بردنەوە دەبێت چۆن بێت؟!

ئامانج هەرتەلی

بردنەوە ئەوەنیە خۆت ببەستیتەوە بەسەدان داستانی شاخ و هەمو رۆژێک بەدیاریەوە بخەویت، لەکاتی هەستانیشدا بەم قەوانە کۆنە بیکوتیتەوە، خەڵک بێزار و ناڕەحەت بکەی پێی، کە لەدورەوە تەماشات کردون، دەیان لە هاوڕێکانت شەهید بون، دەیانیتر بریندار و کەم ئەندام ماونەتەوە و بەدیار ئازاری ئەو رۆژگارەوە دەتلێنەوە.

بردنەوە ئەوەیە شەو و رۆژ بخەیتە سەریەک و هەوڵبدەی ئارامی بۆ گەلەکەت دابین بکەی لەرێگای یاسای جوان و بە‌هێزەوە، بەم یاسایانە لەبری ناڕەحەتی ئاسودەیی دابین بکەیت، لەبری ناخۆشی بۆ گەلەکەت، بەڵکو هەوڵبدەیت گەلەکەت بەرەوپێشەوە ببەیت، بیگەیەنیتە ئاستی گەلانی پێشکەوتو، هەر رۆژە لەگەڵ یاسایەکی نوێدا لەخەو هەڵبستیت هەروەها لەگەڵ هەمو رۆژێکی نوێدا خەندەیەک بخەیتە سەر لێوی خەڵک.

ئەوە بردنەوە نیە، ئێستاش تۆ لەگەڵ یادگارییەکانی ئەوێ رۆژێ دەستت داوەتە پاتاڵی و خواردنی ماڵی ئەم میللەتە و خیانەت کردنیش بە رێبازی ئەو هاورێ شەهید و بریندارانەی لە پێناوی ئەو رێبازەدا گیان و قوربانیاندا، ئێستا نایان ناسیتەوە، کەسوکاریان بەچاوێکیتر دەبینی. ئەوەی تۆ بردنەوە نیە، بەڵکو روزەردی بەردەم گەل و مێژو و نەوەکانی خۆت زیاتر هیچیترنیە. سبەی پێش هەمو کەسێک نەوەکەت شەرم لەرابردوی باپیرەی دەکات، لە کاتێکدا بەناوی ئازادی و سەروەری نیشتیمان خەباتت بۆ کردوە، تیایدا کوری ئەم گەلەت بەکوشتداوە، سەدان خەونی رەنگاڵەی مێشکی لاوی کوردت، لەبۆتەی دروشمی خاک و نەتەوەدا هەڵوەراندوە، لە سێبەری ئەم دروشمانەدا شەهید بوە.

ئەوە بردنەوەیە کە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ بەرنامەکانی رۆژدا کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی کرد، هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بو، لە بەدیهێنانی داپەروەری و یەکسانی و مافی وەک یەکی تاک بەتاکی کوردستان، روسور لەبەردەم دەنگدەرانی و سەربەرز لەبەردەم گەلەکەتدا، خەڵک بەچاوی رێزەوە دەڕوانێتە ماندوبونت، هەوڵەکانیشت لە لەپەرە زێرینە هەرە پرشنگدارەکانی مێژوی گەلەکەتدا دەدرەوشیتەوە، نەک هەر جێگای شانازی نەوەکانت دەبی، بەڵکو جێگای فەخری گەل و نەتەوەکەتی، بۆیە ئەوەی تۆ کردت لەپێناوی شکۆداری نەتەوە و نیشتیمان و ئاسودەیی رۆحی شەهید و بەختەوەری برینداران و کەسەبێنەوەکانی ئەم گەلەبو.

ئەوەی تۆ بردنەوەنیە ئەمڕۆ خیانەت بەم دروشمانەو بە نیشتمان و خاکەوە دەکەیت، کەسوکاری تیادا برسی دەکەیت، ئەو خاکەی بۆ شەهیدان بستێ خاک و بۆ کەسوکاریان دۆزەخێک لەگەڵ کەمئەندامان و برینداران. تۆش خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار و هەزاران دۆنم زەوی و دەیان کۆمپانیای تاڵانکاریت، ئێستا هاوڕێکان شەرم لە رێبەریت دەکەن، نەوەکانت شەرم لە تۆ و خەباتت دەکەن، بۆیان بکرێت مێژوی خەبات دەسڕنەوە.

ئەوە بردنەوەیە تۆ وەک سەرۆکی پەرلەمان کە سەدان شتی باشت لەبەردەست دابو، بەڵکو سەدان دەرفەتی زێڕینت بۆ هەڵکەوتوە، کە دەتوانی لە پێناوی مانەوەی خۆی وەک ئەوانیتر چی سەروەت و سامان هەیە بەدەستی بێنی، بەڵام تۆ هەمو ئەوانەت رەتکردوە و توانیت درێژە بەرێبازەکەت بدەیت و لەبەردەم خوا و گەل و دەنگدەرانی گۆڕاندا سەربەرز بیت، لەولاشەوە متمانەی پیاوێکی پڕ خەبات و قوربانی وەک کاک نەوشیروانت پاراست، ئەوەش ئاستی گەورەیی و دڵسۆزیت دەسەلمێنێ بەرامبەر بەو متمانەیەی کە لەلایەن رێکخەرەکەت و سەدان مرۆڤی ستەملێکراوی گەلەکەت پێدرا. بەداخەوە هەندێک لەم کەسانە نەیانتوانی متمانەکە بپارێزن، ئەگەر گۆڕان نەبوایە ئەبوایە سەدان رۆژ لەدەرگای خاوەن ئەو پۆستە بوەستانایە بەس بۆ دیتن کە ئێستا لەسەری دانیشتون.

بۆیە ئەوەی تۆ بردنەوە نیە، بەڵکو دۆڕانێکی گەورەیە ئەو کەسەی پشت بەخەباتی شاخی بەستوە لەسایەیدا خاوەنی ئەرز و ئاسمانن و خەڵکیش لەسێبەرتدا برسی و رەشو روتە، بەڵکو بردنەوە ئەوەیە لەسەردەمی خۆتدا خاوەنی دیدگای رونبیت و وەک سەرۆکی پەرلەمان خاوەنی بستێک زەوی نیت، لەپێناوی گەلەکەشیدا قوربانی گەورە بەخۆت بدەیت، بەڵام متمانەی گەورە بەدەست بهێنی.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە