تەنها (51%)ی خاك نیە، هەرێم (50%)ی دەسەڵاتیشی لەدەستداوە!

سیروان رەشید

بڕیاری هەڵەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەهۆی عینادی و سەركێشی بارزانی و حیزبەكانی ناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و، گوێ نەدان بە ئامۆژگاری دەنگە نارازیەكانی ناوخۆو ئەمریكاو بەریتانیاو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەرەشەكانی بەغداو تاران، هەڵەی ستراتیژی و كارەساتی گەورەیان بۆكورد خستۆتەوە، كە زیانەكە هەر لەدەستدانی كەركوك و 51%ی خاكی باشوری كوردستان نیە، بەڵكو بەغدا بەشێكی گەورەی دەسەڵاتیش لە هەرێمی كوردستان سەندۆتەوە. كە دیارترین ئاماژەكانی بریتین لە:

یەكەم: هەردو فرۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی تەنها بە روكەش لای حكومەتی هەرێم دەمێننەوەو، جومگە گرنگەكانی: كۆنترۆڵكردن و رێگەنەدان بە نیشتنەوەی هەمو فرۆكەیەك بەبێ ویستی بەغداو سیكۆرتی و ئاسایشی فرۆكخانەكان و هەروەها كرێی فرۆكەخانە مەدەنیەكان و حساباتی كرێی نیشتنەوەی فرۆكەو باجی مانگانەی گەشتیاران و، دانانی رێكخەرێك بۆ هەردو فرۆكەخانەكە لەلایەن بەغداو بەرێوە دەبرێن.

دو:  لەسەر ئاستی پێگەی دیبلۆماسی و پەیوەندی بەدەرەوە، لێرە بەدواوە، بەبێ رەزامەندی بەغدا، هیچ سەرۆك وڵات و وەزیرو شاندی دیبلۆماسی نێودەوڵەتی ناتوانێت راستەوخۆ بێنە هەرێم.

سێ‌: لەسەر ئاستی ئابوری، سەرباری ئەوەی هەرێم دەبێت داهاتە ناوخۆییەكان و گومرگ و خاڵە سنوریەكان تەسلیمی بەغدا بكات، هەرێم سێ كێڵگەی نەوتی گەورەشی لەناوچە جێناكۆكەكان لە دەستداوە كەپێك دێن لە (535) بیرەنەوت، كە داهاتەكەی بۆ هەرێم رۆژانە (375) هەزار بەرمیل بو.

چوارەم: گۆڕینی تەرازوی هێز لەنێوان هەرێم و حكومەتی عێراق دا. هەرێم وەك دۆڕاو بەغداش وەك براوەی جەنگ دەردەكەوێ و، ئەو گۆڕینی پارسەنگی هێزەش مەترسی و لێكەوتەی تەریك كردن و بچوك كرنەوەی قەبارەی دەسەڵاتی كوردی لەبەغدا بەدوادا دێت، كەسەرەڕای ئەوەی ئەمجارە كورد لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، كورسیەكانی لە بەغدا بۆ 50 تا 55 كورسی دادةبەزێت، لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراقیشدا ئەمجارە حكومەتی تەوافوقی دیموكراسی پەیرەو ناكرێ و حكومەتی زۆرینەی سیاسی پێك دەهێنرێ‌، كە بەدڵنیاییەوە كورد ئەو پێگەیەی لە حكومڕانی بەغدا نابێت كە ئێستا هەیەتی.

پێنجەم: لەسەر ئاستی دۆزە نەتەوەییەكەمان، هەڵەی ستراتیژی ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەرێمی كوردستانی لە ناوچەكە و لە دونیادا تاك و تەنیا و بێدۆست كردو دۆزی نەتەوەیی كورد و سەربەخۆی كوردستانی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بۆ چەند قۆناغ و دەیەیەك گەڕاندەوە دواوە. ئێستا كورد هیچ دۆستێكی لەجیهاندا نەماوەو پشتیوانی ئەمریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساش، بەهۆی عینادی بارزانی و بڕیاری هەڵەی پارتی و یەكێتی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەدەست چو!.

ئەم كارەساتەی ئێستا بەسەر بەسەر كورد دا هاتوە هیچی كەمتر نیە لە نسكۆو شكستی ساڵی 1975، كە بارزانی و حیزبەكانی ناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بەرپرسن لەم شكستەو مێژوش وەك خاڵێكی رەش بۆیان دەنوسێتەوە!.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە