حەوت سەرنج دەربارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساتەی ئێران

مەریوان وریا قانع

یەکەم: ئەم شەپۆلە لە خۆپیشاندان شەپۆلێکی سەرتاسەرەییە، بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێرانی گرتۆتەوە، رەنگە سەرەتاکەی پابەستی دەستپێشخەری باڵە کۆنەپارێزەکەی ناو رژێم خۆی بوبێت دژ بە حکومەتەکەی رۆحانی، بەڵام لە ئێستادا خۆپیشاندانەکان لەدەستی ئەوان چۆتەدەرەوە و بوە بە جوڵەیەکی بەرفراوانی کۆمەڵگا دژ بە حوکمڕانییە ئیسلامییەکە.

دوھەم: لە ماوەیەکی کورتدا ناڕەزایەتییەکان گۆڕانێکی چۆنایەتییان بەسەردا ھاتو لە ناڕەزاییەتیەکی ئابورییەوە گۆڕاوە بۆ ناڕەزاییەتییەکی سیاسیی، لە خۆپیشاندن دژ بە بەرزبونەوەی نرخی شتومەک و پێداویستییە بنەڕەتییەکانەوە گۆڕاوە بۆ خۆپیشندان دژ بە سیستمە سیاسییەکە. بە مانایەکی دیکە داخوازییەکان تەنھا وەک داخوازیی ئابوریی و کۆمەڵایەتییەوە نەماونەتەوە و داخوازیی سیاسیشیان چوەتەسەر.

سێھەم: بەڵام ئەو گۆڕانە لە ئابورییەوە بۆ سیاسەت نابێت ئەوە لەبیربباتەوە کە ھۆکاری ڕاستەقینەی ناڕەزاییدەربڕینەکان تێکچونی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگای ئێرانی و نەتوانینی دابینکردنی پێداویستە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ئەو ژیانەیە. ئەمەش بەھۆی بەرزبونەوەیەکی بەرچاوی نرخی خۆراک، دروستبونی نابەرابەرییەکی گەورە لەو کۆمەڵگایەدا، ئامادەگیی گەندەڵییەکی گەورە و بەرفراوان، ھاتنەخوارەوەی ئاستی بەرھەمھێنان، قەیرانی ئابوریەک کە پشتی تەواوی تەنھا بە ئابوری نەوت بەستوە، بێکارییەکی گەورەی گەنجان، پیس بونی ژینگە، ھتد..

چوارەم: ئەوەی شوێنی تێڕامانە لەم شەپۆلە تازەیەی خۆپیشانداندا ئەوەیە لە ناوچە پەراوێزییەکانەوە دەستیپێکردو دواتر بەرەو سێنەتەرە گەورەکانی دەسەڵات و سیستمە سیاسییەکە رۆیشت: لە مەشھەدەوە سەریھەڵداو لە ئێستادا گەیشتۆتە تاران، لەکاتێکدا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بزوتنەوە ناڕەزاییەکانی پێشتری ئەو وڵاتە لەوەدابو کە تەنھا لە سنوری شارە گەورەکاندا قەتیس دەبو، بەتایبەتی لە سنوری تاراندا، وەک بزوتنەوەی سەوز لە ساڵی (٢٠٠٩)دا.

پێنجەم: ئەم بزوتنەوەیەی ئێستا بزوتنەوەی بەشە ھەژار و پەراوێزیەکەی کۆمەڵگای ئێرانییە، لەکاتێکدا بزوتنەوەکانی پێشوتری ئەو وڵاتە زیاتر بزوتنەوەی خوێندکاران و چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگا بو. ئەوەی ئێستا لەسەر شەقامەکانە خەڵکە بە مانا سادەکەی، واتە بەشی خوارەوە کۆمەڵگا.

شەشەم: رەنگە زەحمەت بێت ئەم بزوتنەوەیەی وەک تاکە بزوتنەوەیەک ببینین، لەڕاستیدا رەنگە ئەوەی ئەم بزوتنەوەیە لەوانەی پێشخۆی جیاباتەوە ئەوەبێت کە ئەمجارە بزوتنەوەکە ”یەک“ بزوتنەوە نییە، بەڵکو زیاد لە بزوتنەوەیەکە کە ھەندێک شتی ھاوبەش و ھەندێک جیاوازیی سەرەکییان تێدایە. بۆ نمونە خۆپیشاندان لە ناوچە کوردستانییەکاندا دابڕاو نییە لەو مەسەلەیەی ناوی ”مەسەلەی کورد“ە و پابەستی مافەکانی میلەتێکی چەوساوەی ناو ئەو وڵاتەیە. لەناوچە کوردستانییەکاندا ژێرخانی سەرەکیی ناڕەزاییەتییەکان کورتنابێتەوە تەنھا بۆ داواکاری ئابوریی و سیاسیی گشتیی، بەڵکو ھەندێک لە خواستەکانی ئەو ناوچانە پابەستن بە کوردبونی ئەوان و بە ”مەسەلەی کورد“ەوە لەو وڵاتەدا.

حەوتەم: لە ئێستادا ھەندێک مەیلی ترسناک لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا دەبینرێت کە پێویستە لەیادنەکرێت و ببینرێت، لەوانە بۆ نمونە خەونی ترسناک و خراپی گەڕانەوە بۆ سیستمی پاشایەتی.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە