو پێكهاته‌ی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌دا بڕیاره‌كان دروستده‌كه‌ن، له كاتێكدا كاره‌كته‌ره نافه‌رمیه‌كان ئه‌و یه‌كه سه‌ره‌كیانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و ناوه‌ندی سیاسی، ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی ده‌گرێته‌وه كه له پشتی ناوه‌نده فه‌رمیه‌كانه‌وه جێ ده‌گرن له دروستكردنی بڕیاره‌كاندا.
له‌راستیدا له (١٩٨٩)دا بانكی جیهانی باشترین پێناسه‌ی ئه‌م چه‌مكه پڕ واتایه‌ی كردوه‌و ده‌یناسێنێ به‌و بهركارخستنانهی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كه كاروباره نیشتمانیه‌كان رێكده‌خه‌ن و یاسا‌و وه‌زیفه‌ی دامه‌زراوه‌كان بهركاردهخرێن تا كاروباره‌كانی وڵات به‌باشی ببرێن به‌ڕێوه، به‌جۆرێ پارێزگاری له مافه‌كانی مرۆڤ، دیمۆكراسی، نیزام و رێكخستنی كۆمه‌ڵگه، ئاسایشی هاوڵاتی وئابوری به‌وشێوه‌یه‌ی سه‌رچاوه‌كانی وڵات كاریگه‌رانه بخاته خزمه‌تی گشتیه‌وه.
به واتایه‌كی تر حوكمڕانی بریتیه له ئاستێكی باڵای رێكخستنی كارلێكه‌كانی نێوان ئاكته‌ره نیشتمانیه سۆسیۆسیاسیهكان. هه‌ربۆیه ئه‌م پرۆسه باڵایه به ئاسانی رونادا، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌لومه‌رجه‌كان گونجاو بن و خه‌ڵك و هاوڵاتی هاوكار بن بۆ دروستكردن و گه‌شه‌پێدانی بڕیاری هاوبه‌ش. بنه‌ماكانی رێكخستن ده‌بێ گه‌شه‌یان پێ بدرێ و هاوكاری نێوان لایه‌نه‌كان گه‌یشتبێته ئاستی پێویست به‌جۆرێ هیچ شتێ نه‌توانێ ببێته رێگر له‌به‌رده‌م چاودێریكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌دا.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كاتێ خوێندكارانی زانستی سیاسی و كارگێڕی گشتی جه‌خت له حوكمڕانی ده‌كه‌نه‌وه له جیاتی حوكمكردن (واتا چالاكیه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕیه‌كان، یان راستر دامه‌زراوه فه‌رمیه‌كان، ئامانجدارانه رێنمای كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ن و ئاراسته‌و كۆنتڕۆڵی ده‌كه‌ن به‌ره‌و به‌رێوه‌بردنێكی ته‌ندروستانه‌ی وڵات) به‌گشتی مه‌به‌ستیان له‌و ئاگای و هه‌وڵی گۆڕانكاریه دورمهوداییانهیه كه له‌وڵاتانی دیمۆكراتی‌دا به‌رده‌وام له گه‌شه‌دان به‌جۆرێك تۆڕێكی به‌رێوه‌بردن دروستده‌كه‌ن كه تیایدا وه‌زیفه‌و ده‌سه‌ڵات وه‌ك تۆڕێكی جاڵجاڵۆكه‌ی لێدێو له جێگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هیراركی یان هه‌ره‌می له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بێ، ده‌سه‌ڵاتی ئاسۆی دروست ده‌بێ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئامانجی هاوبه‌ش ده‌بێته به‌شێكی گرنگی حوكمڕانی، چونكه له خواره‌وه یه‌كه‌كانی سیسته‌م و رژێمی سیاسی به‌شدارن له دروستكردنی بڕیاردا.
له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌بینی له‌و وڵاتانه‌ی دیموكراسی هه‌یه، هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان به‌وه‌زیفه‌ی خۆی هه‌ڵده‌ستێ، چونكه حوكمڕان له یه‌كه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێ و له‌وانیشه‌وه ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێ ئامانجه گشتیه‌كان (Collective Objectives) ده‌كرێنه خاڵی كاربۆكردن.
له‌و میانه‌یه‌دا ململانێ له پێناو ئابوریه‌كی شایسته‌دا ده‌بێته ئامانج. چونكه ئابوری بنه‌مایه‌كی گرنگی حوكمڕانیه‌و لانی كه‌م (سه‌رمایه‌گوزاری، سه‌رمایه‌و هێزی كار) سێ كوچكه‌ی پێكه‌وه گرێدراون و هه‌ركات حوكمڕانی نه‌یتوانی ژیانێكی شایسته بۆ هێزی كار دابینبكا، كۆچكردن ده‌بێته وه‌ڵامێكی گونجاو بۆ ئه‌و فۆرمه‌ی حوكمڕانی و له ئه‌نجامیشدا له جێگه‌یه‌كی تر ئه‌و هێزی كاره ئه‌و ژیانه شایسته‌یه ده‌دۆزێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌وڵه‌تی كۆچلێكراو گلۆر ده‌بێته‌وه‌و عه‌قڵ و توانای وه‌به‌رهێنان و هێزی وه‌به‌رهێنانی مرۆیی له‌ده‌ستده‌دا.
یه‌كێ له گه‌وره‌ترین گرفته‌كانی حوكمڕانی ئه‌وڕۆ ئاكته‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و پشتپێبهستنیهتی. گه‌وره‌بونی قه‌باره‌ی پشتبه‌ستن به ئاكته‌ره نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیه‌كان و پۆلێنكردنی ئاستی ئه‌و پشتپێبه‌ستنه بۆ فره ئاستی جیاواز و پاشان به‌هۆكاری به‌رزبونه‌وه‌ی ژماره‌ی ئاسته‌كانی ده‌ستوه‌ردان، حكومه‌ته‌كان فاكته‌ری سه‌ربه‌خۆی و پشتبه‌ستن به ئه‌كته‌ره نیشتمانیهكانیان فه‌رامۆش كردوه. ئه‌مه له حكومه‌ته‌كانی جیهانی سێ‌دا زۆر زیاتر ده‌بینرێ به‌تایبه‌ت نه‌ده‌توانن هه‌لی كاری گونجاو دابین بكه‌ن و نه ده‌توانن پشت به عه‌قڵی ناوخۆی ببه‌ستن و نه فۆرمی حوكمڕانی له جۆری باشه‌و له‌هه‌موشی خراتر بازاڕێكی ئازدی قۆرخكراوی بێ یاسا دابین ده‌كه‌ن.
له‌ولاشه‌وه ئه‌كته‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌ر ده‌وڵه‌ت و رێكخراوه نێوحكومیهكان نین، به‌ڵكو كه‌سایه‌تیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه له‌و یاریكردنه به‌چاره‌نوسی گه‌لان و حوكمڕانیهكانهوه، به‌تایبه‌ت له رێگای سه‌رمایه‌و نفوزه‌وه ده‌توانن ببنه پله‌یه‌ری گه‌وره‌ی سیاسی و ئابوری له‌نێوان گه‌لان و حكومه‌ته‌كان و بازاڕ‌و كۆمه‌ڵگه‌كاندا. بۆیه ئه‌م مۆدێله له سیاسه‌ت و به‌ریه‌ككه‌وتن كاره‌كته‌ری شاره‌زاو لێهاتوی ده‌وێ كه له گه‌مه‌ی ئه‌و ئه‌كته‌رانه بگات و بتوانێ بیانگونجێنێ به‌گوێره‌ی توانا‌و ویستی بازاڕی سیاسی و ئابوری ئه‌و حوكمڕانیه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كا ته‌وزیفیان بكا.
ئێستا ئه‌گه‌ر له روانگه میتۆدۆلۆژیهكهوه له‌م تێرمه بڕوانین ئه‌وا راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بۆچونی هه‌ردو گه‌وره میتۆدۆلۆجیستی سیاسی مارچ و ئۆڵسن كه له‌كتێبی (حوكمڕانی دیمۆكراتیانه) له گۆشه‌نیگایه‌كی (Neo Institutionalist) واتا بهدامهزراوهناسانی نوێ، شیكاری ده‌كه‌ن و پێیان وایه په‌ره‌پێدانی دیمۆكراسی ده‌بێته مایه‌ی چاكسازی حوكمڕانی. ئه‌ویش له رێگای كۆمه‌ڵێك به‌های تره‌وه كه خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی دیموكراسین بۆیه گرنگه:
١) ئیش له‌سه‌رگه‌شه‌ی شوناسی دیموكراسی بكرێ
٢) توانای ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسی بۆ هاوڵاتیان، كۆمه‌ڵه‌و گروپه‌كان، ودامهزراوهكان گه‌شه‌ی پێ بدرێ.
٣) حساب بۆ روداوه سیاسیه‌كان بكرێ چونكه فاكته‌ری گرنگن بۆ پێناسه‌كردنی ئه‌گه‌رو گریمانه‌كانی به‌رده‌ست.
٤) دروستكردنی سیسته‌مێكی سیاسی گونجێنه‌ر(Adaptive) كه توانای هه‌ڵمژینی روداوه‌كانی هه‌بێ و خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه بگونجێنێ به‌به‌رده‌وامی و بێ پچڕان.
له‌دواجاردا ئه‌گه‌ر وه‌ك گۆره‌ن هایدنیش ته‌ماشای حوكمڕانی بكه‌ین ئه‌وا به ویژدانی به‌ڕێوه‌بردن ده‌یناسین له پێكهاته‌ی رژێمه‌كه‌دا كه به‌هۆیه‌وه شه‌رعیه‌ت دروستده‌بێ. چونكه هایدن كاتێ جه‌خت له فاكته‌ری ئابوری ده‌كاته‌وه پێیوایه سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌ت ئابوریه. سه‌رچاوه‌ی ئابوریش ویژدانه. وه‌ك ئابوریناسهكان پێیوایه كاتێك ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دڵنیایه كه هاوڵاتی ژیانێكی كارامه‌و تێری هه‌یه ویژدانی ئاسوده ده‌بێ، و به‌م ویژدان ئاسوده‌ییه‌ی كه له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتی له‌روی ئابوریه‌وه دروست ده‌بێ شه‌رعیه‌ته‌كه‌ی باڵا ده‌كا، هه‌ربۆیه ئه‌م تێگه‌یشتنه كۆمه‌ڵێ خه‌سڵه‌تی تر ده‌داته حوكمڕانی كه به گشتی له‌لایه‌ن براتۆن و رۆزچایڵدهوه خراونه‌ته ناو ئه‌ده‌بیاتی حوكمڕانێتیهوه. له‌وانه پرسی به‌راوردكاری له مایكرۆ پۆلیتیكدا تا له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی به‌راوردی سیاسی بخه‌مڵێنن. هاوكات ئه‌م چه‌مكه سروشتی ده‌ستوری لێكده‌داته‌وه‌و یاساكانی سیاسه‌تكردن له‌و رێگایه‌وه داده‌رێژێت. هه‌روه‌ك تێوه‌گلانی داهێنه‌رانه‌ی ئه‌كته‌ره سیاسیه‌كان ده‌كا به بنه‌مای سیاسه‌تكردن و له‌رێگایانه‌وه كارلێكی نێوان ده‌وڵه‌ت و پێكهاته كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كان و نێوان خودی ئه‌و پێكهاتانه‌ش ده‌رده‌خا، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی حوكمڕانی زیاتر ملكه‌چی سزا و ویستی كۆمه‌ڵگه ده‌كا وه‌ك له‌وه‌ی له رێگه‌ی هێزه‌وه سزا بدرێ و ناچار به ئه‌نجامدانی خۆشگوزه‌رانی بكرێ.
حوكمڕانی باش (Good Governance)
حوكمڕانی باش له بنه‌ماوه به‌ستراوه‌ته‌وه به هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێریكردنی كۆی گشتی كۆمه‌ڵگه‌وه، بۆیه ههرهمێكه له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌یه نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سیسته‌مه باوكایهتیهكانی رۆژهه‌ڵات و جیهانی سێ هه‌یه كه حوكمڕان له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌مه‌كه‌دا ده‌سه‌ڵاتداری دهكاو ئه‌وانی خواره‌وه له جێگای به‌شداری له پرۆسه‌ی بڕیار دروستكردندا رۆڵی( به‌ڕێوەبه‌ر) ده‌بینن، جا پله‌كه‌یان وه‌زیر بێ یان به‌ڕێوەبه‌ری یه‌كه‌یه‌كی ئیداری. له‌كاتێكدا چه‌مكی حوكمڕانی باش پرۆسه‌یه‌كی نێتۆركینه و ده‌سه‌ڵات به تۆڕێك ده‌چوێنێ و هه‌ر یه‌ك به‌گوێره‌ی قه‌باره‌كه‌ی حوكمڕانی دهكاو له كۆتایشدا هه‌مویان پێوه یه‌ك پێكهاته‌ی یه‌كگرتو یهكجهمسهر له حوكمڕانی دروست ده‌كه‌ن، كه ده‌كرێ خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌گشتی به‌م (٨) خاڵه كورت بكه‌ینه‌وه:
به‌شداریپێكردن:
به‌شداریكردن و رێخۆشكردن له‌به‌رده‌م به‌شداریكردنی هه‌ردو ره‌گه‌زی كۆمه‌ڵایه‌تی كلیلی ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌یه. به‌ڵام له‌زۆرینه‌ی دیموكراتیه نوێنهرایهتیهكاندا ده‌بینی هه‌ردو ره‌گه‌زو له‌ناو هه‌ردو رهگهزیشدا گروپه كۆمه‌ڵایه‌تیه جیاوازه‌كان به‌باشی نوێنه‌رایه‌تی نه‌كراون، بۆیه ده‌بێ ئه‌م چه‌مكه به‌باشی لێكبدرێته‌وه كه به‌ڵانس به‌گوێره‌ی توانا‌و ژماره و پێویستی هه‌ڵبسه‌نگێنرێ و وا بكرێ له‌یه‌ك كاتدا هه‌م رێكبخرێ و هه‌م راشگهیهنرێ. به‌و واتایه‌ی كه ئازادی هه‌بێ له دروستكردنی گروپ و كۆمه‌ڵه‌ی جیاواز و هاوزه‌مان ئه‌و گروپانه رێكخستنێكی جۆریان تیا بێ كه بتوانن گوزارشت له خواسته‌كانیان بكه‌ن.
حوكمی یاسا:
چه‌مكێكی فراوانه مه‌به‌ست لێی چه‌سپاندنی یاسا بۆ هه‌موان وه‌ك یه‌ك له‌گه‌ڵ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و كه‌مایه‌تیه‌كان. حوكمی یاسا، حكومه‌ت له كۆمه‌ڵێ كێشه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی دهپارێزێو هاوڵاتی و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و به‌ڵێنده‌ره سیاسیه‌كان ناچار ده‌كا له چوارچێوه‌ی نۆرمه كارپێكراوو رێپێدراوه یاساییه‌كاندا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. هاوكات هه‌م هه‌یبه‌تی حكومه‌ت له‌به‌ر چاوی هاوڵاتی دهپارێزێو هه‌م مسداقیهتیشی بۆ دروست ده‌كا.
شه‌فافیه‌ت:
به‌و واتایه‌ی دروستكردنی بڕیار‌و جێبهجێكردنهكانیان رون و ئاشكران و به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی یاسان. هاوكات زانیاریه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و بڕیارانه‌و جێبهجێكردنهكانیان به‌رده‌سته بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك ده‌یه‌وێ به‌دواداچونیان بۆ بكا.
وه‌ڵامده‌ر:
حكومه‌تی باش هه‌وڵده‌دات به‌رپرسیارێتی ئه‌نجامدانی بڕیاره‌كان له كاتی دیاریكراودا بگرێته ئه‌ستۆ. بۆیه وه‌ڵامی گونجاوی بۆ ئه‌و گرفتانه‌ی له ئه‌نجامی ده‌ركردنی بڕیاره‌كان یان جێبه‌جێكردنیان لایه، چونكه له بنه‌ماوه هه‌مو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه وه‌ك ده‌ركه‌وته لاوه‌كیه‌كانی ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره لێكداوهتهوهو چاره‌سه‌ری بۆ داناون. بۆیه كاتێ دوچاری گرفتێك ده‌بێ به خێرای و كاریگه‌رانه چاره‌سه‌ری دهكاو تیمه حوكمڕانه‌كان ناكه‌ونه ململانێی سوانی گرفته‌كه به‌سه‌ر یه‌كتریدا.
هاوپه‌یمانێتی و یه‌كڕیزی
حكومه‌تی باش هه‌میشه ئه‌و ناوه‌ندانه ده‌دۆزێته‌وه كه ده‌بنه رایه‌ڵه‌ی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی له‌نێوان ئه‌وو هاوڵاتیاندا تا هه‌ر بڕیارێك ده‌یدا ببێته بڕیاری گشتی و جێبه‌جێكردنی ئاسان بێت. هه‌میشه پلانی دورخایه‌نی هه‌یه‌و تا ده‌گاته كاتی جێبه‌جێكردنی زه‌مینه‌سازی ده‌كا بۆ ئه‌و پلانانه تا هاوڵاتی دوچاری شۆك نه‌بێ له‌كاتی ده‌ركردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی پلانه دورخایهنهكان جێبه‌جێده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه فاكته‌ره‌كانی مێژو، كلتور له واتا كۆمهڵایهتیهكهیاندا گرنگی زۆریان هه‌یه بۆ ئه‌م خه‌سڵه‌ته.
هه‌ڵبه‌ت پرسی ئامانجی ستراتیجی لای هه‌ندێ جیاكراوه‌ته‌وه له‌م خاڵه، له‌كاتێكدا به بڕوای من كاتێ حكومه‌ت پلانی دورخایه‌نی هه‌بێ مانای وایه پلانی ستراتیجیشی هه‌یه بۆیه خۆی بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كان ئاماده ده‌كا.
گشگیری و یه‌كسانی:
بۆ حوكمڕانی باش گرنگه كه تێ بگا هاوڵاتیان چاوه‌ڕێن به‌شێك بن له ده‌سه‌ڵات، هه‌ربۆیه ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی كار بكا له‌سه‌ر تێوه‌گلاندنی هه‌مو هاوڵاتیانی تایبه‌ت به بوارێكی بڕیاردان له‌رێگای دابینكردنی هه‌لی یه‌كسان بۆ ده‌ربڕینی راو بۆچونه‌كانیان. (زۆرجار له وڵاته دیموكراتیه‌كاندا (١٠٠) هه‌زار هاوڵاتی یان په‌نجا هه‌زار ئیمزا به‌گوێره‌ی یاسای رێپێدراو كۆ ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر پرسێك وحكومه‌ت یان پارله‌مان ناچار ده‌كه‌ن به دروستكردنی بڕیار یان یاسایه‌ك).
كاریگه‌رێتی وبهركارێتی
له حكومه‌تی باش چاوه‌ڕێ ده‌كرێ كه به‌باشترین شێوه سه‌رچاوه‌كان به‌كاربهێنێ و له‌كاتی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و سه‌رچاوانه‌دا ژینگه‌و نه‌وه‌كانی ئاینده‌و پرسه سه‌ره‌كیه‌كانی تری به‌رده‌وامیدان به به‌رهه‌مهێنانێكی ته‌ندروست ره‌چاو بكا.
مسداقیه‌ت:
كلیلی هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی ئیداری له حكومه‌ته‌وه تا كه‌رتی تایبه‌ت مسداقیهته. چونكه دامه‌زراوه‌كان به‌رپرسیارن له دابینكردنی مسداقیه‌ت بۆ ئه‌و هاوڵاتی یان دامه‌زراوانه‌ی تر كه بهبڕیارهكانیان كاریگه‌ر ده‌بن. ئه‌مه‌ش واده‌كا دامه‌زراوه یاساییه‌كان هه‌میشه پێویستیان به ده‌سته‌به‌ركردنی مسداقیه‌ت بێ‌و به‌مه‌ش شه‌فافیه‌ت ده‌بێته فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی له پرسی دابینكردنی مسداقیهتدا.
رۆڵی حیزب له حوكمڕانیدا
حیزبه‌كان دو رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌یه له گه‌شه‌پێكردن و رێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌دا.
یه‌كه‌م: نوێنه‌رایه‌تی كردن؛ كه له‌رێگای ئاراسته‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندیه جیاوازه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داواكاریه‌كانیان و ته‌رجه‌مه‌كردنی ویستی گشتی بۆ سیاسه‌تی جیاواز به‌گوێره‌ی ئایدۆلۆجیاو پره‌نسیپه‌كانی حزبه‌كان خۆیان . له‌م رێگایه‌وه كۆمه‌ڵگه به سیسته‌مه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه‌و بناغه‌یه‌كی به‌هێز بۆ ئه‌م پێكهوهگرێدانه دروست ده‌كا. چونكه كاتێك حزب ده‌نگ بۆ هاوڵاتیبون ده‌گه‌رێنێته‌وه له حوكمڕانیدا واتای وایه به‌ها ده‌داته ده‌نگی هاوڵاتیبون و حسابی بۆ ده‌كا.
دوه‌م: حزب لۆژیك و عه‌قڵانیه‌ت ده‌به‌خشێته دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانی و رێكیان ده‌خا. جا ئه‌و حزبانه له حوكمڕانیدا بن یان نا ده‌گه‌ڕێن به‌دوای ئه‌و سیاسه‌ت و به‌رنامانه‌ی كه خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌نگده‌رانیان دهكاو له ئه‌نجامیشدا خزمه‌ت به كۆی سیسته‌مه‌كه ده‌كا له‌چوارچێوه فراوانترهكهدا.
كاتێ ئه‌م دو رۆڵه له دیموكراسیه‌تی نوێ‌دا ده‌توێنه‌وه و حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی دروست ده‌كه‌ن و حوكمڕانی و نوێنه‌رایه‌تی به‌م پێیه ده‌بنه دو روی یه‌ك دراو ئه‌وا پرسی به‌رپرسیارێتی و وه‌ڵامده‌ریش (كه دواتر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین) دێنه كایه‌وه، به‌ڵام بۆ ئێستا ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێ كه له‌یه‌ك كاتدا حكومه‌ت هه‌م نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكه‌و له‌خه‌ڵكه‌وه شه‌رعیه‌تی وه‌رگرتوه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رپرسیاره له‌به‌رامبه‌ر نوێنه‌رانی خه‌ڵك له پارلهمانهكاندا، چونكه هه‌مان ئه‌و رێكخستنه‌ی كه حوكمڕانه به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا و ده‌نگی پێ بڵندكردون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان و ئه‌و رێكخستنه‌ش كه ئاراسته‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی گرتۆته ئه‌ستۆ بونه‌ته یه‌ك و پێكه‌وه دامه‌زراوه‌كانی سیسته‌مه‌كه ده‌به‌ن به‌ڕێوه.
ئه‌مه ئه‌و خاڵه جه‌وهه‌ریه‌یه كه له‌هه‌رێمی كوردستان غائیبه. چونكه ئه‌و دو رێكخستنه له‌یه‌ك جیاوازن و دور له‌یه‌ك گه‌شه ده‌كه‌ن و ناتوانن له بۆته‌ی حوكمڕانێكی نوێنه‌رایه‌تیدا بتوێنه‌وه.
له‌لایه‌ك له‌جێگای چه‌قی راكێشانی حیزبه‌كان بریتی بێت له هاوڵاتی، ئه‌وان حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تیان به چه‌قی تاودان و راكێشانیان به ئامانج گرتوه. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له جێگای ئه‌وه‌ی حوكمڕانێكی نوێنه‌رایه‌تی بن، و دامه‌زراوه حكومیه‌كان رێوشوێنی گونجاویان هه‌بێ بۆ ئیحتواكردنی پرسه‌كانی رای گشتی، هاتون ته‌نها فشار‌و فۆكه‌سیان خستۆته سه‌ر حكومه‌ت و كابینه وزاریه‌كان. له كۆتایشدا حكومه‌ته‌كه گرنگ نیه نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك ده‌كا یان نا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه هه‌بێت و بمێنێته‌وه یان راستر فه‌راغی شه‌رعی و یاسای دروست نه‌بێ وه‌ك خۆیان باسی ده‌كه‌ن.
له‌لاكه‌ی تره‌وه به بڕوای من له (٢٠١٣) به‌دواوه شتێ نه‌ماوه ناوی ئۆپۆزسیۆن بێ له‌هه‌رێمدا به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها پرسی نوێنه‌رایه‌تیكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه حیزبیهكانه له‌هه‌رێمدا. چونكه له ئێستادا ئه‌وان خۆشیان به‌شێكن له حكومه‌ت و هه‌یكه‌لی حوكمڕانی و به‌مه‌ش پاشه‌كشه‌یان له ئیحتواكردنی رای گشتی و چاككردنی خودی حوكمڕانیشدا كردوه. به‌واتایه‌كی تر ئه‌و جۆره له گه‌مه‌ی سیاسی كه دو هێزه‌كه‌ی حوكمڕان و ده‌ره‌وه‌ی ده‌یكه‌ن ته‌نها حكومه‌تی به ئامانج گرتوه نه‌ك هاوڵاتی. هه‌ربۆیه حیزبه‌كان له‌م جۆره له بژارده‌دا له‌جێگای ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی گشتی بن بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵگه و رای گشتی، ده‌بنه دامه‌زراوه‌ی حكومه‌تی و وه‌ك ئه‌و ره‌فتار ده‌كه‌ن. به ئه‌سڵ ناسینی حكومه‌ت ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك هاوڵاتی و ده‌نگده‌ران فه‌رامۆش بكه‌ن و له‌لاكه‌ی تریشه‌وه رێكخستنی ناوخۆی خۆشیان فه‌رامۆش بكه‌ن.
حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی وه‌ك كلیلی چاره‌سه‌ر
حكومڕانی باش‌و حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی هاوڵاتی به ئامانج ده‌گرێ له‌رێگای هاوڵاتی خۆیه‌وه. به‌و واتایه‌ی له‌جێگای ئه‌وه‌ی حزبه‌كان ببنه هه‌ڵبژێره‌ری پاڵێوراوه‌كانی كابینه‌ی وزاری و له پارله‌ماندا شه‌رعیه‌ت وه‌رگرن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كابینه‌یه به فلته‌ری هاوڵاتیدا راسته‌وخۆ بڕوا، له حكومڕانی باش‌دا حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی له‌و كه‌سانه پێك دێ كه بۆ خۆیان له پێشدا ده‌بنه ئه‌ندامی پارله‌مان و له‌لایه‌ن هاوڵاتیه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن ئه‌وسا له نێو ده‌سته‌بژێری پارله‌ماندا ده‌پاڵێورێن و ده‌بنه به‌رپرسیار له‌به‌رده‌م رای گشتیدا.
هه‌ربۆیه له‌م جۆره له حوكمڕانیدا به‌رپرسیارێتی زیاتر هه‌ڵده‌گیرێت و له‌ده‌ره‌وه‌ی میحوه‌ری هاوڵاتی هیچ شتێكی تر ناكرێته سه‌رچاوه‌ی هێزو لێپرسینه‌وه‌و داهێنان.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م مۆدێله‌ی دواین به‌رگر ده‌بێ له‌به‌رده‌م هه‌ر حكومه‌تێك و كه‌سێك كه پتر له (٨) ساڵ یان دو خولی هه‌ڵبژاردندا بمێنێته‌وه، چونكه لێره گرفتی یاسای بۆ دروست ده‌بێ به‌و پێیه‌ی ته‌نهاو ته‌نها ده‌بێ ئه‌ندامی پارله‌مان بێ‌و له دو خول زیاتریش به‌گوێره‌ی یاساكه ناتوانێ ببێته سه‌ره‌ك وه‌زیران یان وه‌زیر. كه‌وایه چاره‌سه‌ری پرسی دكتاتۆریه‌ت و فه‌رزكردنی ئیراده‌ی حزب و حكومه‌تیش ده‌كا به‌سه‌ر ئیراده‌ی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراو یان پارله‌ماندا.
دیاره له‌خۆڕا نیه زانایانی بواری زانستی سیاسی و كارگێڕی گشتی و یاسا رێككه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌م مۆدێله له حوكمڕانی، چونكه مه‌ترسیه‌كه لای ئه‌وان ته‌نها له خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری و دروستبونی گه‌نده‌ڵی و دیكتاتۆریه‌ت نیه. به‌ڵكو بیر له چاره‌سه‌ری ده‌كه‌نه‌وه بۆ مانه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ گه‌شه‌ی سیاسی له‌رێگه‌ی پاراستنی به‌ها ناوخۆییه‌كانی حیزبه‌كانه‌وه.
ره‌نگه ئه‌گه‌ر كه‌سێكی وه‌ك نێچیرڤان بارزانی یان مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌نده ماوه له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات نه‌بوایه هه‌رگیز ترسی ئینشقاق له‌سه‌ر پارتی دروست نه‌بوایه یان رێژه‌ی ده‌نگده‌رانی له سه‌دی ٥٠ به‌ره‌و ژور دانه‌به‌زیایه بۆ سه‌دی (٣٢) به هه‌مو ته‌زویرو ناوه زیادهكانهوه. ئه‌م قسه‌یه بۆ یه‌كێتیش راسته .
ئالێره‌دا گرنگی وه‌زیفه‌ی ده‌نگدان ده‌ر ده‌كه‌وێ. هه‌ڵبه‌ت دو تێڕوانین هه‌یه بۆ ئه‌م باسه، یه‌كه‌میان تێڕوانینی بهدامهزراوهناسهكانه (Institutionalists) كه تێڕوانینێكی ماكرۆییانهیهو جه‌غت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی ده‌نگدان دروستكردن و به‌رهه‌مهێنانی حكومه‌ته. ئه‌وی تر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی گوزارشتكاری (Expressive) بونیاد نراوه‌و میكرۆییانه سه‌یری وه‌زیفه‌ی ده‌نگدان ده‌كا. پێی وایه وه‌زیفه‌ی ده‌نگدان خاڵی بونه‌وه‌ی ده‌نگده‌ره له‌رێگای په‌سه‌ندكردنی بژارده‌كان و به‌كارهێنانیه‌تی وه‌ك هه‌لێك بۆ خۆ به‌تاڵكردنه‌وه گوزارشتكردن له ئاره‌زوه سیاسیه‌كان.
جا هه‌ركام له‌و دو وهزیفهیهبێ له‌دواجاردا حكومه‌ت پێك دێ‌و ده‌نگده‌ریش ده‌ستی له‌و دروستكردنه‌دا به فعلی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ر توانی گوزارشت له رای خۆی بكا به‌ڵام حزبه گوزارشتلێكراوهكان نه‌یانتوانی ئه‌و گوزارشتانه‌ی ده‌نگده‌ر هه‌ڵمژن و ته‌وزیفی به باشی بكه‌ن؟ به‌و واتایه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و ده‌نگانه حكومه‌تێكی ناشایسته بو؟
له وه‌ڵامدا هاوشێوه‌ی (پیته‌ر مهیر) ده‌ڵێم ئه‌و حكومه‌ته هیچ پێناسه‌یه‌كی لۆژیكی بۆ نامێنێ و ده‌نگه‌كان ده‌بنه كه‌ره‌سه‌یه‌كی لهكاركهوتوههر بۆیه حكومه‌ته‌كه‌ش ده‌بێته حكومه‌تێكی له‌كاركه‌وتو نه‌ك نوێنه‌رایه‌تی و به‌مه‌ش دو رێگه له‌به‌رده‌م ده‌نگده‌ر ده‌مێنێ؛
یه‌كه‌م: شێوازێكی جیاواز له ده‌نگدان ده‌گرێته به‌ر
دوه‌م: حزبێكی تر ده‌دۆزێته‌وه ده‌نگی پێ‌بدا
له حاڵه‌تی یه‌كه‌م شكستی دیمۆكراسی دروست ده‌بێ، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌یه به‌ره‌و توندوتیژی و راپه‌ڕین مل بنێ. له‌كاتێكدا حاڵه‌تی دوه‌م شكستی حزبه حوكمڕانه‌كانه. له‌هه‌ردو حاڵه‌تیشدا شتێك دێته به‌رهه‌م كه پێی ده‌وترێ دژه سیسته‌م (ئه‌نتی سیسته‌م) كه كۆی ئه‌و حزب یان بزاوتانه ده‌گرێته‌وه كه هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و كابینه‌یه ده‌دا كه شكستی خواردوه.
بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌بێ له زانستی سیاسی و سیسته‌مه سیاسیه‌كاندا پێی ده‌وترێ (Bipolarism) واتا جوت جه‌مسه‌ر چێ ببێ‌و جێگه‌ی فره جه‌مسه‌ریی بگرێته‌وه. به‌و واتایه‌ی ئه‌نتی سیستهمگهراكان هه‌مویان بچنه یه‌ك تای تهرازوهكهوه حزبه‌كانی حكومه‌تیش (یه‌كێتی و پارتی به نمونه) له‌یه‌ك تای تردا بن. ئه‌گه‌ر نا به‌م فره جه‌مسه‌ریه زه‌حمه‌ته بتوانرێ ته‌نانه‌ت هیچیان پێ بكرێ.
پرسیارێكی تر كه هه‌ر له‌م باسه‌دا قوت ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه، ئه‌ی ئه‌گه‌ر به فعلی ئه‌و حكومه‌ته‌ی دروستكرا توانی حوكمڕانی بكا به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی پێ نه‌كرا؟ یان به پێچه‌وانه‌وه توانی نوێنه‌رایه‌تی بكا به‌ڵام حوكمڕانی پێ نه‌كرا؟
دیاره له باری یه‌كه‌مدا مانای دروستبونی دكتاتۆریه‌ته، به‌ڵام حكومه‌تێك بتوانێ نوێنه‌رایه‌تی بكا به‌ڵام حوكمڕانی پێ نه‌كرێ ئه‌وا بێگومان نزیكه له حاڵه‌تی هه‌رێمی كوردستان چونكه به‌نزیكی حزبه‌كان به‌شێكی زۆریان له‌و حكومهتهدان به‌ڵام ئه‌و حكومه‌ته شكستخواردوه‌و ناتوانێ حوكمڕانی بكا له‌م حاڵه‌ته‌شدا مانای وایه كه‌ناڵه‌كانی حزبه‌كان سه‌ركردایه‌تیه‌كی لاواز‌و بێ به‌رهه‌میان به‌رهه‌م هێناوه به‌جۆرێ توانای هه‌ڵگرتنی باری قورسی حوكمڕانی و پرسه‌كانی هاوڵاتی نیه.
ئه‌م ئه‌رگومێنته ئه‌رگومێنتێكی تر ده‌خولقێنێ ئه‌ویش پرسی شه‌رعیه‌ته و له ئاكامدا ده‌پرسرێ، كه‌وایه شه‌رعیه‌تی ئه‌و حكومه‌ته له‌كوێدایه ئه‌گه‌ر حزبه‌كان نوێنه‌رایه‌تیه‌كی وه‌ها بێ كه‌ڵكیان ناردبێته ناو حوكمڕانیه‌وه كه ئه‌وه‌نده هه‌ژار بێ له ئه‌دای حوكمڕانیدا؟
لێره به‌رپرسیارێتی له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگ ده‌بێته پرسێكی هه‌نوكه‌ی و داواكاری له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تیكردن له‌گه‌ڵ داواكاری له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی ده‌بنه دو پرسی گرنگی حوكمڕانی و پێویستیان به به‌ڵانس كردنه. چونكه هه‌ر كات به‌ڵانس له‌نێوان بهركارێتی و دیمۆكراسیدا هه‌بو ئه‌وكات مانای وایه ئه‌و حكومه‌ته هه‌م شه‌رعی و هه‌م نوێنه‌رایه‌تیه‌كی باش ده‌كا، بهواتاكهی تر هه‌م به‌رپرسیاره‌و هه‌م شه‌رعیه‌تیشی له‌و به‌رپرسیارێتیه‌وه وه‌رگرتوه.
له كۆتایشدا وه‌ك راسڵ باچ پێناسه‌ی ده‌كا، دامه‌زراوه‌ی به‌رپرسیار ئه‌و سیاسه‌ته سه‌ركه‌وتوانه دابین ده‌كا كه ده‌بنه چاره‌سه‌ری بۆ گرفت و كێشه‌كانی روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه. بنه‌مای به‌رپرسیارێتی بریتیه له خێرایی دابینكردنی سیاسهتهكهو به‌جێگه‌یاندنی، ئینجا كاریگه‌رێتی ئه‌و بهجێگهیاندنهو ئاستی سه‌ركه‌وتنی زامنی ئاستی به‌رپرسیارێتین. هه‌ر بۆیه وه‌ختێ ده‌سه‌ڵاتێك یان حوكمڕانیه‌ك ده‌توانێ ئه‌م هه‌نگاوانه بنێ مسداقیه‌ت دروست دهكاو ده‌بێته وهڵامدهرێكی خێرا بۆ گرفته‌كان و ئه‌و گله‌ی و گازه‌ندانه‌ی كه هاوڵاتیان هه‌یانه. كاتێك هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌دای حكومه‌تێك ده‌كرێ ئاستی وه‌ڵام و به‌رپرسیارێتی ده‌كرێته پێوه‌ر تاچه‌ند ئه‌و حكومه‌ته سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌ته‌كانی بریتی بوه له‌و گله‌یی و گازه‌ندانه‌ی هاوڵاتی رۆژانه ههیبوهو تا چه‌ند كاری له‌سه‌ر چاكسازیان كردوه.
سه‌رچاوه‌كان:
- Seppo Tiihonen (2004). From Governing to Governance: A Process of change. Tampere University Press. ISBN 951-44-5876-1
- http://ejil.org/pdfs/7/1/1340.pdf
- UNDP (1997) Governance for Sustainable Human Development. United Nations Development Program
- Michael Johnston (2016). Good Governance: Rule of Law, Transparency, and Accountability
- Martin Gilens (2003). Public Opinion and Democratic Responsiveness: Who Gets What They Want from Government?
- Hila Zaban (2012). Types of government-society relations: Enabling government, open government, adaptive government, responsive government
- Victor O Ayeni (2000). What Really is Good Governance?
- Peter Mair (2009). Representative versus Responsible Government
* دكتۆرا له به‌دامه‌زراوه‌كردنی سیسته‌مه سیاسیه‌كان/ رۆژهه‌ڵاتی ناوین زانكۆی ڤالێنسیا، ئیسپانیا