ئه‌و كه‌سانه‌ بناسه‌ كه‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن و گه‌وره‌ترین خزمه‌تیان به‌مرۆڤایه‌تی‌ كردوه‌

(سبه‌ی‌):

زۆرن ئەو کەسانەی کە خاوەن پێدوایستی تایبەتن و بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێک لە ئەندامی جەستەیان لەدەستداوە و یان لە کارکەوتوە، بەڵام تواناکانیان زۆر لە کەسانی ئاسایی کۆمەڵگە و ئەوانەی تەندورستییان و ئەندامانی جەستەیان هیچ کێشەیەکیان نییە، زۆر زیاترە و سەرەڕای ئەوەش یارمەتیی مرۆڤایەتی ده‌ده‌ن لە جیهاندا.

 

ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ خاوه‌ن پێداویستیی‌ تایبه‌تن و خاوه‌نی‌ توانایه‌كی‌ زۆر به‌هێترن له‌ مرۆڤی‌ ئاسایی‌ به‌جۆرێك كه‌ بونه‌ته‌ مایه‌ی‌ شانازی‌ بۆ مرۆڤایه‌تی‌:


1- ستێفان هاوکینگ زانای بواری گەردونناسی و فیزیا و ئەستێرەناسی کە بەهۆی ئیفلیجبون و لەکارکەوتنی زۆربەی ئەندامانی جەستەیەوە تەنها لە رێگای کۆمپیوتەرێکەوە پەیوەندیی بە جیهانەوە هەیە و تەنانەت عەرەبانەکەی بە ئاماژەکانی سەری جوڵە دەکات.

 


2- جۆن فۆربێس ناش  زانای بواری ماتماتیک و شارەزای بواری ئابوریی کە پێشتر بەهۆی نەخۆشییەکی دەگمەنەوە لە وەهمدا دەژیا، بەڵام دواتر بەهۆی ئیرادەی خۆیەوە بوە یەکێک لە شارەزاترین مامۆستاکانی بواری ماتماتیک و ئابوری بە جۆرێک لە ساڵی (2005) خەڵاتی نۆبڵی ئابوریی وەرگرت.

 


3- فریدا کاهلو، نیگارکێشی سوریالیستی بەناوبانگی جیهان کە لەسەرەتای منداڵییەوە بەهۆی ئیفلیجی و تەنانەت رودانی سەیارەوە بەشیکی زۆری تەمەنی لە نەخۆشخانە بردوەتە سەر، بەڵام بەهۆی تواناکانی لە بواری نیگارکێشیدا ئەو بوە ناودارترین سیمبولی نیگارکێشیی سەدەی بیستەم لە ئاستی جیهاندا.

 


4-  نیک ڤوجیک، بە بێ دەست و قاچ لە دایک بو، بەهۆی جەستەکەی و لۆمەی كه‌سانی‌ ده‌وروبه‌ریه‌وه‌، چەند جارێک بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە، بەڵام دواجار ئیرادەی بەسەر هەمو کێشەکاندا زاڵ دەبێت و ئەگاتە ئاستێک کە ناوەندێک ده‌كاته‌وه‌ بە ناوی (ژیانی بێ بەربەست) بۆ خاوه‌ن پێداویستییە تایبەتەکان ئه‌ویش له‌پێناو گەیشتن بە مافەکانیان، هه‌روه‌ها خاوەنی دەیان کتێبە سەبارەت بە خاوه‌ن پێداویستییە تایبەتەکان.

 


5- ئەندریا بۆچێلی، لە منداڵییەوە چاوی توانانی بینینی لاواز بوە و دواتر بەهۆی بەرکەوتنێک لە یاریدا بە تەواوەتی نابینا بوە، بەڵام بەهۆی شارەزایی لە موزیكدا بە (چاوی موسیزیانانی جیهان) ناوبانگی دەرکردوە بوە و نزیکەی (80) ملیۆن سیدی و کاسێت لە گۆرانی و ئاوازەکانی بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاو بوەتەوە و فرۆشراوە.

 


6-ئالیکس زاناردی، پاڵەوانی شۆفێری لە جیهان بەهۆی روداوێکەوه‌ قاچەکانی لەدەست دەدات و بە قاچی دەستکردەوە بەردەوام بو لە شۆفێری تەنانەت لە چوار کێبڕکێی ئۆتۆمۆبێلدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دواجار پایسکیلێکی تایبەتی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبه‌ته‌کان بەرهەمهێنا و توانی خەڵاتی (2017)ی پارائۆڵەمپی جیهان بەدەست بهێنێت.

 


7- ری چارلێز منداڵی خێزانێکی هەژار لە تەمه‌نی حەوت ساڵیدا دایک و باوکی لەدەست دەدات و لە تەمەنی (15) ساڵیدا نابینا دەبێت، ئەو شێوازێکی تایبەتی مۆسیقای ئارام هەڵدەبژێت و دەبێتە یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانیبێژ و موسیزیاره‌كانی‌ جیهان کە  دەبێتە خاوەنی زۆرترین خەڵاتی جیهانی لەو بوارەدا.

 


8- مایکل فۆکس، ئەستێرەی بەناوبانگی بواری فیلمی کۆمیدی، لە ساڵی (1991) و لە لوتکەی سەرکەوتنەکانیدا توشی نەخۆشی پارکینسۆن دەبێت، لە سەرەتای نەخۆشییەکەیدا پەنا بۆ کحول دەبات، دواجار دەستبەرداری کحول دەبێت و هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی دەدات بۆ توشبوانی نەخۆشی پارکینسۆن، ئەو توانی لە یەکەم هەنگاویدا بڕی (223) ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە و سەرەڕای ئەوەی (27) ساڵە خۆشی گیرۆدەی ئەو نەخۆشییەیە، بەڵام کاتەکانی بۆ توشبوانی ئەو جۆرە نەخۆشییە تەرخان کردوە.

 


9-هێلین کلێر، زانا و نوسەری کۆمەڵایەتیی ئەمەریکا کە لە تەمەنی (18) مانگیەوە نابینا و نابیست دەبێت و ئەو تەنها لە رێگا دەست لێدان لە قورگ و لێو دەیتوانی لە قسەی بەرامبەرەکانی تێبگات، ئەو بە گەورەترین پشتیوانی ژنان ناوبانگی دەرکرد و لەو کەسە خاوەن پێداویستییە تایبەتانە بو کە بۆ یەکه‌مجار توانی خوێندنی زانکۆ تەواو بکات.

 


10- خۆرخە لویس بۆرخێس یەکێک لە گەورەترین چیرۆکنوسەکانی ئەمەریکای لاتین بو لە ئاستی جیهاندا، لە سەرەتای منداڵییەوە چاوەکانی لاوازبون و دواجار لە تەمەنی (55) ساڵیدا نابینا دەبێت، ئەو بە گەورەترین چیرۆکنوسی سەدەی بیستەم ناو ده‌برێت کە هیچ کات رۆمانی نەنوسیوە، ئەو دەڵێت هه‌میشه‌ پێی‌ وابوە بەهەشت شوێنێکە هاوشێوەی کتێبخانە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە