تۆماری دەنگدەران و هەڵبژاردن

وریا محەمەد

لەسەرەتای قۆناغی رزگاری و لەدوای راپەرین هەڵبژاردن وەك گرنگترین پایەی دیموکراسی بو بەخواست و داوای چەماوەری گەلی کوردستان، هەر ئەوکات رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆسەیەو گەڕانەوەی سەروەری یاسا لەدەرگای سەرجەم هێزە سیاسیەکانی داو داوای لێکردن پەلەبکرێت لەئەنجامدانی هەڵبژاردن و تاکو هاونیشتمانیان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و لەرێگای دامەزراوە شەرعیەکانەوە هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببرێت، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ دەسپێکردنی یەکەمین پرۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان و لەساڵی (1992) بەشێوەیەکی فراوان تەزویرو گزیکاری و پێشێلکاری لەرێنمایەکانی هەڵبژاردن دا بەڕێژەیەکی گەورە کرا، بەشێوەیەك لەپارێزگای هەولێر لەسەدا سەدو پێنج رێژەی بەشداربوان و  لەپارێزگای دهۆك لەسەدە سەدو هەژدە رێژەی بەشداربوان بو، سەرئەنجام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قبوڵ نەکراو لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بەڕێکەوتن پۆستەکانی پەرلەمان و حکومەت دابەش کرا کە بە فیفتی بە فیفتی لەلای هاونیشتمانیان کوردستان ناسراوە.

دوای دروستکردنی یەکەم کابینەی حکومەت بڕیاردرا لیژنەیەك پێکبهێنرێت بۆ دروستکردنی تۆمارێکی پاك و دور لەهەمو تەزویرو فێڵ و گزیکاریەك، بەڵام لیژنەکە نەیتوانی هیچ هەنگاوێکی کرداری بنێت و هیچ ئەنجامێکی نەبو، تائێستاش ئەو دو هێزە یەکتری تۆمەتبار دەکەن، پارتی تۆمەتی قبوڵ نەکردنی ئەنجامەکان ئەخاتە پاڵ یەکێتی و یەکێتیش تۆمەتی تەزویری گەورە ئەخاتە پاڵ پارتی بەتایبەت لە ناوچەکانی هەولێر و بادینان.

دواتر شەڕی نەگریسی ناوخۆ ئەوەندەی تر پاشەکشەی بە دیموکراسی و پرۆسەی هەڵبژاردن کردو بو بەهۆی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دو ناوچەی سەوزو زەرد کە لەو ماوەیەدا جگە لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکان کە هەریەکەو لەسنوری دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجامیداو هەرخۆشی سەرپەرشتی دەکرد، شێوازی هەڵبژاردنەکەش بەشێوەیەك رێنمایی بۆ دەرکرا کە جگە لەخۆیان هیچ هێزێكی تر ناتوانێت نوێنەری هەبێت لەئەنجومەنی شارەوانی لەشارەکاندا، تاکو دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و لەساڵی (2005) جارێکی تر لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کاتێك یەکێتی (23000) دەنگی لەپارتی زیاتر هێنا، سەرۆکی پارتی نامەیەکی پڕ گلەیی ئاراستەیی یەکێتی ئەکات و تۆمەتباریان ئەکات بەئەنجامدانی تەزویری گەورە و داوادەکات چارەسەری ئەو گرفتە بکرێت، لەبری چارەسەرکردن رێککەوتن سیاسەتی یەك لیستی هاوبەش پیادەبکەن و بەدروشمی نەتەوەیی هەوڵی چەواشەکاری و لەکوردستان هەڵبژاردنەکان دوابخەن و مەودای دیموکراسیان ئەوەندەی تر تەسك کردەوە، ئەگەر هەڵبژاردنیش کرا هاوبەش بن لە فێڵ و تەزویرکردنداو کردیان بەدروشمی نەتەوەیی وەك زەرورەتی قۆناغەکە باسیان دەکرد، کە لەراستیدا جگە لەبەرژەوەندییە تەسکە حیزبیەکەیان نەبێت شتێکی تر نەبو.

لەساڵی (2009) دوای دروست بونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا لە هەرێمداو ئەنجامدانی تەزویری گەورە لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە لە چەند هەڵبژاردنێکداو بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2013) و (2014)ی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا دیاردەکانی تەزویرو ساختەکاری و پێشێلکردنی یاساو رێنماییەکانی هەڵبژاردن لەکوردستاندا گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار، کە باس لەدەیان هەزارو هەندێکجار چەند سەد هەزارێك لەناوی دوبارەو مردو وەهمی دەکرا کە دەنگیان بۆ درابو، لەهەندێك شوێن گۆڕانکاری گەورە بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا هات کە زیاتر نمایشکردنی شتە ناشرینەکان بو نەك هەڵبژاردن، گاڵتەجاریەکانی راپرسیش ببو بەرۆژی کەرنەڤاڵی تەزویر لەبەرئەوە لێرەوە بەتەواوی پاك کردنەوەی تۆماری دەنگدەران بوە بەداواکاری سەرەکی خەڵکی کوردستان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای بەردەوام داوای پاك کردنەوەی دەکەن، وەلێ چونکە تائێستاش هیچ ئامارێکی دروست نەکراوە لەهەرێمی کوردستاندا و پشت بەو تۆمارە کۆنە دەبەسترێت کە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە لەرێگای کۆبونی خۆراکەوە کراو دانرا وەك تۆماری دەنگدان، لەگەڵ ئەو هەمو داواکاری و فشارەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەڵام تائێستاش لەسەر میکانیزمێک رێک نەکەتون بۆ پاكکردنەوەی ئەو تۆمارەو نەبونی شارەزایی بۆ پاك کردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەرێمی کوردستانەوە بەشێوەیەك لابردنی ناوی دوبارەو مردو و دروستکردن و دەرهێنانی ناسنامەی تەزویر بەئاسانترین شێوە لەبارەگا حیزبیەکانداو بەکارهێنانی بۆ دەنگدان لەرۆژی هەڵبژاردندا، بوەتە کۆسپێکی گەورە، چونکە وەزارەتی تەندروستی ئامارێکی تەواو و پڕ زانیاری نیە لەسەر ناوی مردوان تەنها ناوی سیانی و هەندێکجار تەمەنەکەی، بەم جۆرەش ئەسەتەم دەبێت دۆزینەوەی ئەو ناوانە لەتۆماری دەنگدەراندا، لەکاتێکدا لەتێکڕای دونیا حکومەت پشت بەئاماری وەزارەتی تەندروستی دەبەستێت لەرێژەی لەدایك بون و مردن بەشێوەیەك لێکۆڵینەوەی لەسەردەکرێت ئایا هۆکاری مردنەکە چیە و جیاوازی هۆکاری مردنەکە لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەکانی تر لە چیدایە، گواستنەوەی نەخۆشیە کوشندەکان و کاریگەریان لەسەر ناوچەکان کە بەداخەوە لەم هەرێمە پڕ کارەساتەی ئێمەدا هیچ ئامارێك بونی نیە.

سەبارەت بەناوی دوبارە لەنێوان پارێزگاکاندا بەتایبەت لەنێوان پارێزگای (سلێمانی  ـــ کەرکوك) و (هەولێر ــ کەرکوك) و (هەولێر ــ موسڵ)و (دهۆك ــ موسڵ)  بەردەوام جێگای رەخنەی کەسانی شارەزای هەڵبژاردن و دیموکراسی خوازان بوە، بەر لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە ساڵی (2014) ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق هەنگاونانی بەرەو پاك کردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دروست کردنی تۆمارێکی پاك و دور لەساختەکاری لەرێگای بەکارهێنانی تۆماری بایۆمەترییەوە راگەیاند بەئامانجی رێگەگرتن لەناوی لەناوی دوبارەو چەندبارەو پاککردنەوەی لەناوی مردو و وەهمی و زیادەو کەمکردنەوەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا پێشوازی لێکرا، بەڵام شەڕی داعش بوە گرفتی گەورە و رێگری کرد تا لەناوچە سونیەکانی عێراقدا ئەم تۆمارە بکرێت بەنمونە تا ئێستا نەتوانراوە لە موسڵ بکرێ، پارێزگای ئەنباریش لەخوارەوەی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقە لەریزبەندی تۆماری بایۆمەتریداو لەناوچەکانی تری عێراقیش هەنگاوەکانی زۆر لاواز و سستن لەناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق حیزبە گەورەکانی شیعە نایانەوێ ئەم تۆمارە سەربگرێت بەتایبەتی لەبەغداو ئەو پارێزگایانەی سونەشی تێدایە بەشێوەیەك تا ئێستا کەمتر لە (35%) دەنگدەرانی بەغدا تۆمارکراون، لەکوردستانیش بەهۆی دروست کردنی قەیرانی دارایی لەنەدانی موچە و قەیرانە سیاسیەکان لەداخستنی پەرلەمان و کارانەبونی حکومەت لەلایەك و لەلایەکی ترەوە خواستی حیزبە حکومڕانەکانی ئەم هەرێمە بۆ نەبونی تۆمارێکی پاك و بێگەرد دور لەساختەکاری کە وای کردوە پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران زۆر بەسستی بڕوات، بەشێوەیەك لەپارێزگای سلێمانی لەکۆی (1241954) دەنگدەر تەنها (593770) تۆمارکراون، لە هەولێر لەکۆی (1041837) تەنها (594527) تۆمارکراون، ئەگەر بەم شێوەیە بێت و بەردەوام بەسستی بڕوات ناتوانرێ لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا کاری پێبکرێت، لێرەدا پرسیاری جدی ئەوەیە ئیتر چۆن دەنگدەری راستەقینە بەشداری بکات لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دەنگدان چی دەگۆڕێت، بەو پێیەی هەڵبژاردن کۆڵەکەی سەرەکی دیموکراسیە کە خودی ئەم پرۆسەیە لەکوردستاندا لەژێر پرسیاری گەورەدایەو تەنها وەك ئامرازێك بەکاردێت بۆ مانەوەو درێژەدان بەسیاسەت و حوکمڕانی چەوتی دەیان ساڵەیان لە نادادپەروەری و نەبونی شەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی ئەم نیشتمانە. هێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان رێگا نادەن ئامڕازێك بێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و سزادانی خراپ بەکارهێنەرانی دەسەڵات.

لێرەوە ئەرکی هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات و کۆمەڵگای مەدەنی و شەقامە بۆ زیادکردنی فشارەکان، لەپاڵ داخوازیان بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی لە نەبوونی موچە و قەیرانە سیاسیەکانی داخستنی پەرلەمان و لەدەستدانی نزیکەی (51%) خاکی کوردستان بەهۆی هەڵەی ریفراندۆم و ئەرکێکی تریان جەخت کردنەوەیە لەتۆمارێکی پاك و هەڵبژاردنێکی تەندروست دور لەپێشێلکاری یاسایی و رێنماییەکان و فێڵ و گزیکاری، چونکە تائێستاش شاڕێی هەڵبژاردنەکان باشترین و پێویست ترین بژاردەیە بۆ گۆڕانگاری و ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات دور لەهەمو کارەسات و کاولکاریەك، ئامرازێکی مەدەنی و ئاشتیانەیە بۆ سزادانی هێزە دەسەڵاتدارە شکستخواردوەکان کە هەرێمەکەیان روبەڕوی  دەیان قەیرانی جۆراوجۆر کردۆتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە