کوردو کۆدی پەرلەمانی ئەوروپا

سالار مەحمود

تێنەگەیشتنە لە دونیای سیاسەت ئەگەر هەبێ پێیوابێ پەرلەمانی ئەوروپا کاریگەری لەسەر ئاراستەی روداوەکانی نەک ئەوروپا بەڵکو جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نەبێ. لە جیهاندا چەند ناوەندێکی گرنگ هەن وەک مەتبەخ نەخشەرێگاو ئاراستەی روداو و چۆنێتی رودانیان تێیدا گەڵالە دەکرێ. پەرلەمانی ئەوروپا دامەزراوەیەکی پەرلەمانیی راستەوخۆ هەڵبژێراوە، باڵاترین دامەزراوەی یاسادانانیشە لە یەکێتی ئەوروپا.. لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا دو جار بەشداری دو کۆنفرانسم کردوە تایبەت بەکوردو لەپەراوێزیشدا چاوم کەوتوە بە کاربەدەستان. بۆ هەردو جارو بەتایبەتیش ئەم جارەیان کە لە کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداریم کرد. ئەم تێگەیشتنەم لا زیاتر چەسپی.

یەکەم: ئەو لایەنانەی لە پەرلەمانی ئەوروپان کاتێک لە ئۆپۆزسیۆنن پشتیوانی راستەوخۆ و هاودەنگی دەردەبڕن بۆ مافی گەلانی مافخوراو سەربەستانەتر دەنگ هەڵدەبڕن و بەدەنگەوە هاتنیان هەیە. کاتێک دەگەنە دەسەڵات “موحافیزکار”انە. لەسەر پرسەکان بۆچون و هەڵوێستەکانی خۆیان دەردەبڕن. ئەمەم لەدیداری کاربەدەستانی هەردو بلۆک بینیوە.

دوەم: سەبارەت بە کێشە بونیادیەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژوی روداوەکان و تا ئاستێک میکانیزمەکانی چارەسەریش ئەوان بە ئاگان و تەنانەت لە وردودرشتی کێشەکان تێگەیشتون. چونکە کوردستان بە روی دەرەوەی خۆیدا وەک شوشەیەکی رونە. سنورەکانی کراوەن بۆ هەمو لایەک بەس بۆ خۆی و لەناوخۆیدا بازگەو سنوربەندی زۆرە. ئەوان بۆ دەوڵەمەندکردنی بۆچونەکانیان لەسەر دۆخی ئێمە جارجار بەچیرۆکی (کەرەکەی مەلای مەشهورە) راکانی خۆیان دەخەنەڕو!

ئەمەش واتای تێگەیشتنی ئەوان لە سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگای ئێمە، گەرچی بۆ کورد ئیتر درەنگ درەنگە بۆ نەناسینی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگای رۆژئاوایی.

سێیەم: ئەوان لەوە تێگەیشتون چارەسەری مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی کلیلییە بۆ دەستپێکی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەری بەشێکی گرنگ لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەی ناسیۆنالیستی لە تورکیاو ئێران و عەرەب (عێراق و سوریا) گرفتە عوقدەییەکەی بەردەم چارەسەری مەسەلەی کوردە. هەربۆیە بۆ نەگەیشتن بەو ئامانجە سیاسەتی پەرتکەو زاڵبە هاوبەشیەکی مێژویە لای نەتەوەکانی سەردەست و کورد خۆیشی لەمە زو ترازاوە.

چوارەم: پەرلەمانی ئەوروپاش کۆدو کلیلی خۆی هەیە بۆ دانانی کاریگەریی و دروستکردنی تێگەیشتنی هاوبەش. وەکو کوردێک پێموایە کردنەوەی ئەو کۆدە ئاسانە بەو مەرجەی بە کردار کورد خۆی بیەوێ پشتیوانی رۆژئاواو ناوەندێکی وەک پەرلەمانی ئەوروپا پەیدا بکات. ئەویش:

أ_ لەناوخۆدا سیاسەتێکی نیشتمانی پەیڕەو بکات لە رێگەی دامەزراوەی شەرعی و فەرمییەوە. مەلەفی پەیوەندیەکان لە جیاتی کەسی و بنەماڵەیی یا بەناو (حزبی) بە نیشتمانی واتە بە دامەزراوەیی بکرێ.

ب_ خۆ گونجاندن لەگەڵ پرەنسیپە گەردونییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان. ئەم بابەتە ناسنامەی نوێی کورد دیاری دەکات، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کورد خۆی حوکمڕانی دەکات پرسی داد پەروەریی و ئازادیە سیاسی و مەدەنییەکان و رەوشی مافەکانی مرۆڤ! تێگەیشتن لەم پرسە ستراتیژییە دەربازی دەکات لەدروشمەوە بۆ کردار. ئەم ئەرکە گۆڕانکاریی ریشەیی گەرەکە، ئەستەمە بەم کاستە حوکمڕانە تەقلیدیەو بەم مۆدێلە حزبییە دواکەوتوە بکرێ.

ج_ لە رێگەی پشتیوانی رەوەندی کوردیی و ئەکادیمیست پسپۆڕەکانی کورد لە زانکۆکانی دونیا کە زۆرمان هەیە، بەسانایی دەتوانرێ زمانی هاوبەش بۆ کردنەوەی کۆد لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا دروست بکرێت. چونکە ئەو ناوەندانە پشت دەبەستن بە رای غەیری سیاسەتوان و پەرلەمانتارو دیپلۆماتەکان. چ لە رێگەی توێژینەوەبێ یان دیداری راستەوخۆو ناراستەوخۆوە بێ. ئەمەش بۆ هەردو لا واتە بەشداری پێکردنی ئەوانی تریش لەناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار، کورد هێشتا ئەم بابەتەی بەهەند وەرنەگرتوە. زمانی هاوبەش بریتیە لەو زمانەی کە بەبڕواوە لەسەر پرەنسیپە جیهانییە هاوبەشەکان دەوەستێ، بەداخەوە کاک مەسعود لەم ناوەندە بە زمانێکی تر لەسەر پرسی چارەنوس کەوتە گفتوگۆ لەگەڵیان.

د_ روداوەکانی ئەم دواییە دەریخست پەیوەندی نێودەوڵەتی چەند گرنگەو ئەوەی لەم ساڵانەی دوایدا لەم مەلەفە لە باشوری کوردستان کراوە تەنیا هاتوچۆیەکی بێ کۆنوس و بێ پرۆتۆکول و نافەرمیی بوە. حساب نەکردنیش بۆ ئەم ناوەندانە باجەکەی گرانەو بۆ کورد ئەرکە، خەباتە، کارە، گەر بتوانێ دانەبڕێ لە دونیا بەتایبەتی ئەوروپا.

ئاکام کورد هەم پێویستی بەتێگەیشتنی وردە لە کاری دیبلۆماسیی و لۆبیکردن و هێشتا دەرفەتی زێڕینی لەبەردەستە بۆ پەیداکردنی پشتیوانی و دیموکراتیزەکردن. بەتایبەتی ئەمڕۆ لەپاڵ ئەزمونی پڕ قەیرانی باشوردا ئەزمونی نوێی درەوشاوەی رۆژئاواشمان هەیە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە