حکومەتى کات بەڕێکەر

د.ئیسماعیل نامیق

ئەم حکومەتەى ئێستاى هەرێم مەگەر تەنها لاى نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵەبانى حکومەت بێت و شەرعیەتى مابێ، چونکە لەروى کاتەوە، پێویست بو ئێستا هەڵبژاردن بکرابا و حکومەتێکى نوێ پێک بهێنرایە، پارتى و یەکێتى بەهاوکارى چەند لایەنێکى دیکە رێگریان لەمە کردو، لەمامەڵەیەکى ژێربەژێردا بەسیناریۆیەکى ناشرین تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمانیان درێژکردوە، دەرەنجام تەمەنى هاوڕێیەتى ئەو دو بەڕێزەش درێژکرایەوە، بۆ بەردەوامبون لەسەر کارە خراپەکانیان.

کەواتە لەروى کاتەوە، تەمەنى ئەم حکومەتە بە پرۆسەى بوژاندنەوەى دەستکرد درێژکراوەتەوە. لەروى مومارەسەوە، حکومەتەکەى نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵەبانى بەتەواوى شەرعیەتى مومارەسەى لەدەستداوە، چونکە تا ئەوپەڕى سنورەکان فەشەلى هێناوە لەبەڕێوەبردن ودابینکردنى پێداویستى و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانى ژیان، هەروەها لەژێر سایەى ئەم حکومەتەدا نیوەى خاکى کوردستان لەدەستدرا، نیوەکەى دیکەى ئابڵوقە درا، شکۆى کورد و پێشمەرگە شکێنرا، ئەو بەرپرسانەى کە لەژینگەى ئەم حکومەتە شکستخواردوەدا وەکو زەرو قەڵەو بون، پێشمەرگەیان بە تەنها لە مەیدانەکانى جەنگ بەجێهێشت وخۆیان هەڵاتن، کەچى لە خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەدا، ئەو چەک و تەقەمەنى و هەمەرانەیان هێنا بۆ ئازاردان و کوشتنى خەڵک، کە بە قسەى خۆیان بەشى تەنها نیو سەعات بەرگریکردن و شەڕکردنى نەدەکرد.

شەرعیەتى مومارەسەش دیوى دوەمى شەرعیەتە، دیوى یەکەمى بریتیە لەشەرعیەتى هەڵبژاردن، هەر یەکێک لەم دو دیوە نەمێنێ شەرعیەت لەق دەبێ، ئێستا حکومەتەکەى نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵەبانى، دیوى یەکەمى شەرعیەتى بەموزەیەفى بۆ خۆى هێشتۆتەوە، بەڵام دیوى دوەمى شەرعیەتى بەتەواوى لەدەستداوە. لەروى ژمارەشەوە شوێنى بەشێکى زۆرى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران بەتاڵە، جا یان دەستیان لە کارکێشاوەتەوە، یان لە مۆڵەت و غیابێکى نیمچە هەمیشەیدان، بۆیە لەم روەشەوە حکومەتەکە تەواو لەقبوە.

بزوتنەوەى گۆڕان زۆر هەوڵیدا ئەم حکومەتە شەق و شڕە هەڵوەشێنرێتەوە، لەجێگەى حکومەتێکى کاتى دروست بکرێت، یەکەم هەنگاوى ئەو حکومەتە کاتیە دانوستان بێت لەگەڵ حکومەتى فیدراڵدا بەدەنگێکى دلێرتر و بەهێزترى هەڵقوڵاو لەهاوهەڵوێستى لەمەڕ پرسە چارەنوسسازەکان، بەڵام دەسەڵاتى ماڵبات و خۆبەزلزانى ناو پارتى و یەکێتى وەکو عادەتى هەمیشەییان رێگریان لەهەوڵەکەى گۆڕان کرد، مکوڕ بون لەسەر مانەوەى حکومەتەکە بەو شێوەیە، بۆیە گۆڕانیش ناچار بو لەگەڵ کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى بەشاندێکى هاوبەش سەردانى بەغدا بکەن، ئەم سێ هێزە لەروى ژمارەوە نوێنەرایەتى بەشێکى زۆرى خەڵکى کوردستان دەکەن، لەروى بابەت و ئامانجى سەردانەکەشیانەوە، دەتوانم بڵێم نوێنەرایەتى زۆرینەى رەهاى کۆمەڵگەى کوردستان دەکەن، و هیچ یاسایەکیش نیە رێگرییان لێ بکات، چ وەکو بەرەیەکى ئۆپۆزسیۆن، چ وەکو پارتى سیاسى، سەردانى هەر دامەزراوەو هێزێکى عێراقى بکەن، بەڵام ئێستا کە پارتى و یەکێتى هاتون دەستى چەوری خۆیان بەم سێ هێزەدا ئەسڕن، لەوە ناترسن ئەرشیفى سەردان و دانوستانەکانى خۆیان بخرێتەوە بەرچاو، وا ئەزانن خەڵکى کوردستان ئەوەندە زاکیرەى بچوکە، بیری چۆتەوە کێ ئەچو بۆ بەغداو وڵاتان بۆ بابەتى ریفراندۆم و دروستکردنى دەوڵەت!

گۆڕان هیچ کات لەگەڵ ئەوە نەبوە وەفدى حیزبى دانوستان لە سەر بابەتى پەیوەندیەکانى هەرێم بکات، بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوەى رەتکردۆتەوە تەسلیم بەویستى خراپى یەکێتى و پارتى بێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لەبەرەى ئۆپۆزسیۆن لەروى ئەخلاقیەوە مولزەمن بەوەى بەرگرى لەژیان و مافى خەڵکى کوردستان بکەن، بە تایبەتى لەو کاتەى پارتى و یەکێتى دەیانەوێت خەڵکى زیاتر بچەوسێننەوەو ملکەچى ویستى شەڕانگێزى خۆیانى بکەن، لەبەر ئەوە دەبێت پارتى و یەکێتى دوا کەس بن رەخنەیان لەسەردانەکەى ئەو سێ لایەنە هەبێت بۆ بەغداو بەسەردانێکى حیزبى وەسفى بکەن، ئەمە ئەوەیە ئەڵێن تا خاوەن ماڵ دزى گرت دز خاوەن ماڵى گرت.

لەکۆتاییدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم لەساڵى 1921 جگە لەناوچەکانى کوردستان هەمو ناوچەکانى دیکەى عێراق لەگەڵ دانانى مەلیک فەیسەڵ و حوکمى پاشایەتى و پشتاوپشتدا بون لەعێراقدا، کەچى ئێستا وێنەکە تەواو پێچەوانە بۆتەوە، لەهەمو ناوچەکانى عێراقدا حوکمى پشتاو پشت و بنەماڵەیى نەماوە، بەڵام لەکوردستاندا هەوڵدەدرێت، پایەکانى حوکمى بنەماڵەیى بەهێز بکرێت، واتە مۆدێلەکە بونى هەیە و هەستپێکراوە، بۆیە ئەرکى گۆڕان و هێزەکانى دیکەیە رێگرى لەم مۆدێلە خراپەى حوکمڕانى بکەن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە