(سبەی):
خۆپیشاندانه‌كان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەردەوامە و لە شارۆچكه‌یه‌كی پارێزگای لوڕستان به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه دو خۆپیشانده‌ر گیانیان لەدەستدا.
به‌پێی دوایین راپۆرته‌كان، رۆژی شەممە له شارۆچكه‌ی دورود له پارێزگای لوڕستانی ئێران، هێزه ئه‌منییه‌كان ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كردوه و به‌وهۆیه‌وه دو خۆپیشانده‌ر كوژراون و ژماره‌یه‌كی دیکەش برینداربون.
ئاژانسی رۆیته‌رز رایگه‌یاند، له هه‌ندێك ناوچه‌ی ئێران خۆپیشانده‌ران هێرشیان كردوه‌ته سه‌ر داموده‌زگاكان، ئه‌وه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كیی رودانی پێكدادان بوه له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان.
له دوای ساڵی (2009) كه خۆپیشاندانی به‌رفراوان له‌دژی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێوه‌چو، ئه‌مه گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانه كه له ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هۆكاری سه‌ره‌كیی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش بێكاری و به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی شتومه‌كه له بازاڕدا.