عەفرین دەبێتە دەروازە بۆ نەتەوەیەک

نەبەز جەلال

کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بەدۆخێکی قورسی مێژویی گەرمی شەڕی ناڕەوا و بەرگری کردنێکی  توندی ململانێی راستەقینەی نەتەوەیی بونی خۆیدا گوزەر دەکات.

باشوری کوردستان پاش (26) ساڵی حوکمڕانی لەدەستکەوتی گەورەوە گەیشت بەشکست و بەرهەمی دەستکەوتەکەی بوە ئازارێکی قورسی رۆحی و دەرونی بۆ سەرتاسەری خەڵکی کوردستان، روداوی بەدەستەوەدانی نیوەی خاکی باشوری کوردستان بە هۆکاری شکستی بەڕێوەبردن و پاوانخوازی دەسەڵاتی دو پارتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و زۆرانبازی هێزی بەناو براوەکان بو بۆ سەرکەوتن و دیاریکردنی دێڕێکی زەقی درۆینەی کاری نەکردە لەمێژوی گەلێکی بەشمەینەتدا بو بۆ تاکێکی هەڵچنراو.

بە پێچەوانەی چاوەڕوانی دەستکەوتەکەشییەوە بوە مایەی دڵشکاندنی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و بێ ئومێدی و پەرتبونی ماڵی کوردو بچوککردنەوەی دۆزی کورد لەدونیادا کە کورد تێیدا گەیشتبوە لوتکە، هێزی بەرگریکار و دڵسۆز و وڵاتپارێزی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە لە کۆبانی و ناوچەکانی تردا بونە سیمبولی بەرگری و بەرخۆدان و مایەی سەربەرزی کورد و سەرخستنی پرۆسەی رزگاری ئازادی بۆ نیشتیمان بەرهەمیان دروستکردنی کانتۆنەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی خەڵک بو بۆ خەڵکەکەی خۆیان و نیشتیمان.

بەدڵنیایی بەردەوامی مانەوە و بەرگریکردنی ئەم هێزە کوردستانیانە لە رۆژئاوادا دەبێتە مایەی سەرکەوتنی زیاترو گەڕاندنەوەی شکۆی راستەقینەی نەتەوەو کوردبونێکی راستەقینە بۆ خەڵکی کوردستان و خاکەکەی نەک وابەستە بەحیزبی فەرماندە و تاک پاڵەوان و دەسەڵاتە بازرگانییە گوماناوییەکانیان لە پارچەکانی تری وڵاتدا.

بێگومان شکستی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا دەبێتە شکستی تەواوی خەڵکی کوردستان و دواکەوتنی کورد لە بەشداریپێکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ناوچەکە لە نێوان زلهێزەکان و نەخشە نوێیەکەیدا بۆ گۆڕانکاری.

تورک دوای تەواوبونی جەنگی نابەرابەری دژ بەکوردانی عەفرین ناوەستێت، ملهوڕییەکانی زیاتر دەکات و دەستی زیاتر درێژدەکات لە پێناو دروستکردنی پشتێنەیەکی دڵنیایی پارێزراوی تۆکمەتر و دورتر لە سنورەکانی بەرکەوتنی خۆیی لە نێو خاکی تورکیادا.

پلانی دانان و لێدانی سەنگەرەکانی بەرگریکردنی خۆیان زیاتر دەکەن  لە چوارچێوە دیاریکراوەکەدا بۆ گۆڕەپانەکانی شەڕ و هێڵی ئاگرینی بەرکەوتن لەو شوێنەی ئەوان ناوی دەبەن دوژمن! بە مانایەکی تر هەمو ئەو ناوچانەی بەجێ دۆستنشین و تورکنشینی خۆیانی دەزانن دەیگەڕێننەوە نێو باوەش و ژێر باڵی پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەی سوڵتان و دەیکەنەوە ماڵی تورکی خۆیی و دەستی بێ مەقاشی بێکێشەو راستەوخۆی خۆیان دەبن بۆ هەرێمی کوردستان و شەڕ دەخەنەوە نێو ناوچە تورکنشینەکانی هەرێمی باشورەوە بە شارەکانی هەولێر و کەرکوک و موسڵیشەوە بۆ گەیشتن بەدوا خەونی میرنشینی سوڵتانەوە لە باشوری کوردستان.

بەرامبەر هەمان دۆخی دابەشکراوە لە ناوچەی زۆنی سلێمانی و گەرمیاندا بۆ ئێران و بێبەش نەکردنی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە حوکمڕانی پێبڕاو و لەسەر دابەشکردنی هێز لەسەر و ئەگەرەکانی دەسەڵات لە بەدەستهێنانی دەسەڵات لە ناوچەکەدا.

دەربڕین و جوڵە و هەڵسوکەوتەکانی ئەردۆغان ئاسایی نین، فۆرمێکی جیاواز لە هەڵسوکەوتێکی زلهێزانەیی زیاترە بەرجەستە دەکات ، وەک لە دەست و دەسەڵاتی سەرکۆمارێکی تورکیا بۆ پەلکێشکردن و کۆنترۆڵکردنی زیاتری ناوچەکە  ئەوەی بۆتە جێیی ململانێی ئەمریکا و روسیا و بەشێکی ئەوروپا لە گەمە گەورەکە و بۆرسە جیهانیەکەی ناودەبرێت. گوژمی هێرشەکانی تورکیا کە دەیکات سەر رۆژئاوا بۆ ئەوەیە بەرگرییەکەی پتەوتربێت و نایەوێت هیچ لەو گۆڕانکاریانەی دێنە ناو بازنەکەوە پریشکی ئاگری بەر وڵاتی تورکیا بکەوێت و خاکەکەی بەپارێزراو بهێڵێتەوە لەم جەنگە کە ئاراستەی فراوانبونێکی زۆر گەورەتری لێ چاوەڕوان دەکرێت.

لێرەدا بەرپرسیارێتی  هێزە کوردییەکان و بەتایبەتیش لە ناوچە و شوێنی بەرکەوتنەکەدا هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت لە دۆخی بێدەنگی و سڕبونیاندا بۆ باکور بێنە دەرەوە و دۆخی نەخوازراوی ئێستای کوردستان بکەنە مەشخەڵی بەرخۆدان و تروسکایی ئازادی راستەقینە و بڕیاری تەواو و هەڵوێستی خۆیی بەرامبەر ئەم دۆخە بخەنە نێو زەمینی سیاسی و جوڵەی ئەرێنی باکوری کوردستان و تورکیاوە و هێزی سەرتاسەری خۆی بکاتە جێی سەنگ و مەحەکی یەکلایکردنەوەی دۆزی کورد و کوردستان، لە پاڵیشدا هەرجۆرە چالاکیەکی تری  کە لە توانایدا هەیە بۆ جێبەجێکردن بێ سڵەمینەوە بخاتەگەڕ بۆ گەیشتنی هەرچی زوترە بە ئامانج و لە دەست نەدانی ئەم کاتە گرنگ و گونجاوەی بۆتە دەرفەت بۆ هەمو خەڵکی کوردستان و خودی بەدەستهێنان و گەیشتن بەمافەکانی گەلی کورد لە کوردستان.

ئامادەکاریش بخوڵقێت بۆ تێگەیشتنێکی سروشتیانەی هێزەکانی باشوری کوردستانیش لە وەرگرتن و قۆستنەوەی ئەم چانسی گەورەبون و یەک ماڵییەی کورد و دەست لەو خۆبەدەستەوەدان و ملکەچییە ناوچەییانە هەڵبگرن و دۆزی راستەقینەی کوردستان بخەنە پێش هەر ویستێکی تاکی و حیزبی و بازرگانییەوە بۆ تەواوی  مافەکانی خەڵک و خاکی کوردستان بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن.

یەکانگیر لەگەڵ گشت ئەمانەشدا دەبێت رەوەندی کوردییش دەست لە ناودەست ، تێکۆشانەکانیان یەک بخەن و لۆبیەکی سەرتاسەری پێکبهێنن ، دەنگ و ڕەنگی کوردستانیان بخەنە خزمەت پرۆسەی ئازادکردن و سەربەخۆیی کوردستانەوە .دەنا بە دڵنیایی کاتی لەدەستدانی ئەم جۆرە هێرش و پەلاماردانانە دەمانبەنە قەراغی لەبیر بردنەوە و پەراوێز خستنێکی سەرتاسەری و دەبینە دواکەوتەی پرۆسەی سیاسیەکەی خۆرهەڵاتی ناوین.

گەلی کوردیش دەگەڕێتەوە دۆخی جاران و دەبێتەوە بە بن دەستێکی سەرکوتکراوی دۆڕاو لە گۆڕەپانی جەنگ و چانسی  دروست بونەوەی رۆژێکی وەک ئەمڕۆمان بە سەدان ساڵی تر بۆ ناڕەخسێت لە بەخت و تەختی مێژودا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە