عەفرین لە بەراوردی هێزی داگیرکەری تورک و بەرخۆدانی گەلەکەمان!

ئاسۆ حامدی

تاکە هێز کە گەلی ئێمە هەیبێ بۆ بەرگری هەقانیەتی مەسەلەی گەلەکەمانە کە دەمانەوێ بە ئازادی و ئاشتی بژین لە کۆمەڵگای فرە کەلتوری وەکو شاری قەشەنگی عەفرینا رەنگین. ئەوە بۆ چەندین رۆژە بەرگریەکی بێ وێنە دەکرێ بەرامبەر هێزێکی سەربازی کە خۆ بە دوەم سوپای ناتۆ دەناسێ و توانای برینی سنوری چیا و گردەکانی عەفرینیان نیە سەرەڕای ئەم هەمو ئیمکاناتانەی لەبەردەستیانە. تاکە ترسمان دوبارە بونەوەی ئەو وەزعەیە کە کورد لە شەڕ سەردەکەوێ و لە ئاشتی دەدۆڕێنێ.

هێزی فاشیزمی ئەردۆگان زۆر هۆکاری بەدەستەوەیە، هێزی سوپا و چەکی ناتۆ، هێزی دیپلۆماسی و هێزی میدیای زەبەلاح، بەڵام ناتوانێ روی داگیرکەر و رق و کینەی دژی نەتەوەی کورد ماکیاژ بکات. ئەو کابرایە هەمو کێشە ناوخۆییەکانی بەشێوەی جیاجیا تەسفیە کردو بۆی چوەتەسەر. هەر لە چوارچێوەی ئینقلابە کارتۆنیەکەی جەماعەتی گولەن، تا دەگاتە هێرشی بۆ سەر هەدەپە و زیندانی کردنی سەرکردە قارەمانەکانیان و گێڕانەوەی تورکیا بۆ بازنەی سەرکوتی ئیسلامیستی و زیندوکردنەوەی خەونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. ئەمجارەش لە کاتی ریفراندۆم هەمو هێزی خستەگەڕ دژی گەلی کوردو هەمو ئاوات و خەونەکانی نەتەوەی کوردی بۆ چەندین دەیە دورخستەوەو رابەران و سەکردە سیاسیە کوردەکانی خستە ژێر پرسیارەوە و بەشداربو لەم گەلە کۆمەکیە ئیقلیمیەی کە کوردی لە باشور بەم دەردە برد. دوبارە هاتینەوە سەر مەقولەی کورد تەنها چیاکان هاوڕێمانن.

دژایەتی حکومەتە فاشیستەکانی ناوچەکە و یەکگرتنیان لە کاتی پێویستدا دژ بە مەسەلەی کورد شتێکی نوێ و شاراوە نیە. هەمو فاشیزمی گەلە باڵا دەستەکان هەمان هەنگاویان ناوە جا چ فاشیزمی فارسی، عەرەبی یان تورکی بێت. ئەردۆگان بەئاشکرا هەمو گەلی کورد دەکاتە تیرۆریست، بەڵام خۆی ئەم هەمو کارە تیرۆریستیە دەکات سنور دەبڕێ ژن و منداڵ و پیر  و داروبەرد تۆپباران دەکات خۆی فریادڕەسەو دژی گەلی کورد نیە، بەڵکو دژی پەکەکە و پەیەدەیە. وا دەزانێ نەوەی کورد بەمە فریو دەخوا، هێرش بۆ سەر عەفرین بەمانا وشەکە سەرەتایەکە بۆ سەرکوتی هەر بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی کورد لە ناوچەکە، بە خودی کوردە بە کرێگراوەکانیشەوە هیچیان پێ رەوانابینێ.

دور لە سۆزی نەتەوەیی، بە زانستی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە زۆر گرنگە و هێز و تواناکانی گەلی خۆمان بزانین، بەڵام ئیرادەی گەل گرنگە دەبێ میللەت گرەو لەسەر ئەم ئیرادەیە بکات و قوربانی بۆ بدات، بەڵام هێشتا کافی نیە. دەبێ لاوانی گەل لەم نێوەدا هەمویان یەک راو هۆشیاربن. چونکە هەر ئیرادە و سۆزی نەتەوەیی کافی نیە، بەڵکو لە کاتی شەڕدا دەبێ دیسپلین و خوتەی شەڕ و چەک و تفاق و فرت و فێڵ و تاکتیکی سەربازی و خۆشاردنەوەو هەڵاتن و ئینسحاب و هێرش و بەڕێوەبەری دروستی دەوێ. لە هەمان کاتدا گەل دەبێ بەردەوام زەخیرەی کافی لانیکەمی بەرەنگاری هەبێ و دواتریش ئەلتەرناتیڤی جیاجیای هەبێ.

هێزی ئەڵتەرناتیڤمان بۆ بەرگری لە عەفرین چاکترین رێگا و ناخۆشترین یان راپەڕینی شارەکانی کوردستانی باکورە، هەر لە ئامەد تا ئەستەنبۆل دەبێ گەل دەست بۆ ناڕەزایەتی جیاجیا ببات. ئەگەر ئەمە بو ئیدی سوپای تورکیا ناتوانێ بچێتە نێو عەفرین و ئەڵتەرناتیڤەکانیان یانی سوپای ئازادی بەکرێگیراویان بە کوردەکانیشەوە ناتوانن هیچ کاریگەریان هەبێ. بۆ ئەم هەنگاوەش دەبێ رابەرێکی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش لە کوردستانی باکور هاوار بکات گەل بڕژێنە سەر شەقام و ئیتر گەل تەحەمولی نەما چۆن بۆ کۆبانی کردیان ئاواش دەبێ بۆ عەفرین بکرێت، ئەمەش قوربانی دەوێ. هەروەها هەمو گەل لە پشتیوانی بەردەوامدا بێ ئەوکات عەفرین توانای خۆڕاگری دەبێ. ئەگینا تورکیا ئەگەر لە شەڕیش شکستی هێنا ئەوە بە فێڵێکی دیپلۆماسی و تەنازولێکی ئیقلیمی گرەو دەباتەوە.

کورد ئەگەر یەکگرتوبێ چ سەرکەوتو چ ژێرکەوتو قازانجی زۆرترە لە پارچە پارچەیی، عەفرین دیسان شەقامی کوردی یەکخستەوە هەمو گەل دژی ئەم شەڕەیە و بەگشتی هەموی پشیتوانی یەکن.

بەرگری سەربازی گرنگە لە چوارچێوەی مەسەلە سەربازیەکان، بەڵام گەلی ئێمە دەبێ هەمو وەسایلەکانی تر بگرێتە خۆ. ئەم هەژاریەی گەلەکەمان تەواو نابێ لە هەمو مەیدانەکانی بەرهەمهێنان و دیپلۆماسی و میدیایی دا بەڵام مەسەلە رەواکانمان ئیرادەی بەهێزی ئێمەیە ئەمەش دەبێ بە زیرەکانە بەکاریان بێنین نەک نەک وەک ئەوەی کە هەیە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە