دو لیستی لە کەرکوک بۆ؟

مەلا فەرمان

لە هەڵبژاردنەکاندا هەمو بیرمان دێتەوە چۆن بەشداری بکەین، بەیەک لیستی یان زیاتر، زۆر جار هێند درەنگ بە ئاگا دێینەوە زۆر پەلەپەل دەکەین و فریا ناکەوین. ئەم تەنگەتاویەش هەندێ جار لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ناخەوە مەبەست لە یەک لیستی نیە ئەوەندەی مەبەست فریودان و بەلاڕێدابردنی جەماوەرە. لە 2014دا پارتی و یەکێتی ئەم یاریەیان لەگەڵ جەماوەر کرد و پاشان ویستیان ئۆباڵەکەی بخەنە ئەستۆی لایەنی تر.

بۆ ئەوەی یەک لیست بین پێویستە، بیبینین:

  1. ئایا لایەنەکان تەباو رێکن، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کە فرمێسکی تیمساحانەی بۆ دەڕێژن؟ نەخێر، چونکە ئەم دوانە لە شەستەکانی سەدەی رابردوەوە بزوتنەوەی کوردایەتی توشی شکستی یەک لەدوای یەک دەکەن، بە چەند بارەبونەوەی شەڕی براکوژیش بێ متمانەیی رەگی قوڵی داکوتاوە.
  2. کەرکوک و کەرکوکیەکانیان توشی زیانی زۆر گەورە کردوە. تاوانیان بەرامبەر کردون.
  3. پارتی و یەکێتی تا ئەم چرکە ساتەش لە کەرکوک یەکتر تەخوین دەکەن و یەکتر بە پیاوی بێگانە تۆمەتبار دەکەن. لە کاتێکدا هەردولایان بەرپرسی یەکەمن لە هەمو ئەو کارەساتانەی بەسەر کەرکوکدا هاتوە.
  4. یەکێتی نیشتمانی لە ناو یەکدا نەک هەر یەکڕیزی تێدا نیە، بەڵکە بەداخەوە لەبەردەم چارەنوسی نادیاردایە.
  5. ئەم دو حیزبە تەنها لەو کاتەدا لێک نزیک دەبنەوە کە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی بەرپرسەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
  6. بەشێ لە لایەنە سیاسیەکان و زۆربەی کەرکوکیەکان بڕوا و متمانەیان بەم دو حیزبە و بەرپرسەکانیان نەماوە.

 

هەمو ئەم  راستیانەی سەرەوە بونیان هەیە و لە دانیشتوانی کەرکوکەوە دیارن و دەیان پرسیار دەوروژێنن، لەوانە:

  1. چۆن بچم بۆ دەنگدانێ هەمان ئەو کەسانەی کەرکوکیان بەو دەردە تێیدا دەم سپی بن؟
  2. هەر ئەمانە نەبون نەوتی کەرکوکیان بە تاڵان برد؟
  3. هەر ئەمانە نەبون زەوی کەرکوکیان تەخشان و پەخشان کرد؟
  4. هەر ئەمانە نەبوون لە 2010 و 2014 دەیان بەڵێنی درۆیان دا؟ لەوانە تاپۆکردنی خانۆکانمان.
  5. هەر ئەمانە نەبون ئێمەیان دڵنیا دەکردەوە بەوەی مەگەر دەبابە بەسەر لاشەکانیانە بڕوات؟. ئەوان رایانکرد و دەبابە هاتە سەر لاشەی ئێمە. ئەوەتا ئێستا تەعریب دەستی پێکردۆتەوە.
  6. لای دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە دەیان پرسیاری تر هەیە، کە نوسینیان رویەکی دەوێ.

ئەمەش وادەکات بەشێکی زۆر لە کوردی کەرکوک بەشداری هەڵبژاردن نەکەن و حیزبەکانی تریش نەتوانن وەڵامی بڕواپێکەریان هەبێت. بەپێی پەیوەندی رۆژانەم بە شەقامەوە تەنها بەشێکی کەمی رێکخستنە حیزبیەکان ئامادەن بچن بۆ دەنگدان، لە باشترین باردا ناگاتە 40%. خۆ بواری ساختەکاری و چاو سورکردنەوەش نەماوە!. کەواتە باسکردن لە یەک لیستی زیانی زۆر لە پێگەی کورد دەدات لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان.

 

دو لیستی یان هاوپەیمانی

بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق بە دو هاوپەیمانی:

  1. پارتی + یەکێتی + ……هتد
  2. گۆڕان + کۆمەڵ + هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری + یەکگرتوی ئیسلامی + شیوعی + ….هتد.

واتە وەک نوێنەری دو بەرە: بەرەی هەمو ئەوانەی کەرکوکیان بەم دەردە بردوە و بەرەیەک لە هەمو ئەوانەی دەیانەوێ ئەو بارودۆخە چارەسەر بکەن. ئەم بەرەیە جگە لەوەی لەلایەک دەتوانێ وەڵامی هەمو ئەو پرسیارانەی سەرەوە بداتەوە. لە لایەکی تریش کێبڕکێیەکی باش دروست دەبێت لای ئەندامان و دەروێشەکانی ئەو حیزبانە و جەماوەر ئەمەش هانی خەڵک دەدات کە بەشداری زیاتر بکەن. ئەوەی جێی ئاماژە و دڵخۆشیە، ئەم کێبڕکێیە مەترسی پێکدادانی لێ ناکرێت چونکە ئەو دو حیزبە هێزی چەکداریان لە کەرکوک نیە.

کەواتە بەڵێ بۆ دو لیستی!: كاتێتی لێرەوە بەناوی كوردایەتی و نیشتمانەوە، سۆزی نەتەوەیی و دروشمی درۆزنانەی وەک دڵ و قودس بەرەی گەل و بەرەی گەندەڵکاران تێکەڵ نەکرێن، بە پێچەوانەوە پێویستە سنوری دیار و زەقیان لە نێواندا هەبێت، کۆتایی بەو یاریە بهێندرێت کە هەموان  تێکەڵ بکرێن، واتە:

  1. بەرەی هەژاران و ستەملێكراوان و نیشتیمان. ئەم بەرەیە پێویستە راشکاوانە خۆی بە بەدیلی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی ئێستا بزانێت.
  2. بەرەی ئەوانی تر.

بەڵام هاوپەیمانی و یەک دەنگی کوردستانیانە دوای هەڵبژاردن لە بەغدا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە