(سبه‌ی):
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی واشنتۆن پشتگیریی له ئازادیی راده‌ربڕین و ئازادیی كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كات له عێراق و نیگه‌رانن له ته‌گه‌ره‌خستنه به‌رده‌م كاری چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن له عێراق و هه‌رێم له رێگه‌ی ترساندن و تۆقاندنه‌وه.
نوسینگه‌ی وته‌بێژی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌یاننامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان پشتگیری له ئازادیی راده‌ربڕین ده‌كات وه‌ك یه‌كێك له بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی دیموكراتی.
ده‌شڵێت، هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م روداوانه‌ی دوایی كه هه‌وڵده‌درێت به به‌كارهێنانی هێز و ترساندن و تۆقاندن كاری چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن په‌كبخرێت به تایبه‌تی روداوی هه‌ڵكوتانه سه‌ر كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له‌لایه‌ن هێزێكی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا ده‌شڵێت، ئه‌ركی حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه پارێزگاری له ئازادیی راده‌ربڕین و ئازادی رۆژنامه‌وانیی بكه‌ن و رێگه به راگه‌یاندنه‌كان بده‌ن به‌رپرسیارانه كاره‌كانیان به‌ڕێوه‌به‌رن و ئه‌مه‌ریكا بڕوای وایه كه گه‌شه‌كردنی دیموكراتیه‌ت له عێراق و ناوچه‌كانی تر پێویستی به ده‌نگی زیاتر هه‌یه نه‌ك به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه.