(سبەی):
زیاتر لە (170) كه‌سایه‌تی توركیا له نامه‌یه‌كدا بۆ په‌رله‌مانتارانی پارتی دەسەڵاتدار داوای راگرتنی له‌شكركێشی سوپای وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر عه‌فرین و هۆشداری دەدەن کە ئه‌و له‌شكركێشییه دۆخی ناوخۆی توركیا تێكده‌دات.
ئه‌و كه‌سایه‌تیانەی کە ئیمزایان کردوه، وه‌زیر و په‌رله‌مانتاری پێش‌و و نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس و هونه‌رمه‌ند و چالاكیان تێدایه و له نامه‌کەدا بۆ په‌رله‌مانتارانی ئاكه‌په رایانگه‌یاندوه: ئاشتی و ئارامییان له ناوچه‌كه ده‌وێت نه‌ك هێرش بۆ سه‌ر خاكی عه‌فرین كه به‌شێك نییه له خاكی توركیا، ئه‌و هێرشه‌ی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین به هۆكاری دروستكردنی شه‌ڕو ئاڵۆزی ناوده‌به‌ن.
رایانگه‌یاندوه؛ هێرشی سوپای توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ئاشتی و ئارامی ناوخۆی توركیا تێكده‌دات به تایبه‌ت كاریگه‌ریی خراپ له‌سه‌ر هاوڵاتیانی كورد له توركیا دروست ده‌كات.
له كۆتای نامه‌كه‌دا داوایان كردوه؛ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاكه‌په به‌په‌له بڕیاری راگرتنی شه‌ڕ بده‌ن و به‌كارهێنانی هاوكێشه‌ی هێز ره‌تبكه‌نه‌وه.