کێ ئەزمونی ماکرۆن دوبارە دەکاتەوە؟

کامەران سوبحان

ماوەیەکە لە کوردستان، باس لە دوبارەکردنەوەی ئەزمونی (ئیمانۆئێل ماکرۆن)ی سەرۆکی فەڕەنسا دەکرێ. بەبێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بکرێت نە کوردستان دەبێتە فەڕەنساو نە لە ئێستادا کارەکتەری وەک (ئیمانۆئێل ماکرۆن)مان هەیە!.

11ی ئۆکتۆبەری 2017 لە دواهەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێبی فرانکفۆرت، لە دەستپێکی کردنەوەیدا، بە ئامادەبونی دەیان سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا و چەندین وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، بەشداری مەراسیمی کردنەوەی پێشانگەکە بوم، کە جگە لە (ئەنجێلا مێرکڵ – راوێژکاری ئەڵمانیا) سەرۆکی فەڕەنساش (ئیمانۆئێل ماکرۆن) وتارێکی کورت و گرنگی پێشکەشکرد، ئەمە خاڵی گرنگی وتەکانی بو:

  1. کلتور و فەرهەنگی بەرزی مرۆڤایەتی دور لە توندوتیژیی کردار و گوفتار، بنەمای گۆڕانکاریی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە، بێ بیرکردنەوەیەکی قوڵ ناتوانین دونیا بگۆڕین، شانازییە بۆ من، لە دونیای کولتورو هونەرەوە دەستم بە گۆڕانکاریی سیاسیی وڵاتەکەم کرد!.
  2. پەیوەندی نێوان (تەکنەلۆژیا و بزنس و کولتور) پەیوەندییەکی ئۆرگانیی و مێژوییە، گەر بمانەوێ کۆمەڵگەکەمان پێش بخەین، بێ ئەم سێ چەمکە، ناتوانین گۆڕانکاریی بنەڕەتی بکەین!.
  3. پەیوەندی نێوان رۆشنبیران و دەستەبژێر، لەگەڵ سیاسیی و دەسەڵاتداران، دەبێ لەسەر بنەمای کرانەوەو پێشکەوتنی کۆمەڵگە و دورکەوتنەوە بێ لە توندوتیژیی، بێ ئەم بیروباوەڕانە، ناتوانین درێژە بە حوکمڕانییەکی تەندروست بدەین و خزمەتی هاوڵاتیان بکەین و کولتور بەرەو پێشەوە بەرین!.
  4. شانازییە بۆ من لە هۆڵێکدا قسە دەکەم، جگە لە کۆمەڵێ سەرۆک و بەرپرسان تێیدا ئامادەن، کۆمەڵێ نوسەر و رۆشنبیریی دونیا ئامادەن، گۆڕانکاریی و بەرەنگاربونەوەی هزریی توندوتیژیی، بێ ئەم دەستەبژێر کارێکی مەحاڵە!.
  5. من فەڕەنسیم و شانازیی بە دیموکراسی وڵاتەکەی خۆمەوە دەکەم، بەڵام بەشێ لە شانازییەکانیشم ئەوەیە، قۆناغێکی خوێندنم لە ئەڵمانیا تەواو کردوە، لە ئەڵمانییەکانەوە فێر دەبیت، چۆن کۆڵنەدەرانە، خزمەتی وڵاتی خۆت و چۆن خزمەتی کولتوریی وڵاتەکەت بکەیت و گۆڕانکارییش بکەیت!..

لە وتەکانی ئەو سەرۆکە گەنجەوە ئەوەم خوێندەوە، کە ئەو سیاسییەکی ئارام و وردبینە، راستە وەک گەنجێ دەرفەتی ئەوەی بەدەستهێناوە ببێتە سەرۆکی یەکێ لە وڵاتە گەورەکانی جیهان، بەڵام بەکارکردن و کۆشش، نەک بە هەڵپەهەڵپ و دروشم و قیڕو هوڕیی بەر مایک و هۆڵ و کۆبونەوەکان!.

ئەوەی لە هەرکوێیەکی دونیا بیەوێ لاسایی ئەزمونی (ئیمانۆئێل ماکرۆن) بکاتەوە، پێش هەوڵی گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگە و سیستەمی وڵاتەکەی خۆی، دەبێ هەوڵی گۆڕانکاریی بدات لە خودی خۆی و ئەو پەیام و دروشمانەی هەڵی گرتوەو ئەو ئامانجەی کاری بۆ دەکات!.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە