(سبەی):
خۆپیشاندان لە پێنجوێن، کۆیە و کفری بەردەوامە و بە هۆی توندوتیژییەکانەوە (41) کەس برینداربون کە ژمارەیەکییان رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانی کراون.
ئەمرۆ سێشەممە هاوڵاتیانی پێنجوێن دژی گه‌نده‌ڵی و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه هاوشێوه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی دیکە خۆپیشاندانیان كرد و رێگای ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخیان داخست.
لەلایەکى دیکەوە په‌یامنێری (تۆڕی میدیای گۆڕان) له كفری رایگه‌یاند؛ ئەمرۆ خۆپیشاندان له‌به‌رده‌م بانكی قەزاکەوە ده‌ستی پێكرد و دواتر خۆپیشانده‌ران بەرەو باره‌گای حزبیه‌كان رۆیشتن و سێ بارەگا سوتێندرا و زۆربەی باره‌گاكانی دیكه به‌ردباران کران و دواتر خۆپیشانده‌ران چونه به‌رده‌م بینای قائیمقامیه‌ت و پۆلیسی كفری.
هاوکات لە کۆیە خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیان توندوتیژیی تێکەوت و بینای قائیمقامیەتی قەزاکە سوتێندرا و دواتریش زۆربەی بارەگا حیزبییەکان کرانە ئامانج و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە (19)کەس برینداربون کە سێ کەسیان بەهۆی ناجێگیریی رەوشی تەندروستییانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کران و لە تەقتەقیش دو کەس برینداربون.
لە رانیەش، خۆپیشاندان دەستی پێکردەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتە و مەڵبەندی یەکێتیان لەو شارە سوتاند و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە (20) کەس برینداربون کە برینی سیانیان سەختە و بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە ژمارەیەک لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کران.