(سبەی):
سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی سلێمانی له كار لادا، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت: لابردنی داواكاری گشتی سلێمانی به‌هۆی جوڵاندنی سکاڵابوە لەسەر چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی.
د. شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به (تۆڕی میدیای گۆران)ی راگه‌یاند؛ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێم بڕیاری لابردنی حاكم به‌ختیار محه‌مه‌د سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی سلێمانی ده‌ركردوه و ئێستادا چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی بڕیاره‌كه‌ی لابردنه‌كه‌یه‌تی.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره وتی: بڕیاره‌كه له‌سه‌ر داوای به‌رپرسانی باڵای ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌ركراوه و هۆكاره‌ی بۆ ده‌ستبردنی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی و پێشێلكاری یاسایی و به‌رگریی له مافی خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران و جوڵاندنی سكاڵا له‌دژی هێزه ئه‌منییه‌كان.
له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردودا سێ سه‌رۆكی داواكاری گشتی سلێمانی له ژێرفشاری حكومه‌تدا لابراون و یان ناچاركراون ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه.