عهتا سهلیم
(ژیانی مامۆستا قورسە، بەڵام بایکۆت چارەسەر نییە) وەزیری پەروەردە وایگوت. منیش ئەڵێم بێگومان دەوامیش چارەسەر نییە و بە هیچ جۆرێک عەدالەتی تیا نییە مامۆستا بە روبعە موچە دەوام بکات، ئەويش دو مانگ جارێك ئهدرێت؟! ئەگەر باسی بێبەشبونی مناڵ ئەکرێ لە خوێندن، دەی خۆ مامۆستا بەرپرسیار نییە، ئەو حیزب و مەسئولانە بەرپرسیارن کە بهبێ پلانی و بێباکی و گەندەڵی خۆیان دۆخەکەیان بەم رۆژە گەیاند.
مامۆستا بە روبعە موچەش دەوامیکرد. ئێستا ئەوەتا بە دو مانگ موچەیان پێنادرێ و باسی ئەوەش دەکرێ بۆ ساڵی ئایندە دۆخی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە گشتی خراپتر ئهكرێت، لە لایەکی تر وەزیری پەروەردە، بێباكانه و بێ منەتانه لە مامۆستایان بڕیاریداوە دەوامی ئۆفی رۆژی شەممە هەڵبوەشێتەوە و نەمێنێ، واتە له وهرزی دوهمی خوێندن، سەرجەم رۆژەکانی هەفتە دەوام ئاسایی بێت؟! ئەمەش پێش ئەوەی ئەرکێک بێت بۆ مامۆستا سوکایەتیە بە هەست و دەرون و كهسایهتی مامۆستا، ئاخر ناکرێت دۆخی موچەو گوزەرانی مامۆستا بەو جۆرە خراپ بێت و ئاسایی نەبێت، بەڵام داوای دەوامی ئاسایی له مامۆستایان بکەیت؟!
لەلایەکی ترەوە، ئەو ستافە حوكمڕانهی چەندین ساڵە بەرپرسیارن لەم دۆخەی ئێستاو قەیرانە کەڵەکەبوەکان، بێ منەت و بێباکن لە بەرامبەر خراپی گوزەرانی خەڵک و ناڕەزایهتیهکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، وەک ئەوەی هیچ نەبوبێت و هیچ روی نەدابێت. تا ئێستا بڕیار دەرئەکەن و کۆئەبنەوەو بەردەوامن لەکارەکانیان! لە کاتێکدا ئەمانە لانیکەم دەبوایە دەستیان لەکار بکێشایەتەوەو داوای لێبوردنیان بکردایە و دانیان بەهەڵەو نەزانیی و نادڵسۆزیی خۆیان بهێنایە لە بەرامبەر میللەتەکەیان، بێگومان ئەمەش ئهندازهیهك، دڵنەوایی بە مامۆستایان و فهرمانبهران ئەبەخشی.
تەنانەت لەسەر ئاستی کەسی (شخصی) کاتێک كهسێك هەڵەیهک بەرامبەر کەسێکی تر ئەکات، کەمترین قەرەبو، بریتیە لە داوای لێبوردن و داننان بە هەڵەکەی خۆیدا ئەمەش واتای ئەوەیە کە کەسە هەڵەکارەکە ئیدی هەڵەکەی دوبارە ناکاتەوە، کەسەکەی تریش ئەمەی قبوڵەولێی دهبورێت. بەڵام ستافە شکسخواردوەکەی حکومەتی هەرێم خۆیان بە هەڵەو شکستخواردو نازانن و سورن لەسەر هەڵەو خولقاندنی قەیران لە دوای قەیران و شکستەکانیان، ئەوەش سوکایەتی و گاڵتەکردنێکی ئاشکرایە بە خەڵک و بە دەنگدەرەکانی خۆشیان. بێگومان مامۆستایان وەکو توێژێکی سەرمەشق لە پەروەردەکردندا ئەم سوکایەتی و بێڕێزیەی پێ قبوڵ ناکرێ.