گۆڕان و هەڵوێست و سیاسەتی ژیرانە

هێمن حاجی مەولود

ئەوەی ئەلف و بای سیاسەت بزانێ درک بەو هەقیقەتە دەکات کە سیاسەت کردن لەعێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هێندە سەختە کە تەنها سیاسی ژیر و بەئەزمون ئەتوانێ سەرەدەری لەگەڵ روداوەکاندا بکا و بڕیاری لۆژیکانە بدات، رەنگە هەنگاوی هەڵەو پەڵەی ریفراندۆم باشترین گەواهیدەری ئەو راستیەی سەرەوەبێت.

لەم نێوەندە سیاسیەدا ئەو هێزەی زیاتر چاوی ئومێدی لەسەرەو بڕیارەکانی بون بەبڕیاری زۆرایەتی شەقامی کوردی بزوتنەوەی گۆڕانە. بەتایبەت دوای ئەوەی کشانەوەی لەحکومەتی هەرێم راگەیاند جەدەلێکی زۆری لەنێو میدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دروستکرد کە توانی گەرموگوڕی بداتەوە باس و بابەتە سیاسیەکان، بەشێک لە چالاکوان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابو کات درەنگ بو بۆ کشانەوە و دەبوایە زوتر گۆڕان ئەو کات بکشایەتەوە کە وەزیرەکان و سەرۆکی پەرلەمان رێگەیان پێنەدرا بچنەوە هەولێر.

من بۆ وەڵامی ئەمانە دەمەوێ رونکردنەوەیەکی رەوانشاد کاک نەوشیروان، کۆتایی (2016) بۆ رەوەندی کوردی لە لەندەن بیر هەموان بێنمەوە، ئەوکات پارتی و سەرسەختانە دژایەتی گەڕانەوەی سەرۆک پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان دەکرد، تا ئاستی ئەوەی دورکەوتنەوەی ستافی گۆڕانی کردبو بەمەرج بۆ هەرجوڵەو هەنگاوێکی سیاسی نوێ. کاک نەوشیروان بە ئامادەبوانی وت؛ نامانەوێ ئەو بنەمایە بچەسپێ کە هەرچی پارتی دەموچاوی بەدڵ نەبو لە هەولێر مەحرومی بکاو لە حکومەت دوریخاتەوە.

ئەوەبو گۆڕان لەو بابەتە تەنازولی بە پارتی کردو گەیشتە ئەوەی لەزاری سەرۆکی پارتیەوە راگەیەندرا کە رێگرنین لەگەڕانەوەی تیمی وزاری گۆڕان. دوای ئەوە ئەولەویەتی گۆڕان بۆ گەڕانەوەیان راگرتنی هاوسەنگی هێز بو لەو پێناوەدا گفتوگۆی زۆرکرا لەسەر شێوازی چونەوە ناو حکومەت.

دوای روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر و لاوازبونی تەواوەتی کیانی کوردی لەباشور لەدەستچونی نیوەی خاک و دانیشتوان، بە رەچاوکردنی بارودۆخی نەتەوەیی و راگرتن و چەسپاندنی دەسەڵاتی کورد لە عێراق هەروەها بە بایەخ وەرگرتنی داواکاری ئەمەریکا بۆ پاراستنی حکومەتی هەرێم، گۆڕان هەوڵی مانەوەی ئەدا لە حکومەت، دوای خۆپیشاندانی بەرفراوان و بەرزبونەوەی زیاتری دەنگی ناڕازی و دەستەوەستانبونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەدابینکردنی سەرەتایترین ماف و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک.

لێرەوە گۆڕان کەوتە دیراسەتی کشانەوەی لە پرۆسەی سەقەتی حوکمڕانی و مانەوەشی بەجۆرێک بە نەنگی زانی له حکومەتێک کە روی بێ دوای ئەم هەمو شکستە دەست لەخەڵک بەرزکاتەوە.

بەخوێندنەوەی سیاسەت و هەڵوێستی گۆڕان بۆمان دەردەکەوێت کە بەڵێ بڕیاری ژیرانەی بۆ هەمو قۆناغێک وەک خۆی هەیەو هەقە ئەوانەی بەردی تێ ئەگرن، سیاسەت لە گۆڕان فێربن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە