بەرخودانی عەفرین.. پاراستنی نیشتمان یان نوخبەی دەسەڵات؟!

ئاریان رەئوف

بەرخودانی شەڕڤانان لەعەفرین و کۆبانی دژ بە داعش و سوپای تورکیاو میلیشیا توندڕەوەکانی سوریا لە لایەک، هەڵاتن و پاشەکشە لە شەنگال و کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان لەلایەکی تر، ئەو پرسیارەمان لا دروست دەکات هۆکارەکانی شکست لە باشورو سەرکەوتن لە رۆژئاوا چین؟ هەروەها لە کوێدا پاراستنی نیشتمان ئامانجە لە کوێشدا پاراستنی نوخبەی دەسەڵات مەبەستە؟

خوێندنەوەو بەراودکردنی شکست و سەرکەوتن لە نێوان رۆژئاوا و باشور کارێكی ئێجگار گرنگە بۆ ئەوەی راستیەکان بزانین، بەهۆی ئەوەی هەڕەشەو هێرشەکان تارادەیەکی زۆر نزیک و هاوتای یەکن، بۆ نمونە ئەگەر سەرەتا بەراوردی هەڵاتنی هێزەکانی پارتی بکەین لە شەنگال لە بەرامبەری هێرشی داعش لە ئابی 2014، ئەم پاشەکشەی هێزەکانی پارتی بوە هۆی ئەوەی داعش ببێتە هەڕەشەی سەرەکی لە سەر هەرێم، چونکە ئاستی لاوازی بەرگری باشوری بۆ دەرکەوت، ئەگەر هاوکاری و پاڵپشتی هاوپەیمانان نەبوایە داعش زۆری نەمابو بڕواتە ناو هەولێر، ئەم هێرشەی داعش بۆ شەنگال هاوتایە بە هەمان هێرشی داعش بۆ کۆبانی لە ساڵی 2015، بەڵام لە کۆبانی بەرخودان بەردەوام بو تا شەڕڤانان سەرکەوتن، ئەم سەرکەوتنەش بو بەهۆی ئەوەی لە ئاستی رای گشتی جیهانی هاوسۆزی بۆ رۆژئاوا بە تایبەتی و کورد بە گشتی پەیدا ببێت بەمەش پاڵپشتی سیاسی و هاوکاری سەربازی بۆ رۆژئاوا دەستی پێکرد و پێگەی رۆژئاواش لە ئاستی نێودەوڵەتی بەهێز بو. لە لایەکی تریشەوە ئەم شکستەی داعش لە کۆبانی سەرەتای دەستپێکردنی هەرەسی دەسەڵاتی قەڵەمڕەوی داعش بو کە پێش ئەم شکستە لە ئەوپەڕی بەهێزبونیدابو.

بەرخودانی شەڕڤانان دژ بەهێرشی سوپاسی تورکیا و میلیشیاکانی سوریا  لە ئێستادا هاوتای هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیە بۆ سەر کەرکوک و سەرجەم ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کە لە ماوەی کەمتر لە 24 سەعات نزیکەی (51%)ی خاکی باشور بە بێ بەرگری هێزەکانی پارتی و یەکێتی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، خۆ ئەگەر پاساوی یەکێتی و پارتی ناهاوتایی چەک و تەقەمەنی بو لە گەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئەوا خۆ سوپای تورکیا سەرەڕای هێرشی زەمینی لە رێگەی فرۆکەی جەنگی هێرشی ئاسمانیش دەکاتە سەر شەڕڤانان لە هەمانکاتدا یەکێکە لە سوپا هەرە گەورە و رێکخراو و پۆشتەکان لە روی چەک و تەقەمەنی، کەچی شەڕڤانان بەوپەڕی بڕوا و ورە و هێزەوە بەرگری لە عەفرین دەکەن تاکو ئێستا نەیانهێشتوە سوپای تورکیا پێشڕەوی ئەوتۆ بکات، کەچی لە باشور بە پێچەوانەوە هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئەوەندە بەرگریان نەهاتە رێ لە هەندێ ناوچە تاو ئەو شوێنانەش هاتن کە لە ساڵی 1991 لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بون.

ئەم نا هاوتایە لە بەرگری لە نێوان رۆژئاوا و باشور پەیوەندی بە هێزی شەڕکەر هەیە (سوپا)، وەک دەبینین هێزی شەڕکەر لە رۆژئاوا ئەگەرچی مێژوی دامەزراندنی کەمتر لە حەوت ساڵە، بەڵام هێزێکی رێکخراو و یەکگرتوە و رۆڵی سوپایەکی نیشتمانی دەبینێت کە ئامانجی بەرگری کردنە لە نیشتمان، وەک ئاشکراشە ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی هەر سوپایەک بۆ بەرگریە لە نیشتمان لە هەر هێرش و هەڕەشەیەکی دەرەکی، بەڵام بە پێچەوانەوە لە باشور هێزەکانی بەرگری فرە جۆرن و ئەم هێزانە یەکگرتونین لە ژێر کۆنترۆڵی زیاتر لە چەند سەنتەرێکن کە بەرژەوەندیەکانیان لە یەکتر جیاوازە و دابەشبون بەسەر خواستی هێزە ئیقلیمیەکان، هەروەها توانای رێکخستن و بەرگری ئەم هێزانە بە گوێرەی توانای بەرگریکردنە لە هێرشەکانی هاوتاکەی (مەبەست هێزی پارتی بەرامبەر هێزی یەکێتی یان بە پێچەوانەوە) نەک بۆ بەرگری لە هێرشی دەرەکی شکستی لەشەنگال لە ئابی 2014 و شکست لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان سەلمێنەری ئە راستیەن. لە لایەکی تریشەوە پارتی و یەکێتی متمانەیان بەوە نیە هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی هەبێت، چونکە لە لایەک دەترسن کۆنتڕۆڵی ئەو هێزە نیشتمانیە لە دەستی یەکێکیان بمێنێتەوە ئەوی تریان لاواز بکات، لە لایەکی تریشەوە نەبونی هێزی نیشتمانی زامنی مانەوەیان لە دەسەڵات مسۆگەرتر دەکات، هەربۆیە  یەکێتی و پارتی هێزیان بۆ پاراستن و بەرگری لە خۆیانە نەک پاراستنی نیشتمان، هەر ئەمەشە هۆکاری شکست لە باشور و بەردەوامی بەرخودان لە رۆژئاوا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە