بەگرنگ نەزانینی وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبای دوکان بۆ؟

‌فەرهاد محەمەد قادر*

‌وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبای دوکان، یەکێکە لە وێستگە گرنگ و ستراتیژەکانی کوردستان و عێراق، ئەم وێستگەیە ساڵی (1976) بەردی بناغەی دانراوە، کۆمپانیایی تەکنۆپڕۆمی ئێکسپۆرتی سۆڤیەتی دروستی کردوە، پێکدێت لە پێنج یەکەی (تۆڕباین) بەرهەم هێنان، هەریەکەیەک توانستی (80 مێگاوات)ی هەیە، کۆی بەرهەم (400 مێگاوات)کارەبای هەیە لە ئاستی ئاوی پێویستدا، لە ساڵی (1979) رادەستی حکومەتی عێراقی کراوە، لەو کاتەوە تائەمڕۆ لە لایەن ئەندازیار و تەکنیککار و کرێکاری خۆماڵی خۆمان بەڕێوەبراوە، چەند جارێک کۆمپانیای جێ بەجێکار بانگهێشت کراوەتەوە بۆ کاری زیادکردن و چاکسازی یەکەکان لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکان ئەویش بەهۆی بایەخ و گرنگی پێدانی حکومەتی عێراقی بوە.

 

شێوازەکانی چاکسازی لە وێستگە

‌1. چاکسازی رۆژانە:- ئەم جۆرە چاکسازییە رۆژانە لە لایەن کارمەندانی هۆبەکانی چاکسازی وێستگە ئەنجام دەدرێ دوای دیاری کردن و ئاگادار کردن لە لایەن کارمەندانی ئیشپێکردنەوە، واتە لابردنی ئەو گرفتە بچوکانەی کە لەکاتی ئیشکردندا توشی تۆڕباین دەبێ ،جا لە هەر کاتێکدا بێ ،بۆ ئەوەی هێڵی بەرهەم هێنان نەوەستێ.

‌2. چاکسازی وەرزی:- ئەم شێوازەی چاکسازی بەشێوەی وەرزی دەبێ، لە ئەساسدا ئەم وێستگەیە پێویستە شەش مانگ ئیشیپێبکرێ بۆ مەبەستی بەرهەم هێنانی وزەی کارەبا و کشتوکاڵ و ئاودێری، شەش مانگیش بۆ کۆکردنەوەی ئاو و کاری چاکسازی تۆڕباینەکان تاوەکو بۆ وەرزی کارکردن ئامادەبن، ئەم شێوازە تەمەنی وێستگەکەی بەگەنجی و بە توانای دەهێشتەوە، ئەوە تەندروسترین شێوازی ئیشپێکردن و چاکسازی کردن بوە، چونکە زۆری (start & stop) لە تێکڕای تەمەنی تۆڕباینەکان کەم دەکاتەوە.

‌3. چاکسازی تەواو (Over Hall) :- ئەم شێوازەی چاکسازییە کۆمپنیای خاوەن، واجبی کردوە کە هەر یەکەیەک (10.000) سەعات ئیشیکرد پێویستە ئەو یەکەیە کاری چاکسازی بۆ سەرجەم مەنزومەکانی بکرێ، زۆربەی کات کۆمپانیای دروستکەر ئامادەی چاکسازی دەبون، هەموشی بەشان و بازوی کارمەندانی خۆماڵی خۆمان دەکرا.

بەداخەوە ئەم جۆرە لە چاکسازی بەهۆی کەمتەرخەمی و گرنگی نەدانی حکومەت و لێپرسراوانی باڵای وەزارەتی کارەبا کەمتر کراوە یاخود هەر نەکراوە، لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە کۆمپانیای تەکنۆپڕۆم ئێکسپۆرت بانگهێشت نەکراوە، کە پێویستی زۆریش هەبوە بە کۆمپانیای ناوبراو بۆ کاری چاکسازی. ئەمەجگە لەوەی لە 2007 بەشێکی گرنگی سیستمی ئیشپێکردن و کۆنترۆڵی یەکەکان گۆڕدراوە بەسیستمی (DCS ) کۆمپیوتەری لەلایەن کۆمپانیای کارلۆگاڤازی ئیتاڵی کەئەمەش بوەتە بەشێکی تری بارگرانی بەسەر کارمەندانی وێستگە ،بەهۆی کەم شارەزای لەسەر سیستمەکە و ناسکی و ئاڵۆزی نەبونی ڕاهێنانی باش بەکارمەندانی بەشی ئیشپکردن و کارمەندانی هۆبەکانی چاکسازی.

‌شیاوی ئاماژەیە ئەم وێستگەیە پاکترین وزەی هەیە و بەهەرزانترین نرخی کارەبای هەیە و تێچوی زۆر کەمە بەهەمو پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا. هەروەها هەبونی تۆڕی (GIS )کە لێوەی 10 هێڵی (132KV )لێوە دەردەچێ بۆ شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دەڤەری راپەڕین و پڕۆژەی ئاوی سلێمانی، دەکرێ بڵێین ناوەندی پێک گەیابدنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و شوێنی توافقی هێڵەکانی هەولێر سلێمانییە.

بەداخەوە لەکاتێکدا ئێستا هاوڵاتیان پێویستی یەکی زۆریان بەهەبونی کارەبا وێستگەی کارەبای دوکان لەخراپترین ئاستی بەرهەم هێنانی کارەبادایە !!! تەنها لە توانایدایە بڕی (100MW )بخاتە سیستەمی کارەبای نیشتمانی لە کاتێکدا پێویست بو بەلانی کەم (300MW )بخستایە سیستەمی کارەبای هەرێم، ئەوبڕەی کەدەتوانێش دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزی و ئینتمای کارمەندانی وێستگە، چونکە بە پێوەەری دڵسۆزی و ئینتمای دەسەڵات داران دەبو ئەو بڕەشی نەبوایە، گەر کەمتەرخەمی و ئاوڕنەدانەوەی دەسەڵاتدارن بەردەوام بێ وەک ڕابردو دڵنیام لە و بڕەی ئێستا بەرهەمی دێنی ئەوەشی نامێنێ دەوەستێ !

ئەمە جگە لەوەی ئامێرەکان و‌پایپ و گێت و بۆری یەکانی پێویستیان بە گۆڕین و ئیدامە هەیە، لە هەمان کاتدا کارمەند و ئەندازیار و تەکنیکار و کرێکار و کەرەستە مرۆیەکانی پێویستی بە ئیدامە و ئیمتیاز هەیە، چونکە وێستگەیەکی ستراتیژ و گرنگە ،لە ڕابردودا حکومەت چەندین ئیمتیازی داوە بە کارمەندانی وێستگەکە، لەوانە (شوقە و دروستکردنی یەکەی نیشتە جێ بون و موچەی شایستە و وفری ساڵانەی بەرهەم و دەرماڵەی ترسناکی ….. هتد.

بەهۆی کارکردنی بەردەوامی کارمەنداندان، چەندین کارمەندی وێستگە توشی نەخۆشی درێژخایەن بون و بەداخەوە بەشێکیشیان هەر بەو نەخۆشیانە کۆچی داوایی یان کردوە.

‌ماوەی سێ ساڵە بەهۆی قەیرانی دروستکراوی هەرێمەوە، کارمەندان بەشێوەیەکی زۆر دڵسۆزانە دەوامیان کردوە کاری چاکسازییان کردوە، بۆیە لە ئێستادا دۆخی کارمەندەکان لە ڕوی گوزەرانی ژیانەوە زۆر خراپە بەم شێوەیە ناتوانن بەردەوام بن!.

لە بەها و گرنگی هیچ دامەزراوەیەک کەم ناکەمەوە، هەمو کارمەندێک مافی خۆیەتی شایستەکانی خۆی بدرێتی و حکومەت بە مانا یاسایی یەکی تاوانی کردوە کە دەستکاری یاسای موچەی کردوە.

‌باسی حاڵی روبعەموچەی چل رۆژی ئەم حکومەتە دەکەم کە فەرمانبەرانی ئەم وێستگەیە جگە لەو روبعە موچەیە هیچ شتێکی تریان نییە، ئەگەر فەرمانگەکانی تر توانای بایکۆت و دەربڕینی ناڕەزایەتی و دەوام نەکردن هەڵبگرێ ئەوا وێستگە ئەو بابەت و بارانە هەڵناگرێ، چونکە دەوام وەستاندن و داخستن گرفتی گەورە دروست دەکەن هەم بۆسیستەمی کارەبای هەرێم و هەم دامەزراوەکە توشی نقوم بونی ئاو ،نەبونی ئاوی سلێمانی … چەند گرفتێکی تر.

‌خەسڵەتێکی تری نەرێنی وێستگە ئەویش ئەوەیە تائێستا حکومەت وەک دامەزراوەیەکی خدمی لێی روانیوە نەک ئینتاجی، بەوپێیەی وێستگە موراجعی نییە و کاروباری هاوڵاتی لێ رایی ناکرێ کارمەندانی لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە زیانمەندن، هیچ کەس سوپاسگوزار نییە. هەربۆیە ئەرکی حکومەتە کە سوپاسگوزارمان بێ بەوەی کە داواکارییەکانمان جێ بەجێ بکات و ئاوڕێکی جدی لە وێستگەکە و کارمەندان بداتەوە بەوەی شایستەی دارایییەکانمان ئاڕاستەی حکومەتی فیدڕاڵ بکات هاوشێوەی بەربەستی دوکان و دەربەندیخان، چونکە بەربەست و وێستگە دوڕوی یەک دراون و وەک یەکن و جیاوازنین.

هەروەها لە ڕێگەی حکومەتی فیدڕاڵەوە بانگهێشتی کۆمپانیای خاوەن ئیمتیازی وێستگە بکاتەوە بۆ کاری نۆژەنکردنەوە و چاکسازی وێستگەکە، بە پێچەوانەوە وردە وردە ئەو بەرهەمەی هەیەتی و نامێنێ، هیوادارم بابەتەکە جێی بایەخ بوبێ.

وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبای دوکان بەگرنگ بزانن.

 

 

 

‌* تەکنیکار

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە