پوتین؛ خۆی کاندید دەکاتەوە

ڤلادیمێر پوتین

(سبەی):

ڤلادیمێر پوتین، بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی (2018) دوبارە خۆی کاندید دەکاتەوە و دەیەوێت بۆ جاری چوارەم کورسی سەرۆکایەتی وڵات بەدەست بهێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە کرێکارانی کارگەی غازی ئۆتۆمبێل، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی ساڵی (2018) خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی روسیا کاندید دەکاتەوە.

پیشتریش، دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کرملین (کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا) رایگەیاندبو: ڤلادیمێر پوتین بڕیاری کۆتایی دەدات بۆ دوبارە خۆکاندید کردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا کە بڕیارە لە (18)ی ئازاری ساڵی (2018) بەڕیوەبچێت.

لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی (2012) ڤلادیمێر پۆتین، بەبردنەوەی (63%)ی دەنگەکان توانی بۆ جاری سێیەم پۆستی سەرۆکی روسیا بەدەست بهێنێتەوە و بە دوبارە بردنەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتو، پوتین بۆ جاری چوارەم دەچێتەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی.

هاوکات لەگەڵ نزیک بونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا تائێستا (10) کەسایەتی سیاسی و سەرمایەدار و راگەیاندنکار و هونەرمەندی ئەو وڵاتە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ خۆ پاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا.

 

پوتین کێیە؟

ڤلادیمێر ڤلادیمێرۆڤیچ پوتین، لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی (1952) لە شاری لینینگراد (سان پترسبۆرگ) لەدایک بوە و دەرچوی کۆلێژی یاسای زانکۆی لینینگرادە لە ساڵی (1975).

ساڵانی (1985-1990) لە یەکەی ئاسایشی وڵات لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەستی بە خزمەتی سەربازیی کردوە و ساڵی (1990) بوەتە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی لینینگراد بۆ کاروباری دەرەوە و دواتر لە شارەوانی ئەو شارە دەستی بە خزمەت کردوە.

ساڵی (1994) بوەتە جێگری یەکەمی سەرۆکی حکومەتی شاری سانت پترسبۆرگ (لینینگرادی پێشو) و دواتر لە ساڵی (1996) بوەتە جێگری کاروباری کارگێڕیی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا و دواتر جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی روسیا.

ساڵی (1997) وەک سەرۆکی دامەزراوەی دیوانی چاودێری دارایی دەستبەکاربوە، ساڵی (1998) بوەتە بەڕێوەبەری ئاسایشی فیدراڵی روسیا و لەهەمانکاتدا پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیای فیدراڵی وەرگرتوە.

ساڵی (1999) لەلایەن بۆریس یەڵسن، سەرۆکی پێشوتری روسیاوە کراوەتە سەرۆکی حکومەتی روسیا و زۆربەی کاروبارەکانی سەرۆکایەتی روسیای بەوەکالەت پێ سپێردراوە.

لە (31)ی دیسەمبەری ساڵی (1999) و دوای دەستلەکارکیشانەوەی بۆریس جۆنسن، بوەتە سەرۆکی روسیای فیدراڵ بەوەکالەت، تا ئەوکاتەی بەفەرمی لە (26)ی ئازاری ساڵی (2000) وەک سەرۆکی روسیای فیدراڵ هەڵبژێردراوە.

لە (14)ی ئازاری ساڵی (2004) دوبارە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی روسیا هەڵبژێردراوەتەوە.

ساڵی (2008)، بەهۆی تەواوبونی خولەکەیەوە پۆستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی گرتەدەست و دیمیتری میدڤیدیڤ وەک سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا، تا ساڵی (2012) و پاش هەموارکردنەوەی دەستور و گۆڕین و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار و درێژکردنەوەی خولی هەڵبژاردن بۆ شەش ساڵ، ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی لەگەڵ میدڤیدیڤ کردەوە.

لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی مانگی ئازاری ساڵی (2012) ڤلادیمێر پوتین، بەبردنەوەی (63%)ی دەنگەکان توانی بۆ جاری سێیەم و بۆ ماوەی شەش ساڵ، پۆستی سەرۆکی روسیا بەدەست بهێنێتەوە و بە دوبارە بردنەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتودا، پوتین بۆ جاری چوارەم دەچێتەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی روسیای فیدراڵ بۆ ماوەی شەش ساڵی دیکە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە