بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەكانی سلێمان بەگ درا

تاکە ئومێدى ئاوارەکان گەڕانەوەیە بۆسەر ماڵ و حاڵى خۆیان

(سبەى):

دوای سێ ساڵ لە ئاوارەبونیان بەهۆی چەكدارانی داعشەوە، ئەمڕۆ بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەكان درا بۆ زێدی خۆیان لە ناحیەی سلێمان بەگ.

تالیب بەیاتی بەڕێوەبەری ناحیەی سلێمان بەگ، دەڵێت: “سەرجەم رێكارەكانی گەڕانەوەی  ئاوارەكانی ناحیەكە بۆ سەر زێدی خۆیان تەواو بوە و لە ئەمڕۆەوە كار بۆ ئاوادانكردنەوەی سلێمان بەگ دەكەین”.

وتیشى: “كاری ئەمڕۆمان ئەوەبو چوینە ناو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سلێمان بەگ ‌و ئاڵای عێراقمان لەسەر باڵاخانەی نوێی بەڕێوبەرایەتییەكە بەرزكردەوە. لەبەرئەوەی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ناحیەكە‌ و بینای هەمو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان وێران بون لەلایەن باندە تیرۆریستیەكانەوە”. ئاماژەى بەوەشکرد؛ نوێنەرانی هەمو فەرمانگەكان ‌و تیمی ئەندازیاری یاوەریمان دەكەن بەمەبەستی ئامادەكردنی لیستی تێچوی چاككردنەوەی بیناكان.

ئەوەی بەسەر ناحیەی سلێمان جێبەجێدەكرێت بەسەر هەمو ناوچەكانی تریشدا دەبێت‌و ئاوارەكان قۆناغ بە قۆناغ دەگەڕێنرێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان.

بەپێى رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئامانج لەهاتنی هێزی كاردانەوەی خێرا گێڕانەوەی ئارامی‌ و ئاسایشە لەقۆناغی یەكەمدا‌و لەقۆناغی دوەمیش گێڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكانە لەهەمو پێكهاتەكان‌و كاركردن بۆ ئاشتەوایی لەنێوان پێكهاتەكان‌و ئەم هێزە ناڕوات تا ئەو كاتەی پۆلیس لەتوانایایدا دەبێت كۆنترۆڵی رەوشەكە دەكات.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندەی فیرقەی كاردانەوەی خێرا و بەسەرپەرشتی ژنە پەرلەمانتارى شارەکە و ئامادەبونی قائیمقامی خورماتو بە وەكالەت و بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمان بەگ و بەڕێوەبەرە خزمەتگوزاریەكانی ناحیەو قەزا ئاهەنگی كردنەوەی دەروازەی سلێمان بەگ بەڕێوەچو.

ئەمەل مەرئی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتى: “هیوا خوازین لە چەند رۆژی داهاتودا ئاوارەكانی ئەو ناحیەیە بگەڕێنەوە”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە