عەفرین خاڵی وەچەرخان دەبێت

تەیب عەبدولرەحمان

ئەگەر تۆزێک بگەڕێینەوە بۆ شریتی روداوەکان ھەر لە گرێبەستی گوماناوی پەنجا ساڵە و ئابوری بەناو سەربەخۆ و رادەستکردنی شەنگال بەداعش و ئابڵوقەی سەر رۆژئاواو داخستنی دەروازەی سێماڵکا و ریفراندۆم ئەوە بۆمان دەردەکەوێ ھەمو ئەم ھەنگاوانە کە نران لە لایەن لایەنێکی باڵادەستی ئەم ھەرێمە، سەرجەمیان حکومەتی تورکی لەپشتەوەبو، ھەمو ئیعازەکان لەئەنقەرەوە بۆ ھەولێر دەھات و دەرکەوت ھەولێر تەنھا نەخشە رێگای ئەنقەرە جێبەجێ دەکات.

بەر لە سێ مانگ من لەوتارێکدا ئەو ئەگەرەم خستەڕو کە بۆچی بارزانی ھێندە پێداگری دەکات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەکاتێکا ھەمو جیھان ھۆشداری دەدەنێ لەئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە، لە درێژەی وتارەکە تیشکم خستە سەر خوێندنەوەیەک کە ئەمەریکا لە ساڵانی داھاتو دەیەوێ کورد بگەیەنێتە سەر دەریا و باشور و رۆژئاوا بەشێوەیەک لە شێوەکان بەیەکەوە بلکێنێ و لەسەفقەیەکی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ روسیا مانەوەی ئەسەد بەرامبەر بە بەدیفاکتۆی کورد لەرۆژئاوا.

ھەربۆیە تورک لەرێگای ھاوپەیمانەکەی لەھەولێر ویستی ئەو پرۆژەیە شکست پێ بێنێ لەرێگای ئەنجامدانی ریفراندۆم کە لەو رێگایەوە چەند چۆلەکەیەک بە بەردێک دەپێکێ، یەکەم کارتی ریفراندۆم دەسوتێنێ و خەونی باشور لە گۆڕ دەنێ، دوەم پرۆژەی ئەمەریکی پوچەڵ دەکرێتەوە، سێھەم باری ئابوری ھەرێم و پێگەی سیاسی ھێندەی دیکە لاواز دەکات و پاش ئەوەی نەیتوانی شکست بەم پرۆژەیە بێنێ، ئەمەریکا کاردانەوەی توندی ھەبو بەرامبەر ھاوپەیمانەکەی لەھەولێر و سەرۆکەکەی ناردە ماڵەوە و رۆڵی حیزبەکەی سنوردار کرد و لەرۆژئاواش بڕیاریدا ھێزێکی نیزامی پەنجا ھەزارکەسی لەشەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل دروست بکات.

ھەربۆیە ئەنقەرە دەستی بۆ دوا کارتی خۆی برد ئەویش ھێرشکردنە سەر کانتۆنی عەفرین و دواتریش مەنبەج و بەرەو تەواوی ھێڵی تەماس لەسەر سنوری تورکیا .پێدەچێت ئەمەریکا بیەوێ تورک بخاتە ناو زۆنگاوی جەنگێک کە دەرئەنجامەکەی نەزیفێکی بەردەوام بۆ چۆکدادانی ئەنقەرە بۆ پرۆژە و نەخشەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە. رەنگە ھێزەکانی دەوڵەتی تورک زیان لە رۆژئاوا بدەن و گورزی بەھێز بوەشێنن، بەڵام بەدڵنیایەوە ئەنقەرە شکستی گەورە بەدەست دێنێ، سەرئەنجام ئەمەریکا ئەوەی خۆی دەیەوێ ئەوە جێبەجێدەکات دەوڵەتێک کە گەروی بە دەریاوە دەبێت دورست دەکات و دەیکاتە دراوسێی ئیسرائیل و لەوێوە لە ئایندەی دورمەودا گەرەنتی ئابوری و سیاسی و ئەمنی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دەستەبەر دەکات .

دەبێت لایەنە نیشتیمانیەکانی کورد زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە ھەستیارە بکەن و رێگەنەدەن چی دیکە لایەنێک ببێت بە جێبەجێکاری ئەجندای ئەنقەرە و لەرێگای میدیاکانەوە و ھەمو ھەوڵێکی ئایندەیان پرۆتستۆ و شەرمەزار بکەن و گەلی کوردی لێ ئاگەدار بکەنەوە لەکات و ساتی خۆی، بۆ زیاتر لەقاڵبدانی ھەژمون و جەماوەر و جوڵەی گوماناوی سیاسی و جەماوەری.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە