کام یاساو کام رێکار؟

موئەیەد ئەحمەد

لە بیرت چوە کە وەزیرەکانی گۆڕان تەنها ساڵ و نیوێک لە ناو حکومەتدا بون و لەگەرمەی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بە بڕیاری مامی جەنابت و لەکوبونەوەیەکی حیزبی و بەبێ رەچاوکردنی هیچ یاسایەک بڕیاریدا وەزیرەکانی گۆڕان رەوانەی ماڵەوە بکات و رێگری لە سەرۆکی شەرعی پەرلەمان کرد لەبەرئەوەی دەستی برد بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام جەنابت هیج کاردانەوەیەکت نەبو جگە لە جێبەجێ کردنی بڕیار و وەک کەسێکی بێ دەسەڵات خۆت نیشاندا.

بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر شەڕی داعش و مەترسییەکان لەسەر خاک و خەڵکی کوردستان دانی بە خۆدا گرت، ئێوەش لەو رۆژەوەی سومعەی هەرێمتان لەکەدار کردو کوردستانتان پڕ کرد لە قەیران، موچەی خەڵکتان بڕی، سامانی وڵاتان هەراجکرد، پرۆژە خزمەتگوزارییەکان وەستێنران و ئابوری وڵاتان وێران کرد، دواتر بۆ پارێزگاری لە کورسی سەرۆکایەتی دەستان برد بۆ پرسی سەربەخۆیی و بانگەشەی ریفراندۆمتان دەستپێکرد و لە دەرەوەی یاسا لەگەڵ هاوئاوازەکانتان ئەنجومەنی ریفراندۆمتان دروست کردو بڕیاری ریفراندۆمتان دەرکردو ئەنجامتاندا، گوێتان لە داواو پێشنیاری بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و دۆستانی گەلی کوردو هاوپەیمانان نەگرت، لەئەنجامدا هەمو دوژمنانی کوردتان یەکخست سەرەڕای جیاوازییەکانیان.

هەر ئێوە بون لەکاتی بانگەشەی ریفراندۆم دەستان کرد بە پەنجە راوەشاندن و هەڕەشەتان لە دونیا دەکردو خەڵکتان تەخوین دەکردو دەتانوت ئەمە بڕیاری گەلەو “حیساب بۆ یەک بەشەر ناکەین”. گفتوگۆتان لەگەڵ بەغدا بە چاودێری نێودەوڵەتی رەتکردەوە.

ئەوە بەبیر سەرۆکی ئەم حکومەتە دەهێنمەوە، کە لە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم  جەنابت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتت ئەم ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی نیەو لە ژێر ئاڵای عێراق دەمێنم و داوای گفتوگۆت کرد لەگەڵ حەیدەر عەبادی، بەڵام ئەو رازی نەبو. پاشان 52%ی خاکی هەرێمی کوردستانتان تەسلیمی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کردو شکۆی پێشمەرگەتان شکاند، سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمتان تەسلیم کردو بێ گەڕانەوە بۆ گەل و لە نیوەی شەودا ئەنجامی ریفراندۆمتان سڕ کرد.

سەرای هەمو ئەمانە، ئێمە هاتوین داوای هەڵوەشانەوەی حکومەت و پێکهینانی حکومەتی کاتیمان کرد بۆ دەربازبون لەم قۆناغە سەختە کە سەرۆکی حیزبەکەی بەڕێزت دروستی کردوە، بەڵام رەتتان کردەوەو ئێوە سوربون لەسەر درێژەدان بە حکومەتە شکستخواردوە، کە نەیتوانیوە چارەکە موچەی فەرمانبەران دابین بکات، ئەمە جگە لە نەبونی کارەباو سوتەمەنی و خزمەتگوزاری، هەروەها دروستکردنی هەزاران کێشەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا بەهۆی قەیرانەکان و خراپی دۆخی دارایی و ئابورییەوە.

پێم سەیرە تازە جەنابت هاتوی باسی رێکاری یاسایی بکەی بو قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان، ئایا یاسا لەم وڵاتە ماوە؟ ئایا کام یاسا بو حیزبەکەی جەنابت بەکاریهێنا لەکاتی دەرکردنی وەزیرەکان، بەکام یاسا کەرکوک و شەنگالتان تەسلیمکرد، بەکام یاسا کەمینەیەک لە ئێوە لەوپەڕی خوشگوزەرانیدا بژین و خەڵک لە برسا بمرێت. ئەگەر باسی شکستەکانی حکومەتەکانی جەنابت بکەین لە (16) ساڵی رابردودا هەرگیز تەواو نابێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە