خۆپیشاندانەکانی ئێران؛ چەند سەرنجێک

سەردار عەزیز

یەکەم، چاودێریکردنی ئەوەی لە ناوەوەی ئێران رودەدات، بە گشتی بە سەر دو قوتابخانەدا بەش دەبن: ئەوانەی بڕوایان وەهایە کە ئەوە رودەدات بەشێکە لە گەشەی کۆماری ئیسلامی و قەیرانەکانی، بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆکاری روخانی رژێم، ئەوانی تر، لە سەنگەری ئەوبەر بڕوایان وەهایە کە ئەمە ساتەوەختی گۆڕانکاریە لە ئێران.

دوەم، خۆپێشاندانەکان رەهەندی ئابورییان هەیە نەک سیاسی. هەژاری لە پلەیەکی باڵادایە، بێکاری لە هەڵکشاندایە، هیچ هیوایەک نیە بۆ باشتربونی دۆخەکە. لە ئێران گۆڕانکاری نیولیبرال بوەتە هۆی هەژاربونی پەراوێزکان و دەوڵەمەندبونی شارەکان.

سێیەم، ئێرانیەکان دەیانەوێت وڵاتەکەیان داهاتی لە ناوخۆی وڵاتدا سەرف بکات نەک لە جێگاکانی تر. پرسیارەکەی کیسنجەر: ئایا ئێران وڵاتە یان قەزیە. خەڵكی ئێران دەیانەوێت ئێران ببێتە دەوڵەتێکی نەتەوەیی، نەک هەڵگری قەزییەک.

چوارهەم، ئێرانیەکان دژ بە رژێمن دەیانەوێت ئەم رژێمە بگۆڕیت.

پێنجەم، هەمیشە لە ئێران خۆپێشاندان هەبوە، ئەمە تەنها درێژەی ئەوانەیە.

لێکدانەوە

خۆپیشاندان خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە. یەکێکە لە دیاریدە هەستیارەکان بە تایبەت بۆ ئەو رژێمانەی کە دیموکراسی نین. هەمیشە رژێمی سیاسی نا دیموکراسی لە راڕایی ئەوەدایە ئایا سەرکوتکردن دەبێتە هۆی پەرچەکردار و چڕبونەوەی خۆپیشاندانەکان، یان سەرکوتکردن دەبێتە هۆی کۆتایی پێهێنانی. دەکرێت هەردو روبدات، هەمو لەسەر کۆمەڵێک ئەگەر و بارودۆخی تایبەت و هەمو هۆکارەکانی تر.

دیارە ئێران پڕە لە ناڕەزایی، بەڵام وەها هەست دەکرا کە ئێرانیەکان سیاسەتیان واز لێهێناوە، زیاتر کار لە سەر گۆڕانکاری ژیانی شەخسی دەکەن: مەشروب و تلیاک و سێکس. بەڵام رەنگە دۆخی ئابوری هێندە سەخت بێت کە ئەم سەرقاڵیانە نەتوانێت چارەسەری دۆخەکە بکات.

ئێرانیەکان دژ بە وڵاتەکەیان نین. لە راستیدا داوای ئەوە دەکەن کە وڵاتەکەیان ببێتە وڵاتێک کە خەمی ئەوان بخوات نەک ئەوانیتر. بەڵام ئەم دیدە قەیرانەکەی لەوەدایە کە ئێران بە دەست کۆمەڵێک قەیرانەوە دەناڵێنێت هەر رژێمێک لەسەر دەسەڵات بێت کۆمەڵێک رەفتار دەکات کە هیچ جیاوازنابێت لە رژێمەکانی تر. بۆ نمونە هاوشێوەی زۆر هەیە لە نێوان کۆماری ئیسلامی کە دێتە سەر سیاسەتی ئیقلیمی ئێران یان سیاسەتی ئەتۆمی لە گەڵ رژێمی شادا.

دەڵێن ئەمەریکا مۆدێلی شەڕی سارد دەگرێت بەرامبەر ئێران، بەمانای ئەوەی دەیەوێت لە ململانێیەکی درێژخایەندا لاوازی بکات و لە ناوەوە توشی داڕوخانی بکات، چونکە ناتوانێت هیزی سەربازی بەرامبەری بەکاربهێنێت. ئێرانیش بۆ پەرچدانەوەی ئەمە دەیەوێت دەسەڵاتی فراوانی هەبێت هەتا بتوانێت دانوستانی پێبکات لە گەڵ ئەمەریکادا.

(بیرتانە، سەدام، پاش شەڕی ئێران هەستی کرد کە رۆژئاوا رێگەنادات کە ئەو سوپا بەهێزەی بمێنێتەوە، ئەویش کوەیتی گرت بۆ ئەوەی دانوستانی پێبکات. جۆرێک لە هەمان مۆدێل لە ئارادایە).

ئایا چی دەبێت:

یەکەم، ئەگەری هەیە وەک جاری پێشو (٢٠٠٩) دەوڵەت بتوانێت ناڕەزاییەکان دابمرکێنێتەوە. بەڵام مامەڵەی سەربازی و ئاسایشی مانای چارەسەربونی کێشەکان نیە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێران دەتوانێت لە بواری ئابوری و گەندەڵی و قۆرغکردنی ئابوریدا چاکسازی بکات. دیارە نەخێر. لە بەر زاڵبونی نوخبەیەکی تایبەت بە سەر ئابوریدا و گۆڕانی ئابوری بۆ ئامرازێکی هەستیاری سیاسی. لەم دۆخەدا دەسەڵات رەنگە بەهێزبێت وەک توانای بەکارهێنانی هێز، بەڵام لاوازبێت لە بوارەکانی تردا. دەبێت ئەو راستیە لەبەرچاو بگرین هیچ دەسەڵاتێک تەنها بە هێز ناتوانێت حکوم بکات بۆ ماوەی درێژ.

دو، ئەگەری زاڵبونی باڵای بەسیج و لاوازبونی باڵی مەدەنی لە ئێران، بە تایبەت گومانی ئەوە هەیە کە ناڕەزاییەکان لە سەرەتادا دەستکیسەی باڵی توندڕەو خۆیان بن. لە دۆخێکی وەهادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئیدارەی ترەمپ کاری ئاسانتر دەبێت لە زیادکردنی ئابڵوقەکان و بەتاڵکردنەوەی رێکەوتنی ئەتۆمی.

سێیەم، ناڕەزاییەکان دەبێت هۆکاری گۆڕینی سیستەم یان گۆڕینی رەفتاری سیستەم. لە هەرکام لەم دۆخانەدا نەیارانی ئیقلیمی ئێران و نەیارانی نێودەوڵەتی و ئۆپۆزسیون هەوڵی سودمەندبون دەدەن.

ئایا خەڵكی ئێران سودمەند دەبێت لەم خۆپیشاندانە. ئێرانیەکان داوای دیموکراسی دەکەن: ئەمە خواستێکی بێمانایە. دیموکراسی بریتیە لە دەسەڵاتی خەڵک، بەڵام پێویستی بە دەزگا و یاسا و هاوسەنگی هێز و کەلتور و دابەشبونی دەسەڵاتەکان و بڕوابونی خەڵک بە گفتوگۆ و بونی پشودرێژی و ئابوری باش و لێبوردەیی و زۆری شتی تر هەیە، کە ئێرانیەکان نازانن چۆن فەراهەمی بکەن.

ئێران لە سەرپشکی وڵاتانی مۆدرێن بوە لە ناوچەکەدا، ئێرانیەکان خۆیان بە گەلێکی باڵا دەزانن، بەڵام لە راستیدا ئێرانیەکان هەڵوێستێکی زۆر پەرچەکرداری یان ملکەچییانەیان هەیە بەرامبەر رۆژئاوا. بەشێک لە بیرمەندانی ئێران هەوڵی ئەوە ئەدەن ئێران وەها وێنابکەن کە گەورەترە لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی، بنواڕە حەمید دەباشی، دیارە ئەم دیدە هەتا ئێسقان ئیمپراتۆریانەیە.

ئێرانیەکان لە (١٩٧٩) راپەڕێنران خۆیان و ناوچەکە و جیهانیان توشی کێشەکرد. ئێستا ئەستەمە چاوەڕێی هیچ شتێکی باشیان لێبکرێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە