لە ساڵی نوێوە بە (60) رۆژ جارێك چارەكە موچە دەدرێت

سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم

(سبەى):

راپۆرتی هەردو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكان سەبارەت بە داهات و خەرجی پەسەند كران، بێ ئەوەی هیچ پلانێك بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی بۆ ساڵی داهاتو تێدابێت، بەپێی زانیارییەكانیش؛ پێشنیازكراوە داهاتی دو مانگ كۆبكرێتەوە و لەیەك بدرێت ‌و ئینجا چارەكە موچەی مانگێكی فەرمانبەرانی پێبدرێت.

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی  هەرێمدا، راپۆرتی هەردو وەزارەتی دارایی و  سامانە سروشتییەكان سەبارەت بە داهات و خەرجی پەسەند كران، بەبێ ئەوەی هیچ پلانێك بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی بۆ ساڵی داهاتو تێدابێت، بەپێی زانیارییەكانی (تۆڕى میدیاى گۆڕان)؛ پێشنیازكراوە داهاتی دو مانگ كۆبكرێتەوە و لەیەك بدرێت ‌و ئینجا چارەكە موچەی مانگێكی فەرمانبەرانی پێبدرێت، چونكە داهاتی مانگێك بوە بە (400) ملیار دینار.

دوای سێ جار جەختكردنەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەگوێی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دادا كە هەر كاتێك پارە نەما بە ئاشكرا و راشكاوانە بە فەرمانبەرانی دەڵێن، دوا جار ئەم قسەیە لە كۆبونەوەی رۆژی دو شەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتەی دی و تیایدا وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ‌و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەرچی ئەوەی خەڵك ‌و حكومەت ‌و ئەوەشی سەرۆكی حكومەتە نوقوڵانەی بۆ لێدەدا، ئەوان لە سەر وەرەقەیەك بە ناوی راپۆرتی خەرجی و داهات، پێشبینییەكانیان بۆ داهاتی هەرێم خستەڕو.

ئەم دو وەزارەتە لەوەتەی هەن نە هیچ پێشبینیەكیان بۆ خەڵك ‌و حكومەت راست بوە نەتوانیویانە سترتیژ ‌و بەرنامەیەك بۆ حكومەت دابنێن كە بە فیعلی وەزارەتی دارایی ‌و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (تۆڕى میدیاى گۆڕان) كەوتون لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا، هەریەك لە وەزارەتی دارایی ‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، دو راپۆرتیان لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان خستوەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

وەزارەتی دارایی رایگەیاندوە؛ داهاتی ئێستای حكومەتی هەرێم (400) ملیار دینار تێپەڕ ناكات، لەكاتێكدا تەنها چارەكە موچەی فەرمانەران (470) ملیار دیناری پێویستە و ئەمە جگە لە خەرجی حكومەت و قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان و قەرزی تری ناوخۆ كە حكومەت ناچارە مانگانە بیانداتەوە، هەر بەپێی ئەو زانیاریانە لەكۆبونەوەكەدا وەزارەتی دارایی لەبری ئەوەی خۆی پرۆژە و پێشنیازی هەبێت ئەو داوای لە وەزیر و ئەنجومەنی وەزیران كردوە كە رێگەیەكیان بۆدابنێن بۆ ئەوەی بزانن چۆن لە مانگی داهاتوە موچە دابین بكەن، بەڵام لەهەموی سەیرتر ئەوەیە كە بەكۆی دەنگ گەیشتون بەم بڕیارانە:

یەكەم: لەپێدانی چارەكە موچەی فەرمانبەران بەردەوام بن

دوەم: راپۆرتی وەزارەتی دارایی ‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پەسەند كراون بەبێ هیچ پلان ‌و بەرنامەیەك، چونكە هیچ بریارێك نەدراوە سەبارەت بەوەی كە حكومەت چۆن چارەكە موچە دەدات لەكاتێكدا داهاتی مانگانە لەو كاتەی (650) ملیار دینار بوە بە (50) رۆژ جارێك چارەكە موچەی دابین دەكرد، ئەی دەبێت ئێستا بە (400) ملیار دینارەوە چۆن موچە بدات، بۆیە وەك یەكێك لە وەزیرەكان وتی؛ تەنها چارەسەر ئەوەیە حكومەت داهاتی دو مانگ بدات لە یەك ‌و ئەوكاتە چارەكە موچەی یەك مانگ دابەش بكات، واتە لە ساڵی داهاتودا حكومەت بە دو مانگ جارێك یەك چارەكە موچەی فەرمانبەرانی پێدەدرێت.

ئەوە لەکاتێکدا ئەگەر بێت و پێشبینییەكانیش بۆ داهات لەلایەن هەردو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكانەوە راست دەربچن.

وەك هاولاتیەك دەڵێت؛ ئێستا ئەم حكومەتی هەرێمە گەیشتە ئەوەی نە موچەی پێدابیندەكرێت نەكارەبا نەئاو نە خزمەتگوزاریی ئیترچی ماوەتەوە بۆئەوەی  خەڵك پشتیوانی بێت‌و هەرچیمان هەیە بڵێن بابیكەین بەقوربانی دەستكەوتەكانی (26) ساڵ حكمڕانی.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە